د.قەلەندەر و د.تایەر هەورامى سەلكى سیرن یا قنچكى پیاز ؟؟
Nov 07,2008 00:00 by kurdistanNL

 پزیشكێك لە سلێمانى ( جەبارى ):
 كاتێك قەیرانێك دروست دەبێت، كەسانى بڕیار بە دەست دێنە ئاراوە بۆ بەئیجابى چارەسەركردنى كێشەكە، ئەوەى جێگەى نیگەرانییە لە كوردستان كاتێك كێشەیەك سەر هەڵدەدات چەندین كەسى ناپەیوەندیدار بە كێشەكەوە لوتى خۆیانى تێوە دەژەنن بۆ ئەوەى كێشەكە ئاڵۆز تر بكەن و تا دەبێتە قەیرانێكى تەواو. هەندىَ جار ئەم بە قەیران بوونى كێشانە ڕووخانى حكومەتى لێكەوتۆتەوە ( وەكو ئینقیلابى ئیسلامى ئیرانى دراوسێمان ).
 
 ئەوەى كە بە ڕوونى مەبەستمانە بیخەینە ڕوو ئەو كێشەیە بوو كە جەنابى وەزیرى تەندروستى و ڕاوێژكارەكانى خوڵقاندیان سەبارەت بەو پێشنیارە ناڕەوایەى كە لە سلێمانییەوە كرا بۆ وەزیرى تەندروستى و ئەویش ناردى بۆ حەرەمى ئەنجومەنى وەزیران و ئەنجومەنى وەزیرانیش لەبەر نەبوونى پسپۆر و كەسى دڵسۆز و بە ئاگا لە رەوشى خزمەتگوزارى تەندروستى زۆر بەهەڵەداچوون و پێشنیارەكەیان كرد بە بڕیار. !!!
 سەرەراى ئاست نزمى بڕیارەكە و هەڵگیرساندنى كێشەى قووڵ لە نێوان كاربەدەستانى وەزارەتى تەندروستى و پزیشكە موقیمەكان جەنابى وەزیرى تەندروستى دەستى كرد بە بڵاوكردنەوەى زانیارى نادروست و بىَ داد سەبارەت بە پزیشكە موقیم و گەنجەكان.
 ئەمە نەك جێگەى قبوڵ كردن نییە، بەڵكو هەڵوێستەى دەوێت و چاوسوركردنەوەى خۆى دەوێت و سەرەنجام ئاكامى خراپى لێدەكەوێتەوە و ئەم ڕیسواكردنى وەزیرى تەندروستییە دەبێت بە ڕۆتینێك لەمەودوا و هەموو وەزیرێكى تەندروستى پێدا تێپەڕ دەبێت ( هەر وەكو بینیمان محمد خۆشناو چۆن ناوى چۆتە كۆڵەكەى ئاشەوە ).
 لە هەمووى سەیر تر ، چەند كەسێكى خاوەن بەرژەوەندى تایبەت و نابەرپرس و بىَ ئاگا و ماستاوچى وەكو د.قەلەندەر و د.تایەر هەورامى لە كەناڵێكى ئاست نزمى سەر بە یەكێك لە حیزبە گەندەڵەكان لمۆزى خۆیان وەردا لە كێشەكە و بۆ ئەوەى ئاگرى كێشەكە بڵێسەدار بكەن، ئەوانیش دەستیان كرد بە فیشاڵ و لادان لە خوو ڕەوشتى پزیشكى، ئەویش بە پاڵپشتى كردنى بڕیارێك كە نازانن ناوەرۆكى بڕیارەكە چییە و چ هزرێكى لە ناو سكى خۆیدا هەڵگرتووە ؟
 
 ئێوە جەنابتان گەورەترین ڕێگرن لەبەردەم هەر پزیشكێكى گەنجى ئاست بەرزى خاوەن زانستى نوىَ كە سەرهەڵبدات، بزانم كامەتان مافى ئەم پزیشكە گەنجانەتان نەخواردووە؟ كامەتان دەورە و دیراسەى پزیشكێكى گەنجى ژێر بە ژێر نەقۆستۆتەوە بۆ خۆى؟ كامەتان دەورەى خۆى داوە بە پزیشكێكى گەنجى یاریدەدەرى ڕۆژانەى ؟ ئێوە كە لە هەموو كاسێكدا كەوچكن و لە هەموو كەوچكێكدا موو، دڵسۆزیتان پیشان بدەن، ئێوە گەرەكتانە كەرتى گشتی بكەن بە ئاوى حەمام و پیاوەتى خۆتانى پێوە بكەن، وە لەسەر پەتى كەرتى تایبەتیش خۆتان دەوڵەمەند بكەن، خۆتان یەكلایى بكەنەوە، یا كەرتى گشتى یا كەرتى تایبەت ( جەنابى د.قەلەندەر تا 1998 لە كەركوك خزمەتى بەعسى دەكرد و پاشان لە هەولیر بۆ پارتى و ئێستاش لە سلێمانى لاى شێخ حەمەى مامى ، ئەگەر بەیانى بەرژەوەندى لە لاى پارتى بوو ئەوا ئاساییە ڕوبكاتەوە د.ڕۆژى پورزا و خزمى، باز بازێن هەر ئێوە دەیزانن ).
 ئەگەر بۆتان بكرێت جگە لە عیادەكانى خۆتان ، عیادەى هەموو پزیشكەكانى تر دادەخەن و دەبنە فەرشى بەرپرسە حیزبى و حكومییەكان.
 باشە ئێوە ساڵى پار لە كوىَ بوون كە نەخۆشخانەى ژنان و مناڵبوون لە سلێمانى زیاتر لە هەفتەیەكیش دڵۆپێك ئاوى تێدا نەبوو پزیشكەكان بۆ نەشتەرگەرى كردن دەستى پێ بشۆن ؟؟ و بەڕێوەبەرى ئیدارى نەخۆشخانەكەش خۆى گۆڕیبوو و بە ناو ئافرەتەكاندا پیاسەى دەكرد بە حیسابى خۆى لە ئۆرزى پیاسە دەكات !! باشە ئێوە لە كوىَ بوون كە پزیشكێكى سەر بە سەندیكاكەتان هێرشى كرایەسەر؟؟ ئێوە لە كوىَ بوون كە كۆنتڕۆڵى نەخۆشى كۆلێرا دەكرا لە سلێمانى؟؟؟ ئێوە لە كوىَ بوون كە عیادە لاكۆلانییەكانى معاون پزیشكى لەسەر جادەكان كارى پزیشكییان دەست پێكرد ؟؟ ئێوە لە كوىَ بوون كە شێخ نوشتە و دوعاى دەكرد و جەراحى لاكۆلان دەبوو بە پسپۆرى شكاوى ؟؟ ئێوە لە كوىَ بوون كە ڕۆژنامە و كەنالەكان ریكلامیان بۆ سەنتەرى كەڵەشاخ و سەنتەرى باوەڕگەى كوردەوارى دەكرد ؟؟ ئێوە لە كوىَ بوون كە مووچەى زیاتر لە 500 پزیشك دزرابوو ؟؟ ئیوە لە كوىَ بوون كە لیژنەى ئینزیباتى لە سەر پزیشكان دەگیرا چونكە ڕێزى گەورەكانى ئێوەى نەگرتبوو ؟ دەتانەوێت ببن بە سەرنشینى یەكێك لە قافڵە مۆنیكاكان ؟ ئان ئافەرینى گەورەكانى ئێوە ماڵى پزیشكە گەنجەكان وێران بكات؟ ئێوە لە نەخۆشخانە ئەهلییە بۆكەنەكان بوون یان عیادە ڕزیوەكانتان كە رووى ئێمەى لە كۆڕ و مەجلیسەكاندا ناشرین كردووە؟ ئێوە لە وانەى ئادابە جوان و كۆمەڵایەتیەكان بوون یان لە یانەى كۆمەڵایەتى لەسەر خوانى كاك مەسئول دەتانخواردەوە ؟؟ ئێوە لە یابان و ئەڵمانیا پیاسەتان دەكرد یان شەرى وەرگرتنى زەمالەتان دەكرد بۆ پزیشكە گەنجەكان ؟ ئێوە لەكۆبوونەوەى بەیانیانى نەخۆشخانەى فێركارى سلێمانى خەریكى ئیهانە كردنى پزیشكە گەنجەكان بوون یان فێرتان دەكردن ؟ ئەو شەڕەى بەیانیان لەم نەخۆشخانەیە دەكرێت لە مەیدانى حەیوانیش ناكرێت و بووە بە شوێنی شەڕى شەخسى !! پزیشكى پسپۆر شەرى شەویان لە بەیانیدا بە یەكتر دەفرۆشن !! ململانێى زانستى بە شەرى دەسەلات و زمان درێژى و شكاندنى یەكتر یەكلایى دەكەنەوە !! ئەم خوڕەوشتە لە كوێوە هات دەرمانى نەخۆشێك دەخەیتە تەنەكەى خۆڵەوە ؟؟ ئەم عەقڵیەتە نەخۆشانە مامەلە لەگەڵ خەلك و حكومەت دەكەن و لە سەر ئێمە حساب دەكرێت !! گەرەكتانە نەخۆشى نەخۆشخانە ئەهلییەكان زێدەتر بكە ن و شانەكەش لە سەرى ئێمەدا بشكێننەوە !!؟؟ یان دەتانەوێت گرێبەست بكەن بە ئامرازى رێزگرتنتان لە قاوشى نەخۆشخانەكان ؟؟!! پاڵپشتى ئێوە چی بووە بۆ پزیشكێك لەبەر زوڵم لێكردن وازى لە كارى پزیشكى هێناوە و ئێستا بەڕێوەبەرى كۆمپانیاكانى مۆبایلە ؟؟؟ پالپشتى ئێوە قۆرخكردنى زەوى دابین كراو بوو بۆ پزیشكە موقیمەكان یان هاندانى دەسەلاتى نەخۆشى كوردى بۆ بە هیلاكەت بردنى پزیشكێكى گەنجى دڵسۆز؟؟. ئەگەر سەیرى خۆتان بكەن وەكو پزیشك ئەو پیاوەتیەى ئێستا هەتانە هى عیادەكانتانە نەك هى حكومەت، ئیدى ئەم ماستاوە خەستە بۆ كىَ دەكەن ؟؟ وەكو پزیشك هێشتا هێندە دەوڵەمەند نین سەرمایەتان بگاتە ئاستى دوكاندارێكى شەقامى مەولەوى !! ئیدى ئەم كارەتان بۆ كىَ ؟؟ دەبووایە خەڵاتى ڕێزلێنان هەبووایە بۆ پزیشكان بەڵام ئەوە كردەوە ناشرینەكانى ئێوەیە ئەمڕۆ ئێمەى پزیشكى گەنج و خاوەن زانستى نوىَ باجەكەى دەدەین !! تەنانەت مامەڵەتان لەگەڵ خوێندكارە كچەكانى كۆلێژى پزیشكى جیاوازى زۆرى هەیە بەبەراورد لەگەڵ خوێندكارە كوڕەكان !! جیاوازى دەكەن لە چارەسەرى منداڵى كەسێكى بەناو بەرپرس و منداڵى كەسێكى هەژار !!
 پێویستە كە پزیشكى موقیم دەبینن سەرى شۆرتان شۆرتر بكەن و ملتان كەچ بكەن و چاوتان بەرەو ژێر بكەنەوە،   ئێوە نە سەلكى سیرن و نە قنچكى پیاز و نە بریارى كۆتایى و نە بریارى بیدائی لاى ئێوە نیە . بەیانى بە چ ڕوویەك و بە چ چاوێكەوە دەچنەوە ناو پزیشكە موقیم و هاوڕێكانتان ؟
 
 وەزیرى تەندروستى تۆ وەكو كەسێكى بە ویژدان داواى لێبوردن بكە و پێشنیار بكە بۆ عەرشى ئەنجومەنى وەزیران پێیان بێژە  پێشنیارى لەوجۆرە لەم ئان و زەمانەدا مەحاڵە بێتە جىَ بە جىَ كردن و با ئیتر كەسى نامەسئول و بىَ ئاگا ناماقوڵى نەكەن و خۆت خاوەنى چارەسەر كردنى كێشەكان بیت. خۆ تۆ سەرەتاى هاتنەوەت سڵت دەكردەوە لە سەر بڕینى مریشكێك، نازانم چۆن  بەم ماوە كەمەى هەڵسوكەوتت لەگەڵ مەسئولە بێ ویژدانەكان ئاوات لێهات دەست بنێیتە قورگى 700 پزیشك و كارمەند !!؟؟ دەوڵەمەند بوون بە موچەى حەرام ئاوایە ؟؟؟ یان ئەوانەى لە خوار خۆتن خراپ حاڵیت دەكەن ؟؟
 
 بە بەڵگەوە چەندین كارى ناڕەواى پزیشكە پسپۆرەكان بلاودەكەینەوە ئەگەر بە هەلس و كەوتە نەخۆشەكانیاندا نەچنەوە و ئەم پیاوە بەرزانەش داواى لێبوردن نەكەن !!