|
سەركردایەتى یەكێتى، لە شەڕە سەگەوە بۆ شەڕەگورگ
Nov 11,2008 00:00
by
kurdistanNL
سەباح حەسەن : جار جارە كادرەكانى یەكێتى باسى نوكتە و قسەخۆشەكانى سەردەمى خەباتى شاخ و تێكۆشانى نهێنى شارەكان دەگێڕنەوە،چەند ساڵێك لەمەوبەر برادەرێكم بۆى گێڕامەوە كە ساڵى 1982 كاتێك كونفرانسى 2 دووى كۆمەڵەى رەنجدەرانى كوردستان(كۆڕەك) لە خڕى ناوزەنگ دەبەسترێت،لە كۆتایى كۆنفرانسدا كاتێك دەرگاى پالاوتن بۆ سەركردایەتى كۆمەڵە دەخرَیتە سەرپشت، فاروقى عەلى مەولود *1 دەستهەڵدەبرَێت و ئیبراهیم جەلال*2 بۆ پۆستى سەركردایەتى كۆمەڵە كاندید دەكات،لێژنەى سەرپەرشتى كۆنفرانس داواكەى فارووق فەرامۆش دەكەن وناوى ئیبراهیم جەلال تۆمار ناكەن،فاروق هەر دەست هەڵدەبرَێت و پێداگرى دەكات كە ناوى ئیبراهیم جەلال لە ناو ناوى كاندیدەكانى سەركردایەتیدا بنوسرێت،ئەندامێكى كونفرانس كە لە نزیك فارووقەوە دانیشتووە دەپرسێت: كاكە فارووق بۆ هێندە بە لاتەوە گرنگە ئیبراهیم جەلال ببێتە ئەندامى سەركردایەتى؟ فاروق وەڵامى هاورَێكەى ئەداتەوە و ئەڵێت : ئیبراهیم جەلال بۆ شەڕە سەگەكەى ناو سەركردایەتى باشە. لەوكاتەوە كە یەكێتى دامەزراوە، لەبەر بىَ پرنسیبى و زاڵبوونى لۆژیكى سهرکردایهتییهکهی ناو یهکێتی بەسەر هزرى بەرپرس و كادرەكانیدا، دەمەقاڵىَ و زمانى زبر و گیروگرفت و جیابوونەوە و دوركەوتنەوە لە تێكۆشان، یەك لە سیما دیارەكانى ئەو حزبە بووە كە كاك فارووق ناوى شەڕە سەگى سەركردایەتى لێناوە. دیاردەى شەرە سەگ ئەوەیە كە سەگەكان لە ناو خۆیاندا لە سەر خواردن و سێكس و پاسەوانیكردنى خاوەنەكانیان شەر دەكەن و یەكترى بریندار دەكەن و یەكترى دەبەزێنن،بەڵام ئەو رەوشەى ئەمڕۆ لە ناو سەركردایەتى یەكێتیدا دەیبینین شەرە سەگى تێپەراندووە،لە بەر ئەوەى شەرەكە بە برینداركردن و شكستپێهێنان ناوەستىَ و دەگاتە ئاستى پاكتاوكردنى سیاسى،ئەم قۆناغى شەڕى پاكتاوكردنەش لە شەڕەگورگ نزیكترە تا شەڕە سەگ،لەبەر ئەوەى لە شەڕە گورگدا گورگەكان كە بینیان یەك لە گورگەكان نەخۆشن یان بریندارن،بە هەموویانەوە هێرشى بۆ دەبەن و دەیكوژن،ئەگەر ئیمەش لەم كاتەدا بە لۆژیكى كاك فارووق هەڵسەنگاندن بكەین باشترە لە باتى ئەو بڵێین: كە مەلا بەختیار بۆ شەڕە گورگەكەى ناو سەركردایەتى ئێستەى یەكێتى باشە. جنێوەكانى گروپى مەلا بەختیار كە لە سایتى وردبیندا ئاراستەى گرووپى نۆشیراون دەكرێن و ئهوانهی گرووپى نهوشیروانیش كە هەندىَ جار لە سایتهکانی دیکه بلاودەكرێنەوە و ئاراستەى گرووپەكەى تر دەكرێن، له سنورى رەخنەى سیاسیى و بەهاى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى تێپەڕدەكەن و بە مەبەستى كوشتنى سیاسى یەكتر ئاراستە دەكرێن.لێرەدا خاڵێك هەیە دەبێت هەموو لایەك ئاگادارى بین، ئەویش ئەوەیە كە ئەو جنێوانە تەنها كاریگەری نەگەتیڤیان لە سەر لایەنەكانى شەڕ و ململانێكە نیە، بەڵكوو كاریگەرى نەگەتیڤى گشتیشیان لە سەر تاك و پێكهاتە كۆمەلایەتی و سیاسیەكانى كوردستان هەیە، ئەگەر ئەو جنێوە بازارَیانە بۆ ماوەیەك درێژە بكێشن، هێندەى تر گەلەكەمان فێرى كڵتورى جنێودان دەبێت و رەفتار و كردارى ناشیرین دەبێت، بۆیە راستترە، بۆ نموونه ئهگهر ههر نووسینێک له لایهن ههر کوتلهیهکی یهکێتییهوه بۆ کوردستانپۆست هات، ئهوا کوردستانپۆست سانسۆرى تهواوی ناوهرۆکهکانیبکات، تا ئهو نووسهرانهی نێو کوتلهکانی یهکێتی لە نوسیندا پەنا ببەنە بەر رەخنە و دەرخستنى پرۆژەى سیاسى نەك گورگ ئاسا خاڵى لاوازى یەكتر بدۆزنەوە و سوكایەتى بە یەكتر و تاك و پێكهاتەكانى كۆمەڵگاكەمان بكەن. 12-11-2008 *1.2. كاك فارووق و كاك ئیبراهیم دوو كادرى پاك و شۆرشگێر و پێشمەرگەى دڵسۆزى گەلى كوردن. کوردستانپۆست: نووسهری ئهم باسه، بهشێوهیهک نووسینهکهی داڕشتبوو، کهوا ههست دهکرا، کوردستانپۆستیش بهشێک بێت لهو کێشانهی ناو کوتلهکانی یهکێتیی، یان سهر به لایهنێکیان بێت، بۆیه ئێمه ئهو شێوه تێگهیشتنهمان سانسۆرکرد، چونکه جوانی کوردستانپۆست لهوهدا دهبینینهوه، که وهک سایتێکی ئازاد سهر به هیچ تاقم و گروپێک نهبێت. |