|
لە پەراوێزی وتاری(فەزیحەكانی مامۆستا جەعفەردا)
Nov 12,2008 00:00
by
kurdistanpost
ڕێبوار حەمە تۆفیق: ماوەی چەند مانگێك لهمهو پێش لە دوو وتاری جیادا، بەڕێزێك لە سایتی (كوردستانپۆست)دا، ناوی منی هێةابوو، پێی وایه، که من نووسەری ڕاستەقینەی كتێبی (گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەكانیدا)م، نەك مامۆستا جەعفەر و لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم نهێنییەش مامۆستاجەعفەر منی لە مەكتەبی بیرو هۆشیاری دەركرد. من پێم باشە لەم چەند خاڵەدا هەندێ ڕاستیی بخەمە ڕوو:- 1- هەركەسێك كتێبی (گۆران لەیادەوەری هاوچەرخەكانیدا)ی بینیبێت، دەزانێت ناوی هەردووكمان (مامۆستا جەعفەر و من) لە سەر بەرگەكەی دانراوە و ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لەلایەن هەردووكمانەوە ئامادەكراوە، یان هەر هیچ نەبێت ئەو كەسانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كراوە، بەشێكی زۆریان لەوە بەئاگان كە هەردووكمان پێكەوە چاوپێكەوتنەكانمان بەئەنجام گەیاندووە. ئەم ڕاستییەش بەشێوەیەكی ئاشكرا لەو پێشەكییەدا هاتووە، كە هەریەكەمان بەجیا نووسیومانە و لە ڕۆژی بڵاوكردنەوەی كتێبەكەشدا لە بەردەم زیاتر لە 150 نووسەر و ڕۆشنبیر لە كتێبخانەی گشتی لە شاری سلێمانیدا، ئەم ڕاستییەمان وتەوە. ئیتر هەرشتێك لەم بارەوە بوترێت و بنووسرێت دیارە كە نرخی چەندە؟! 2- ڕاستە دوای بڵاوبوونەوەی وتاری یەكەمی (فەزیحەكانی مامۆستا جەعفەر) تۆمەتی نووسینی وتارەكە درایە پاڵ من و لیژنەیەكیان لەسەر گرتم و خرامەوە شوێنی پێشووم، وەك لە وتارەكەدا هاتووە، بەڵام: أ/ لیژنەكە لە تاكە كەسێك پێكهاتبوو كە (تەحسین نامیق)بوو، خودی ئەم كەسە، بێئاگابوو لە ململانێ و بێنەو بەردەكانی ناو مەكتەب، تەنها یەك مانگ بوو هاتبووە ئەوێ و كرابووە جێگری لێپرسراوی مەكتەب. ب/ بەبێ هیچ بەڵگەیەكی یاسایی، پێش دوو ڕۆژ بەسەر دەرچوونی بڕیاری ئهو لیژنە یەك كەسییەدا، بڕیاری گواستنەوەم بە ئیمزای (تەحسین نامیق) نەك لێپرسراوی مەكتەب، نێردرابووە شوێنی پێشووم. ئەمە لە كاتێكدا دەتوانرا داوای یاسایی لە سەر نووسەری بابەتەكە تۆمار بكرێت. 3- بەپێی یاسای گواستنەوەی كارمەند لە وەزارەتێكەوە بۆ وەزارەتێكی دیكە، پێویست ئەوەیە كە بەپێی (موباشەرە و ئینفیكاك) بێت، بەڵام ئەم برادەرانە، موچەی مانگێكیان خواردبووم و لە شوێنی ناوەكەشم بە پێی بیرو هۆشیاری كارگێڕییان، واژۆیەكی تەزویریان بۆ كردبووم!؟ 4- لە ڕۆژی دەركردنی فەرمانی گواستنەوەكەمەوە، بەڕاپۆرتێكی تێروتەسەل، هەردوو لێپرسراوی مەكتەبی چاودێریی و ئەندامی كارگێڕی مەكتەبی سیاسییم لەم كارە ئاگادار كردووەتەوە و ئەوە بۆ نزیكەی ساڵێك دەچێت بێ وەڵامە؟! لە كۆتاییدا ئەوەندە ماوەتەوە، كە بڵێم: ئەم نووسینەم بۆ مێژوو نووسیوە و سەر بە هیچ باڵ و پەڕێكی حزبی نیم، تەنها بۆ ئەوەیە كەس لێرەو لەوێ نان و پیازی پێوە نەخوات و ڕاستییەكان لە زمانی خۆمەوە بێت. ئەوەش دەزانم لە مێژووی پێشبڕكێی ئەمڕۆی سیاسەتدا، شتێكی چاوەڕوان كراوە كە كیسەڵ لەپێش كەروێشكەوە بێت؟! Rebwar_hamatofiq@yahoo.com |