|
85 گۆرانیبێژ رایانگه‌یاند؛ به‌شداری هیچ ئاهه‌نگێك نابین له‌باشوری كوردستان
Nov 11,2008 00:00
by
kurdistanNL
رێنێسانس نیوز: هه‌شتا و پێنج گۆرانی بێژ و هونه‌رمه‌ند له‌لێدوانێكی هاوبه‌شدا وه‌ك ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕینێك له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری كوردستان بڕیاریاندا به‌شداری هیچ ئاهه‌نگێك له‌باشوری كوردستان نه‌بن و تا وه‌ڵامێكی رونیان نه‌درێته‌وه، ئه‌م ئابلۆقه‌یه ناشكێنن. له‌به‌یاننامه‌یه‌كیاندا كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له‌ئاژانسی فوراتدا بڵاو بۆته‌وه، ئه‌و هه‌شتا و پێنج هونه‌رمه‌نده راده‌گه‌یه‌نن كه ئه‌وان نارازین له‌سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر رێگه‌نه‌دان به‌و هونه‌رمه‌ندانه بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و گه‌ڕاندنه‌وه‌یان له‌فڕۆكه‌خانه‌وه. ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه كه له‌ناویاندا كه‌سانێكی وه‌ك ئارام تیگران، گولستان، جانێ، سه‌یدخان، خه‌لیل خه‌مگین، دینۆ و دیار به‌دیده‌كرێت ده‌ڵێن كه‌ئه‌وان چاوه‌رێی وه‌ڵامێكی به‌په‌له‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن. ئه‌م بایكۆته كه له‌لایه‌ن ئاكادیمیای چاندوهونهری كوردییه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه، تیایدا هاتوه كه پاش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گۆرانیبێژ ''ئایدین''، ''هه‌مان سوكایه‌تی'' ده‌رهه‌ق به‌سه‌ید خان‌یش په‌یڕه‌و كراوه و بێ ئه‌وه‌ی هیچ بیانویه‌ك بهێنرێته‌وه رێگه به ''سه‌رحه‌دۆ'' نه‌دراوه و گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها رێگه به‌چه‌ندین بێژه‌ری رۆژ تیڤیش نه‌دراوه و له‌فڕۆكه‌خانه‌وه گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه. له‌به‌یاننامه‌كه‌دا وێڕای ئه‌وه‌ی به‌توندی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم شه‌رمه‌زار ده‌كرێت، ئاماژه به‌زه‌خت و زۆری وڵاتانی داگیركه‌ر به‌تایبه‌ت توركیا و سوریا بۆ سه‌ر هونه‌رمه‌ندان و گه‌لی كورد ده‌كرێت و به‌دوریشی نازانن كه هاتوچۆی ئه‌مدواییه‌ی وه‌فده‌كانی توركیا بۆ عێراق ئه‌م هه‌ستیارییه‌ی هێنابێته گۆڕێ. هه‌ندێك له‌و كه‌سایه‌تی و گروپانه‌ی تر كهبهیاننامهكهیان ئیمزا كردوه، ئه‌مانه‌ن؛ شه‌مدین، جه‌واد مه‌روانی، ئه‌یله‌م، به‌سه‌ر شاهین، سۆسن، خه‌مگین بیرهات، رۆتیندا، كاوه، جۆمه‌رد، زنار سۆزدار، زۆزان، په‌یوان، شیار مونزور، حه‌كیم سهفكان، ئامهله، مه‌ردان، مه‌مۆ، یاسین. |