كۆمەڵگەی كوردی، كۆمەڵگەیەكی تا سەر ئێسك نەخۆش!
Nov 13,2008 00:00 by kurdistanNL

ستار محەمەد قادر:
 
Star_qadr@yahoo.com
 مرۆڤ كاتێك هەست بە ئازارەكانی ناخی خۆی نەكات، لە ئازاری دەورووبەرەكەی ناگات! هەر كاتێك ئێمە توانیمان دەست بۆ خەوشەكانی خۆمان درێژ بكەین، ئەو كاتە بیر لە میكانیزمێكی گونجاو دەكەینەوە بۆ درێژە دان بە ژیانێك، كە هیچ نەبێت تەندرووست تر بێت لەوەی ئێستا كە پڕە لە خەوش!
 رەنگە ئێستا كەم كەس هەبن كە پرسیاری ئەوە بكەن بۆ تا ئەم ساتە وەختەو ئەم سەردەممە كە كۆمەڵگەی مرۆیی زۆرێك لە قۆناغەكانی كرد بە یادەوەریی و سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیشیی لە كاروانەكە خستە دواوەو توانیان لە رێگای شۆڕشی تەكنۆلۆژیاوە سەرتاپای دونیا بۆ گوندێك بچووك بكەنەوەو بە یارمەتی رەگەزەكانی نێو ئەو شۆڕشەوە مۆنۆپۆلی هەموو گۆی زەوی بكەن،  ئێمەیش تازە بە تازە ئەوە دوو پات دەكەینەوە كە جاران زۆر لە ئێستا خۆشتر دەژیاین و ساڵ بە ساڵ زیاتر گوێ بیستی ئەوە دەبین كە خۆزگەمان بە پار؟!
 ئایا ئەمە بە مانای ئەوە نایات كە ئێمە جارێ بە تەواوەتی لە چەمكی ژیان و ماهییەتی بوونی خۆمان نەگەیشتووین؟ چونكە بوون لە فەزای ئێمەدا، جگە لە بوونێكی تەقلیدیی كلاسیك، تا ئێستا هیچ تێڕوانین یان دیدگایەكی سەردەمییانەی نییە و لە سەر نەریتێك درێژە بە ژیانمان دەدەین كە چەمكی گۆڕان لە ناویدا غائیبە.
 بوونی منداڵێكی زۆرو زەوەند بە بێ بەرنامە رێژی، لە فەزایەكدا كە لە رووی پێداویستییە سەرەتاییە ئاساییەكانەوە كەم و كوڕییەكی زۆری هەبێت، هەر ئەو دەرەنجامەی لێ دەكەوێتەوە كە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیانبینین، یان بوونی كوڕ بۆ پشتیوانیكردنی باوك و دایكی لە دووا رۆژەكانی ژیانیاندا، ئەمانە ئەو چەمكانەن كە ئێمە لە سەریان درێژە بە ژیان دەدەین، ئەگەر كچیش بێت ئەوا دەبێت لە ناو سیستەمی پیاو سالاریدا تا لە ژیاندایە هەست بە مرۆڤ بوونی خۆی نەكات!
 كۆمەڵگەیەك لە رووی ژێر خانی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی و كلتوورییەوە لە ژێر خاڵی سفرەوە بێ و تا ئێستا بیری لەوە نەكردبێتەوە كە بە شوێن میكانیزمێكی نوێدا بگەڕێت بۆ درێژە دان بە ژیان، دەبێت لە شوێن رووناكیی تاریكایی و لە شوێن بەرەو پێش چوون بەرەو دواوە بگەڕێتەوە و هەموو شتەكانیشی لە دەستی قەدەردا بێت!
  درووستكردنی خێزان ئەو چەمكەیە ئێمە دەبێت لە سەری رابووەستین و هەڵوەستە بكەین، چونكە ئەگەر ئێمە بمانەوێت تا سەر ئەوانەی وا لە دووای خۆمان دێن، كۆپییەكی راستەو خۆی ئێمە نەبن؟ ئەوا دەبێت چاو لەو بەرهەمە بكەین كە ئێمە لە كاروانی ژیانماندا دووریومانەتەوە! ئەگەریش بە سینەیەكی فراوانەوە بگەین بەو راستییەی كە بەرهەمی ژیانی ئێمەێل شتێكی ئەوتۆ گرنگی تێدا نەبووە كە جێی باسكردن و خۆبادان بێت، ئەوا دەبێت بە لە خۆبووردنەوە دەسبەرداریی ئەو شێوە ژیانە ببین و ریفۆرم قبووڵ بكەین.
 ئەمڕۆ ئەگەر ئاوڕ لەو پانتاییە بدەینەوە كە كۆمەڵگەی كوردی لە كوردستانی ئێراقدا ژیانی لە سەر دەكات، دەبینین پڕە لە جەنجاڵی و سەر لێشسێواوی، هەر لە پێكهاتەی شارەكانمانەوە، گەڕەكەكانمانەوە،  تا دەگات بە خێزان و سیستەمی ئیداریی و حیزبی و ئەو شوێنەیش كە بە قووتابخانە دەناسرێت، هەر هەموویان بە كارگەیەك دەكەن كە كاریان درووستكردنی بەرهەمێكی ئێكسپایەر بێت، ئەگەر ئامارێك لە كوردستاندا بكرێت، بۆ ئەوەی بزانین ژمارەی دانیشتووانمان چەندەو لە سەددەی بیست و یەكەمدا چەند خوێندەوارمان هەیە، ئەو جار بۆمان روون دەبێتەوە كە ئێمە چەند بەرانبەر بە چەمكی ژیان بێ دەربەستین و تا ئێستا شتێك لە لای ئێمە درووست نەبووە كە وامان لێ بكات بكەوینە تێڕامانەوە، تا ئیستێك بكەین!
 كاتێك كە ژیان لە هەموو پیرۆزییەك خاڵی دەكرێتەوە، مرۆڤ تەنها لە چاوی ماددەوە لێی دەڕوانرێت و لایەنە رۆحییەكەی فەرامۆش دەكرێت، بێ گومان دەبێت هەر بەرەو دواوە بگەڕێینەوە و تا ئەزەل بە دەستی نەخۆشییەكیی موزمینەوە بناڵێنین!
 من لێرەدا پێم باشە پرسیاریی ئەوە بكەم ئایا: " چ هۆكارێك لە پشت درووستكردنی خێزانەوە هەیە لە كوردستاندا"؟ تا ئێستا ئێمە تووانیومانە بە شێوەیەكی تەندرووست شەن و كەوی ئەوە بكەین كە تەنها فاكتەریی "جینسی" هۆكاری درووستكردنی خێزانە نەك شتێكی دیكە؟ یان ئەوانەی وا خێزان درووست دەكەن، چەندیان لە چەمكی پێكەوە ژیان دەگەن و ژن لە گۆشە نیگای ئەوانەوە چی مانایەك دەبەخشێت، هۆشیاریی و رۆشنبیریی كۆمەڵایەتییان لە چ ئاستێكدایە "؟ بە دڵنییاییەوە كاتێك كە تەنها فاكتەرێك دەبێت بەو مینبەرەی كە بەردەوامی بە سووڕی ژیان بدەین، رەگەزەكانی دی بوونیان تیایدا بزر بێت، هەر ئەوەی لێ دەدوورینەوە كە لە رابردوودا دووریومانەتەوە! چونكە كاتێك كە مرۆڤ بێ گوێ دانە هیچ شتێك بڕیاریی ئەوە دەدات كە ببێت بە باوك و تەنها بۆ خاتری ئەوەی وەجاخی رۆشن بێت، دەبێت بیری بە لای ئەوەدا بڕوات كە چەمكی" رۆشن" لە ناو ئێمەدا چی واتایەك دەگەیەنێت؟ هەرگیز بیرمان بە لای ئەوەدا رۆیشتووە كە كاتێك لە بارتەقاماندا نەبێت زەمینەیەكی لە بارو تەندرووست بۆ ساواكانمان دابین بكەین، یان بوونی هەبێت لەو فەزایەی كە ئێمە بڕیاری خستنەوەی ئەوانی لێ دەدەین، چی روو دەدات؟ یان بیرمان لەوە كردووەتەوە كە ئەم فەزایەی ئێمە لە زۆر رووەوە كەم و كورتی هەیە و لە توانایدا نییە هەموو پێداویستییە سەرەتاییە ژیارییەكان بۆ نەوەكانمان فەراهەم بكات، چی كارەساتێك دەقەومێت؟ ئێمە ئەمڕۆ بە دەست كۆمەڵێك قەیرانەوە دەناڵێنین، روو لە هەر شتێك دەكەین، پڕە لە ئیشكالییات، ئاڵۆزی باڵی كێشاوە بە سەرماندا، لە بەرنامەماندایە بە بێ ئەوەی سەرچاوەی درووستبوونی ڤایرۆسەكە بدۆزینەوە، نەخۆشییەكە چارەسەر بكەین! لە كاتێكدا جەستەمان بە بەردەوامی خوێنی لە بەر دەڕوات، هەرگیز هەستمان بەو خوێن لە بەر رۆیشتنە نەكردووە، هەموومان حەز بەوە دەكەین منداڵەكانمان بە زوبانی كوردی"ساڵح" بن، بە بێ ئەوەی بیرمان بە لای ئەوەدا رۆیشتووبێت كە ساوا هێندەی پێویستی بە ژینگەیەكی تەندرووست هەیە  بۆ پەروەردە كردن، تا ئەو"ساڵح"ەی لێ دەربچێت كە ئێمە خۆمان بە بۆ ماوەیی بۆمان ماوەتەوەو جارێ لێی نەگەیشتووین! كە هەر لە منداڵییەوە ئەگەر لە رەگەزی "نێر بێت، بە زاراوەی"پیاو" مێشكی كون و لەق دەكەین و لەو ژیانە پاك و بێ گەردەی خۆی مەحروومی دەكەین و رێگای ئەوەی لێ دەگرین كە هەست بە بوونی خۆی بكات، بەڵكو دەبێت لە پێناو رازیكردن یان راگرتنی دڵی ئێمەدا بوونی خۆی بسڕێتەوە؟! لە كۆمەڵگایەكی ئاوادا، پەیوەندییەكان لە سەر شێوازێك درووست دەبن كە تەنها دەتوانین موجامەلەی یەكتری پێ بكەین، شوێنێك نادۆزینەوە كە بتوانین پڕ بە دڵمان گوزارشت لە "خۆشەویستی" بكەین، كوڕ و كچ بە خێزان نامۆ و خێزان بە كۆمەڵگا نامۆ تر و ئاڵۆزی ژیانمان دەتەنێ و ئەوەی ناوی ئینتیما بێت لە دونیاماندا نامێنێت، ئەمڕۆ  زۆر باس لە ئینتیما دەكرێت، لە كاتێكدا كەس ئاوڕی لەوە نەداوەتەوە كە ئێمە لە فەزایەكدا بەرهەمهاتووین كە خاڵییە لە خۆشەویستی "خود" بۆ"خود" نەك بۆ شتێكی دی، بێ گومان ئەگەر ئەوە حاڵی كۆمەڵگاكەمان بێت، خۆ ئەوانەی وا لە هەرەمی دەسەڵاتدان لە فەزایەكی ترەوە نەهاتوون؟! ئێمە بە بێ ئەوەی گوێ بەوە بدەین كە خۆمان بووینە بە هۆكاریی سڕینەوەی هەموو جووانییەكان لە ژیانی رۆژانەماندا، بە بێ ئەوەیش هەست بە ناشیرینییەكانی بیركردنەوەو تێڕامانی خۆمان بكەین، رەخنەی ئەم و ئەو دەكەین، لە فەزایەكی هاو شێوەی ئەوەی ئێمەدا:"نە مانگ لە ئاسمانماندا بوونی دەبێ و نەش گوێمان لە سەگ وەڕ دەبێت، هەموو شتەكان بە یەك نامۆ دەبن و ماڵەكانمان تژی دەبن لە ژاوە ژاو و تاكەكانمان بێ ئیرادەو كۆمەڵگامان بێ بەرنامەو قوتابخانەكانمان بێ بەرهەم و میللەتێكی رامكراو تا سەر ئێسك و دەسەڵاتێكی بێ دەربەست پێشكەش بە شانۆی ژیان دەكەین، چونكە هەرگیز بیرمان لەو وتەیە نەكردووەتەوە كە دەڵێت:العقل السلیم فی الجسم السلیم! "!