|
وه‌ڵامێك بۆ فازیل میرانی و ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ.. ئایا هێزه‌كانی پارتی و یه‌كێتی بۆ پاراستنی ئه‌زمونی گه‌لی كوردستانه؟
Nov 05,2008 00:00
by
kurdistanNL
باوكی یارا / سوید: له ٤/١١/٢٠٠٨ له رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ، وه‌ڵام دانه‌وه‌یێكی فازیل میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی بڵاو كرده‌وه ، له مه‌ڕ ئه‌و لێدوانه‌ی كه محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود-ی سكرتیَری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاندبوو كه له ده‌قه‌كه‌یدا ئه‌ڵێ (پارتی و یه‌كێتی سوپایان هه‌یه، بۆیه خه‌ڵك راپه ڕِینیان له‌دژ ناكات ), با ئه‌م وه‌ڵام دانه‌وه‌یه بخه‌ینه ته‌رازوی حه‌قیقه‌ت وبزانین چه‌ندی به چه‌نده تا هه‌ڵی بسه‌نگین. ئاماژه بۆ ئه‌وه به‌رین كه ئه‌م هێزانه چ خزمه‌تێكیان گه‌یاندۆته ئێمه. خه‌راپترین خوی گه‌لی كورد ئه‌وه‌یه كه ڕابردو زوو له بیر ده‌كات و ده‌رس له به‌سه‌رهاته‌كانی وه‌رناگرێت . ئه‌م هۆكاره‌ش وای له گورگه‌كانی سیاسه‌ت كردوه كه به ئاسانی خیانه‌ت و زولم و هه‌ڵه گه‌وره‌كانیان بپۆشن، هه‌ر جارێكیش به نمایشێكی تازه له گه‌ڵ بارودۆخی جیاواز خۆیان بنوێنن. ڕوداوه‌كانیش له بیر خۆیان و خه‌ڵك به‌رنه‌وه. كورد گۆته‌نی نه با هاتوه ، نه باران. كاتێك ئه‌م وه‌ڵام دانه‌وه‌م خوێنده‌وه له به‌ر خۆما پێكه‌نیم و وتم، باشه ئه‌مانه خۆیان گێلن یان خه‌ڵك به گێل ئه‌زانن؟ كێ ماوه له سه‌رتا سه‌ری كوردستان ئه‌و راستیه نه‌زانێ كه ئه‌م دوو سوپایه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م دوو حیزبه كار ده‌كه‌ن؟ كێ ماوه نه‌زانێ كه ئه‌م دوو سوپایه به كرێ گیراون و به زه‌بری پاره ڕاگیراون . زۆربه‌ی زۆری چه‌كداره‌كانیشیان یان له جاش، یان له عه شیره‌تگه‌ری پێكهاتوه . باشه كه‌ی سه‌رۆك جاشه‌كان خه‌م خۆری ئه‌م ملله‌ته بونه؟ كه زۆربه‌ی هێزه‌كانی پارتی له‌م كه‌سانه پێك هاتوه . هه‌ر چه‌نده هێزه‌كانی یه‌كێتیش لێی بێ به‌ش نیه. وا دیاره ئه‌م دوو حیزبه بۆنه‌ته كلیسه، جاشه‌كانیش گوناهه‌كانیان تیا ده‌شۆنه وه . كاكه فازیل میرانی له هه‌ولی ئه‌وه دایه میننه‌تێكی تر بخاته سه‌ر شانی ئه‌م كۆمه‌ڵه هه‌ژاره و قه‌رزاریان بكات. كه گوایا ئه‌مانه‌ن پارێزه‌ری ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕاپه‌رینن، خه‌م خۆری میلله‌تن و كورد تا ماوه میننه‌تداری ئه‌وانن. بێ شه‌رمانه له وه‌لام دانه‌وه‌كه‌ی گۆڕانكاریه‌كی گه‌وره و ته‌زویر له مێژوو ده‌كات ،هه‌وڵ ده‌دات ڕابردوه ڕه‌شه‌كانیان كه پڕه له شه‌رمه‌زاری و تاوانباری به چه‌ند دێرێك بگۆڕێت به ڕابردوێكی خه‌بات و خۆ به‌خت كردن له پێناو پاراستنی كورد و كوردستان. باس له وه ده‌كات و ده‌ڵێت ( به‌ڵێ پارتی و یه‌كێتی سوپامان هه‌یه، به‌ڵام سوپای ئیَمه بۆ بۆ پاراستنی گه‌لی كوردستان و ئه‌زمونی كوردستان بوه. ) ئاخه ر كێ به‌م دوعایه ده‌لێ ئامین ؟ كێ ئه‌وه‌نده ساكاره بڕوا به قسه یه‌ك بكات كه خاوه‌نه‌كه‌ی له ته‌واو كه‌ری وتاره‌كه‌یدا به شاهێدی هه‌موو كوردێك خۆی به درۆ ده‌خاته‌وه!!! ئه‌ویش كه ده‌ڵێت (ئه‌گه‌ر له‌دوای راپه‌ڕینیش تا ئێستا ژماره‌ی شه‌هیده‌كانی هه‌ردوولا بژمێرین بۆ پاراستنی ئه‌م ئه‌زمون و شه‌رعیه‌ته، هێنده‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی هه‌ندێك پارت ده‌بێت ) ئاخه‌ر تۆ به چ چاوو ڕوێكه‌وه باس له دوای ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌ی؟ ئه‌گه‌ر چاوێك له ساڵانی دوای ڕاپه‌ڕین بخشێنین له برا كوژی و یه‌كتر ئه‌نفال كردن زیاتر هیچمان به‌ر چاو ناكه‌وێت . هه‌ر دوێنێ بوو هێزه‌كانتان ده‌ستیان هه‌ڵكردبوو بۆ له ناو بردنی یه‌كتر، ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانتان جوێن و قسه‌ی ناشیرنیان وه‌كو شیعر بڵاو ده‌كرده‌وه. شه‌ڕه جوێنه‌كانتان گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه باس له ناموسی یه‌كتربكه‌ن. ئه‌م ئه‌زمونه‌تان خستبوه خه‌ترناكترین شێواز. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا و بار‌و دۆخی خراپی عیراق نه‌بوایا، ئێستا قه‌تارو ئه‌ڵڵاوه‌یسمان ده‌خوێنده‌وه بۆ ڕاپه‌رین. هه‌ر دوێنێ بو ئه‌تانوت ئه‌گه‌ر شۆڕشمان پێ نه‌كرێت ، ئه‌وا شۆڕشمان پێ تێك ده‌درێت. دوای ڕاپه‌رینه جه‌ماوه‌ریه‌كه یه‌كه‌م كارتان لێدانی پارتی كرێكارانی كوردستان بوو . پاشان به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان برا كوژیه‌كه‌تان فراوانتر كرد. بڵاوه‌تان لێ كرد، له سه‌رتا سه‌ری كوردستان تینواتی ساڵه‌های ساڵتان به خوێنی یه‌كتر ده‌شكاند . زه ڕره حیسابێكتان نه بۆ كورد كرد نه بۆ ئه‌م ئه‌زمونه . ئه‌وه بو ده‌بابه‌كانی ڕژێم له ناو شاری هه‌ولێر كه‌لاشه‌ی ده‌كرد . ئاخه‌ر هه‌ر دوێنێ بو خۆتان دانتان به‌وه‌نا كه ئه‌نفالی یه‌كترتان كردوه. ئه‌شكه‌نجه‌ی یه‌كتریتان ئه‌دا له زیندانه‌كانتان، كه جیاوازیێكی ئه‌و تۆی نه بوو له گه‌ڵ زیندانه‌كانی رژێمی به‌عس. كه‌چی ئێستا به‌و په‌ڕی سه‌ربه‌رزییه‌وه باس له خه‌بات و پاراستنی ئه‌زمون ده‌كه‌ن. ده‌ك ڕوتان ڕه‌ش بێ له گه‌ڵ خۆتان و پاراستنتان . ئه‌م ئه زمونه له لایان خودا‌و ئه‌مریكا پاراسترا. ئه‌گینا به ته‌مای ئێوه بوباین ئێستا حال و حه‌لوه‌لامان بوو. ئێستاش ئاماده‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌و ده‌سه‌ڵات بونی چه‌ند كه‌سێك كوردستان مه‌زاد بكه‌ن و ئاش به‌تالێكی تر بنێنه‌وه . ئه‌مه‌ش شتێكی زۆر ئاساییه له پیشه‌ی ئێوه دایه تازه به‌م دواییه‌ش واز هێنانتان له‌م پیشه‌یه مه‌حاڵه. كورد گوته‌نی خوی شیری هه‌تا پیری. |