زانكۆی سلێمانی و كێشە بێ چارەكان
Nov 08,2008 00:00 by kurdistanNL

گۆیژە :

 زانكۆ وەك مەڵبەندێكی ئەكادیمی و زانست دەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە زۆرترین بایەخی پێبدرێت لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە چونكە زانكۆ سومبولی ڕاستەقینەی ڕویی ئەكادیمی و پێشكەوتن و گەشەسەندنی گەلەكەمانە چونكە بەبێ زانكۆ و ئەو توێژینەوە و لێكۆڵینەوانەی تیایدا دەكرێت بۆ گەشەكردنی كۆمەڵگای كوردی ناتوانین هەنگاو بەرەو پێشەوە بەرین بەرەو سەرخستنی ئەم ئەزموونە ناسكەی گەلەكەمان ،كە ئەوە ئاوات و خۆزگەی هەموو تاكێكی كۆمەڵگای كوردیە ،من لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە زۆر كێشەی هەڵواسراو لە ناو زانكۆدا هەیە كە پێویستی بە گۆڕانكاری بنەڕەتی هەیە بۆ ئەوەی زانكۆ بتوانێت لەسەر پێ ی خۆی بوەستێت و خەونی لە مێژینەی تاكی كوردی بەدیبهێنێت كە لێرەدا بە چەند خاڵێك هەندێك لەو كێشانە دەخەمە ڕوو كە دەكرا زووتر كاربەدەستان و بڕیار بەدەستانی حكومەت ئەو گۆڕانكاریانە بكەن وە بەرپرسانی حكومەت زۆریان لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو كێشانەن كە هەیە بەڵام خەم ساردی حكومەت بەرامبەر ئەو كێشانە وای كردووە كە درێژە بە گەندەڵیەكانی حكومەت بدرێت:-
 1- گۆڕانكاری بنەڕەتی بكرێت لە پۆستە گرنگەكانی ناو زانكۆدا ،لەوانە سەرۆكی زانكۆ كە كەسێكی چالاك نیە و ناتوانێت بڕیاری یەك لاكەرەوە دەربكات و كێشەكان لە ڕەگەوە چارەناكات كە بۆ داهاتوو زانكۆ توشی ئەو كێشانە نەبێتەوە ،هەروەها گۆڕانكاری بكرێت لە پۆستی ڕاگر و جێگری ڕاگرەكاندا چونكە زۆرێك لەو كەسانەی ئەو پۆستانەیان وەرگرتوە لە شوێنی خۆیاندا نین و لەڕووی كارگێری و زانستیەوە شایەنی ئەو پۆستە نین كە پێیان سپێردراوە،بۆنموونە كەسێكی وەك دكتور عوسمان عبدول بەرزنجی ڕاگری وەرزش هیچ پەیوەندیەكی بە وەرزشەوە نیە دكتۆرای هەیە لە زمانی كوردیدا لە كۆلێجی وەرزش دانراوە بەڕاگر ئەویش لەبەر ئەوەی خوشكەكەی ژنی برای عمر فەتاحە ئەگینا ئەوە چ پەیوەندیەكی هەیە بە وەرزشەوە،وە كەسێكە كە ناتوانێت ئیشو كاری زانستی و كارگێڕی ئەو كۆلێجە بەرێت بەڕێوە تەنها ئەوە نەبێت كە پشتی مامۆستا كچەكان بگرێت و پۆستیان بەسەردا دابەش بكات بە تایبەتی بەسەر د.شیلانی هاوڕێی نزیكیدا كە لە كۆلێجەكە 3 پۆستی پێ سپاردوە وە د.بەختیاری ڕاگری كۆلێجی ڤێرتنەری لەبەر ئەوەی بەهەمان شێوەی سەرەوە خوشكەكەی ژنی برای  عمر فەتاحە كردویانە بە ڕاگر دە با ئەو كەسانە خۆیان هەست بە لێپرسراوێتی ئەخلاقی بكەن بەرامبەر  بە كۆمەڵگا و زانكۆ و ئەو پۆستانەی كە وەریان گرتووە  و خۆیان دەست لە كاربكێشنەوە و ئەو پۆستانە بۆ كەسی شیاو بەجێبهێڵن.
 2- كێشەی دەست تێوەردانی حیزبی بۆ زانكۆ یەكێكە لەو كێشانەی كە بوەتە هۆی گەندەڵی لە ناو زانكۆ چونكە زیاتر ئەو كەسانەی كە كۆمیتە كاندیدی دەكات كەسانی لێوەشاوە و بەتوانا نین تەنها بۆ ئەوەیە كە ئینتمای حیزبیان بۆ یەكێتی هەیە هەروەها بە هەمان شێوە بۆ پارتی و زانكۆكانی تری هەرێم هەمان كێشە و گرفت هەیە چونكە دەست وەردانە كاری زانكۆ بوەتە گەورەترین كێشە لەبەردەم زانكۆكاندا،چونكە ئەو كەسانەی كە لە ڕێگەی حیزبەوە دائەنرێن لە پۆستەكانی ناو زانكۆ كەسانی كەم ئەزموون و كەسانی هەلپەرستن چونكە بەبێ حیزب ئەو كەسانە جێگەیان نابێتەوە لە ناو ئەم دەزگا ئەكادیمیە گرنگەدا،چونكە هەندێكیان نە لە ڕووی زانستی و نە لەڕویی ئەكادیمیەوە شایەنی ئەوە نین كە بێنە ناو حەرەمی زانكۆوە بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوانە ئێستا بوون بە كەسانی دەستەڵاتدار و كەسانی خاوەن بڕیار بۆ نموونە زۆربەی ئەندام كۆمیتەكان بوون بە ڕاگر و یاریدەدەری ڕاگر و سەرۆكی بەش و سەرۆكی یەكە كارگێڕیەكانی ناو زانكۆ وە هەر ئەم كەسانە دەتوانن بڕیار بدەن لەسەر هەر بڕیارێكی گرنگ كە لە زانكۆوە دەربچێت،جا بۆیە وا باشترە چاو بخشێنرێتەوە بە كەم كردنەوەی دەستەڵاتی حیزب لە ناو زانكۆدا بەمەبەستی بەرەو پێشچوونی ڕەوتی زانست و كەسانی ئەكادیمی و زانستی بتوانن خاوەنی بڕیار بن نەك كەسانی حیزبی كە بە ئارەزووی خۆیان ئیش و كا ڕادەپەڕێنن.
 3- بوار ڕەخساندن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و پشتگیری كردنی بۆ ئەوەی ئەو توێژینەوانە لە خزمەتی كۆمەڵگەدا بێت نەك ئەو توێژینەوانەی دەكرێت هیچ لە خزمەت و بەرژەوەندی ئەمڕۆی كۆمەڵگاكەماندا  نەبێت وە بتوانرێت پەنجە بخرێتە سەر كێشەكان و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
 4- هەوڵدان بۆ ڕەخساندنی بوار بۆ زیاتر وەرگرتنی كورسی خوێندنی باڵا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا چونكە لە ئێستادا پێویستیەكی زۆر هەیە بە زانستی تازە و بیری تازە بۆ كەسانی لێهاتوو لە سەرجەم بوارەكاندا چونكە لە ئێستادا لە زانكۆی سلێمانی ئەم بوارە بەشێوەیەكی بەرچاو پشت گوێ خراوە تەنها هەندێكی كەم لە كەسانی نزیك لە دەستەڵاتەوە نەبێت خەڵكانی تر  چانسی خوێندنیان بۆ نەڕەخساوە بۆ ئەوەی بتوانن لە دەرەوەی ووڵات درێژە بە خوێندن بدەن بەمەبەست ی زیاتر بەرە و پێشچونی ئاستی زانست زانكۆ و پێشخستنی كۆمەڵگای كوردی .
 ئەم چەند خاڵەی كە ئاماژەم پێدا كۆمەڵێكی كەمە لەو كێشە گەورانەی كە زانكۆ بەدەستیەوە دەناڵێنێت وە بوەتە بەربەست لەڕێگای گەشەسەندنی زانكۆدا،هیوادارم دەستەڵات دارانی هەرێم بەوردی چاوێك بەم كێشانەدا بخشێننەوە و هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ چارەسەركردنیان.