لەبەر دواکەوتنی موچەکانیان کادێرانی پارتی بەنیازی مانگرتنن
Nov 10,2008 00:00 by kurdistanNL

کادێرێک :
 مانگرتن وەک مۆدەیەک کە ئیًستاکە لەکوردستان باوە، کادیرانی پارتی لەبەرامبەر دواکەوتن و کەمکردنەوەی موچەکانیان بەنیازن لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بۆ ماوەی هەفتەیەک مانگرتنی سەرتاسەری لەمەکتەبەکانی پارتی دا رابگەیەنن، ئەم هەوڵەشیان دوابەدوای ئەوە هات کاتێک مامۆستایانی کوردستان لەبەرامبەر نەدانی دەرماڵە بڕیاریاندابوو مانبگرن، ئەمەش وایکرد لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە جێگای سەرنج و تێڕامانیان بێت و بەپەلە لەگەڵ نوێنەرەکانیاندا کۆبوونەوەو ملیان خستە ژێر باری بڕیارێکەوە کە پێشتر بڕیاری دابوو دەرماڵەکانیان ببڕێت، ئیتر ئەمە بۆتە پیشەی حکوومەتە گەندەڵەکەی نێچیرڤان و عومەر فەتاحی جێگری، بڕیاری سەقەت دەردەکەن و پاشانیش لەبەر ترسی ناڕەزاایی و سەرهەڵدانی رێپێوان و دروستکردنی نائارامیی دووبارە لەبڕیارەکەیان پاشگەز دەبنەوە.
 ئەم مۆدەیە ئێستاکە خزاوەتە نێو مەکتەبەکانی پارتی و بەمەش کادیرانیان بۆ وەرگرتنی مافەکانیان، بەنیازن لەسەرجەم مەکتەبەکانی راگەیاندن و رێکخستن و دارایی و کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە نیشتمانیەکان و....هتد مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیەنن، تاکو پارتی و مەکتەبی سیاسی ئاوڕێکی جیدییان لێَ بدەنەوەو بەدەنگ داواکارییەکانیانەوە بچن و ئەو موچەیەی کە سێ مانگ جارێک وەریدەگرن بکرێت بە مانگانە.
 بۆ ئەم مەبەستەش چەند کادێرێکی پارتی لە سەرجەم مەکتەبەکانی پارتی بەشێوەیەکی نهێنی ئەم بابەتەیان تاوتوێکردووەو درکاندووە کە نیازیان وایە لەبەرامبەر پێنەدانی موچەکانیان مان بگرن، لەمبارەیەوە کادێرێکی پارتی لەمەکتەبی ناوەندی راگەیاندن پێی گوتم: لەبەر خراپی بارو گوزەرانی ژیانمان و دواکەوتنی موچەوە ناچاربووین بیر لە مانگرتنێک بکەینەوەو تاکو لەرێگەیەوە پارتی و مەکتەبی سیاسی ئاوڕێکمان لێ بدەنەوەو چارەسەری ئەم گرفتەمان بکەن، کە چەندین ساڵە هەروا بەردەوامەو کەس سەر لەم نهێنیە دەرناکات کە ئاخۆ بۆچی مووچەکانیان دوا دەکەوێت.
 لەلایەکی تریشەوە کادێرێک لە مەکتەبی کۆمەڵایەتی پارتییەوە ئەوەی نەشاردەوە کە بەڵێ بەنیازی مانگرتنێکی هێمنانەن  تاوەکو داخوازییەکەیان جێبەجێ بکرێت، هەر ئەو کادیرە ئەوەشی درکاند، کە بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە کە ئەم بەم مانگەوە دەبێتە سێ مانگ وا تازە پارتی موچەی مانگێک دەداتە پێشمەرگەو هێزە تایبەتیەکانی، بەمەش بەتێکرا هەموویان ئەو موچەیەیان رەتکردۆتەوە و ناردویانەتەوە بۆ مەکتەبی سیاسی و گوتیانە: پیرۆزی خۆتان بێت.
 هەروەها بۆ زیاتر قسەکردن لەسەر جۆری مانگرتنەکەو هۆکارەکەی کادێرێکی مەکتەبی رێکخستنی پارتی ئەوەی راگەیاند، بەهۆی دواکەوتنی موچەو قەرزدارییەکی زۆرەوە کە ناچاری کردووین ئەم هەڵوێستە نیشان بدەین، تاکو پارتی ئاوڕێکمان لێ بداتەوە، ئەوەشی گوت: هەر ئێمە نین کە تووشی ئەم بێ موچەی یە بووینە، بەڵکو ئەمە گرفتی سەرجەم کادیرانی پارتیەو ئەوانەش کە لە ناوەندەکانی راگەیاندنی پارتی و رۆژنامەو گۆڤارەکانیان دا کاردەکەن هەمان کێشەیان هەیە، ئەوان بەهەمان شێوە سێ مانگە موچەیان وەرنەگرتووەو هەموویان خەریکی قەرزکردنن بەو موچەیەی کە کەس نازانێت پارتی کەی پێیان دەدات، ئەوەشی گوت: ئێمە نازانین هۆکاری دواکەوتنی مووچە لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتی یەوە بۆ چی دەگەڕێتەوە، ئاخۆ چی بەو پارەیە دەکرێت، وا درەنگ پێمان دەدەن، هەر هەمان کادێر ئەوەشی روونکردەوە، کە دەنگۆیەک لەناو خودی مەکتەبی سیاسی پارتی دا هەیە، ئەویش دەڵێن: مەکتەبی سیاسی پارتی بازرگانی بە مووچەکەوە دەکات، هەر بۆیە سێ مانگ جارێک مووچەی مانگێک بە کادیرەکانی دەدات.
 کادێرێکی پارتی لە مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانی و کوردستانییەکان کە زۆر لە خۆی بێزاربوو ئەوەی راگەیاند: نەبوونی پارە وای لێکردووین قەرز بکەین و هەر سەری مانگ دێت و چاوەڕوانی پارتی دەکەین موچەمان پێ بدات، بەڵام دەڵێن مانگێکی دی، ئەو مانگەش دەڕوات و هەر نایەت، ئەوەشی گوت: نەک ئێمە بەڵکو پێشمەرگەش بەم حاڵەوە دەناڵێنێت، بۆیە بیرمان لەوە کردۆتەوە مانگرتنێکی هێمنانە ئەنجام بدەین، تاکو سەرنجی لایەنی بەرپرس بۆ ئەم قەیرانە رابکێشین و چاو بە بەرنامەی دابەشکردنی موچەکەدا بخشێننەوە، ئەوەشی راگەیاند: گەر بێت و بەو مانگرتنەش گرفتەکانیان چارەسەر نەکراو هەر وا بمێنێتەوە، ئەوا داواکارییەک پێشکەش بە مسعود بارزانی دەکەین، بەڵکو لەرێگای ئەوەوە بتوانرێ چارەسەرییەکی پێویستمان بۆ بدۆزنەوە.