سەردار پشدەری، لەبارەی مەسعود بارزانییەوە خەتات فەرموو ئەمجارەیان سەرچیغ چوویت و نەتپێكا
Nov 01,2008 00:00 by kurdistanNL

 تەزێن  : 

tazen.kurd@yahoo.com
خوێنەری بەڕێز بەر لە خوێندنەوەی دیدەكانی من تكایە كرتەی ئەم بەستەرە بكە بۆ خوێندنەوەی بابەتەكەی كاك سەردار پشدەری:
 
http://www.kurdistanpost.info/news/4095.html
 
 دوێنێ لە سایتی كوردستانپۆستی خۆشەویستدا بابەتێكی بەڕێز(سەردار پشدەری)م خوێندەوە كە تێیدا پێشنیارێكی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعود بارزانی)كردووە، بۆئەوەی كودەتایەكی سەربازی بكات لە عێراقێ و مالیكی لە بەغدایێ وەدەرنێ. ئەوەی ئەمن پێی سەرسام بووم ئەوە بوو كە كەسێكی وەك كاك سەردار ئەو پێشنیارە ساویلكەیە بۆ سەرۆكی هەرێم بكات و گشت هیواكانی بەو سەرۆكە بێهێزە هەڵبواسێت، كاك سەردار من كە خوێنەرێكی جددی بابەتەكانم پێت دەڵێم(ئەمجارەیان خەتات فەرموو)، بەڵێ سەرچیغ رۆیشتووی ئەمجارە، ئەمجارەیان یەكجار سادە بیرت كردۆتەوە، دیارە من لەناوەوەی كوردستانەوە قسان دەكەم و خۆم رۆژانە لەگەڵ واقیعەكەدا دەژیم و لە نزیكەوە ئاگاداری رەفتارەكانی سەرانی كوردم، بەتایبەتیش ئەو سەرۆكەی كە كاك سەردار (ئامادەیە پێشڕەوی كودەتاكەی)بۆ بكات، بێگومان من لە دیدگای خۆمەوە قسان دەكەم، هیواداریشم كاك سەردار ئەم قسانەم بە دڵێكی فراوان وەربگرێت.
 بەر لە هەر قسەیەك بۆئەوەی خوێنەر بە هەڵە لێم تێنەگات، من تا سەر ئێسقان و تا ئەودیوی ئێسقانیش دژی مالیكی و بۆچوونەكانی مالیكیم و هەرگیز قبوڵم نییە رۆژێك لە رۆژان یەكێكی وەكو مالیكی حاكمی وڵات بێت، بەڵام ئەوە سەرانی كوردن كە بەندەی دڵسۆزی مالیكین و ئامادەن بۆ بودجەی 17%ی كوردستان كە هەمووی بۆ گیرفانی دوو حیزبە گەندەڵەكە(پارتی و یەكێتی) و حیزبە پێناوەكانیانە، ئامادەن لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی كورد هەموو سازشێك بۆ مالیكی بكەن، ئەوە ئەو سەرۆكەیە كە كاك سەردار خەریكە دەیەوێت بیكاتە پاڵەوان كە ئامادەیە بۆ چەند دڵۆپێك نەوت هەموو كورد بفرۆشێت،هەر ئەو سەرۆكە لەپێناو ئەوەی كە توركیای خوێنمژ و تینوو بە خوێنی رۆڵە دلێرەكانی كورد لێی زویر و دڵگیر نەبێ ئامادەیە رۆڵەكانی ئەو میللەتە بفرۆشێت، هەر ئەو سەرۆكەش بوو كە بۆ مانەوەی بنەماڵە ریسواكەی خۆی لە 31ی ئابدا هەموو سەروەرییەكانی كوردی خستە ژێر ئەو دەبابانەی كە هێشتا خوێنی ئەنفالەكانیان پێوە مابوو، ئەدی كاك سەردار هەر مەسعود بارزانی نەبوو پێشڕەوی هێزەكانی ئەرگەنەكۆنی توركی دەكرد لە قەندیل بۆ كوشتنی رۆڵە خەباتكارەكانی كورد، چما كاك سەردار تۆ رۆژێك لە رۆژان شیعرێكی عەبدوڵڵا پەشێوی گەورە شاعیرت نەخوێندۆتەوە كە دەڵێ(ئەوانە دزو قەحپەشیان بەشكرد). هەر ئەوانە(پارتی و یەكێتی) نەبوون كە هەزاران گەنجی كوردیان بەكوشتدا لە پێناوی خۆیان، بۆ تۆ پێتوایە ئەوانە ئێستا بۆیان بلۆێ ئەو رەفتارە دڕندانەیان دووبارە ناكەنەوە؟!
 هەر دەزگای پاراستنی مەسعود بارزانی نەبوو كە لە 5/3/2008 ئەكادیمی و مامۆستای زانكۆ و نووسەری كورد(د.عەبدولستار تاهیر شەریف)ی لە كەركووك كوشت لەسەر ئەوەی كە راستیەكانی ئەو بنەماڵەیەی ئاشكرا كرد و پرسیاری كرد لە پیرۆزییە دەستكردەكانی بنەماڵەكەی مەسعود؟
 ئەدی كاك سەردار هەر ئەو دەزگا ریسوا و هیچوپوچە نەبوو كە لە 21/7/2008 بەرپرسی نووسینگەی كەركووكی گۆڤاری(لڤین) كاكە (سۆرانی مامە حەمە)ی تیرۆركرد لەبەرئەوەی پەیوەندییە نهێنییەكانی ئەو سیستمە بۆگەنەی كەشف كرد كە ئەو بنەماڵەیە ئێستا لە كوردستان بەڕێوەی دەبەن.
 كاكە سەردار هەر دەزگا بەدناو و سوكەكەی پاراستنە كە ئێستا پیلانی كوشتنی سەرنووسەری گۆڤاری(لڤین) كاك )ئەحمەد میرە)ی داناوە-كە خۆشبەختانە ئەمجارەیان ئاشكرا بوون و چاوەڕێی ریسوا كردنیانین- ئەو سەرنووسەری كە بەتەنیا توانیویەتی رێبەرایەتی شۆڕشێكی رۆژنامەگەری ئەهلی و ئازاد بكات لە كوردستان.
 گەلۆ تۆ بڵێ كاك سەردار پشدەری لەم شتانە بێئاگا بێت؟! سەیرە!!
 بە بۆچوونی من هەر گۆڕانێك ئەمجارە لە كوردستان شەپۆڵێك تیرۆر و تۆقاندن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت كە بە دڵنیاییەوە زۆربەی لەلایەن ئاژانسی (پاراستن)ی پارتییەوە ئەنجامدەدرێت، با هەموو دونیاش ئەوە بزانێت كە لە كوردستان ئەو دەزگایە چ كاری بەدڕەوشتیی و كوشتن و تۆقاندن نەماوە ئەنجامی نەدەن، لەپاڵ ئەوانیشدا سەدان دەزگای موخابەراتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی(ئیقلیمی) رۆڵێكی بەرچاو وازی دەكەن،
 هەر گۆڕانكارییەكی ئەمجارە لە عێراقدا لە كوردستانیش دونیایەك رووداوی كوشتنی پەردەپۆشكراو دەهێنێتەوە پێشمان و كەسیش قودرەتی ئەوەی نابێت ئەو دەستە كەشف بكات كە ئەو كارە دەكات، چونكێ ئەمجارە دایانناوە زۆر بە سیستماتیك كار بكەن بۆ دوو مەبەست:
 1- چاو ترساندی خەڵك بە هەر رێگایەك بێت بۆئەوەی دەنگ هەڵنەبڕن لەبەرامبەری ئەو دوو حیزبەی كە تا بینەقایان خیانەتی نەتەوەیی و گەندەڵییە.
 2- بە هەموو شێوەیەك پاكتاو(تەسفیە)ی ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانە بكەن كە لەو پەراوێزە زۆر بەرتەسكەی ئازادی كوردستانەوە قسان دەكەن.
 3- لەپاڵ ئەمانەشدا بێگومان زۆر مەبەستی دیكەیان هەیە، بۆئەوەی مانەوەی خۆیان و بنەماڵەكەیان مسۆگەر بكەن لە دەسەڵات.
  كاك سەردار كە تۆ لە (لەندەن)ی و ئاگات لە ناوخۆی كوردستان نییە تكایە ئەمجارەیان پێشنیاری لەو چەشنە دووبارە مەكەوە، چونكە دڵنیابە ئەمجارە نەتپێكاوە و زۆر سادە بیرت كردۆتەوە.
 من پڕ بە دڵ حەز دەكەم ئەو رژێمە بۆگەنەی ئێستا عێراق بەڕێوە دەبات بڕوخێ و رژێمێكی دیموكراتی بیبێتە حوكمڕان كە بەر لە هەر شتێك دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیدا بنێت، بەڵام نەك بە سەركردایەتی (جەلال و مەسعود) بەڵكو بە سەركردایەتی یەكێك كە یەكەمین كاری گێڕانەوەی ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان(كەركووك و خانەقین و مەخمور و شەنگال....) و حەل كردنی هەردوو دەزگای پاراستن و زانیاری بێت، پاشان هەرگیز سازش لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانمان نەكات و دەستی ئەو هەموو موخابەراتە دەرەكییە ببڕێت كە لە كوردستان بە هاوكاری پارتی و یەكێتی كار دەكەن بۆ بەرژەوەندی وڵاتەكانیان لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان.
 
 كاك سەردار ئەمجارەیان سەیرم لە ساویلكەییت دێت، گومان لە بیركردنەوەت دەكەم، تۆ نازانیت كە رۆژێك لە رۆژان ئەو سەرۆكەی كە تۆ بە كەسێكی بەهێز و خاوەن نفوزی دەزانیت لە كوردستان وەك سەرۆكی هەرێم بیری نەكردۆتەوە و رەفتاری نەكردووە؟ بەڵكو تا ئێستاش ئەو پیاوە وەك سەرۆكی بەشێك لە عەشیرەتی بارزانی بیر دەكاتەوە، كاكە سەردار گیان بۆئەوەی لە قسەكانم دڵنیابیت با نموونەیەكی ئەو سەرۆكەت بۆ بگێڕمەوە، رۆژێك مەسعوود بارزانی و براو كوڕەكانی سەردانێكی ناوچەی(بارزان) و دەوروبەری دەكەن، لە كۆبوونەوەیەكی فراوان لە بارزان لەگەڵ خەڵكەكەی و ریشسپییەكانی ئەو ناوچەیە، موسعود دەڵێت(چ كێشەیەكتان هەیە با بۆتانی چارەسەر بكەین؟) یەكێك لەو كەسانەی كە ئامادەی ئەو دانیشتنەیە و نزیك لە بارزانی دانیشتووە دەڵێت(وەڵا قوربان ئێمە كیشەی ماددیمان نییە لەخوا بەزیاد بێت، بەس بەڕاستی كچی بەتەمەن و قەیرەمان زۆرن، ئێمەش وەك عەشیرەتی بارزانی كە نابێت كچمان بدەینە سۆرانی و بادینییەكان لە ئەنجامی ئەمەوە ئەو قەیرەییە لەو ناوچەیە زۆر بووە، بۆیە پێشنیاری ئەوەت بۆ دەكەم كە تۆ وەك سەرۆك بڕیارێك بدەیت بۆ بارزانییەكان ئاسایی بێت كە كچی خۆمان بدەین بە سۆرانییەكان) ، قوربان دەزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چی وەڵام داوەتەوە؟! لە وەڵامدا مەسعود بارزانی دەڵێت(ئەگەر هەموو كچەكانیشتان كەزی سپی بهۆننەوە و یەك كوڕی بارزانی ئامادە نەبێت بیانهێنێ، من رازی نابم كچی خۆتان بدەن بە جەلالییەكان"جەلالی لەو دەربڕینەی مەسعود واتا سۆرانییەكان") ، كاك سەردار ئەو سەرۆكەی كە تۆ پێتواییە ئەگەر ئەو كودەتایە بكات زۆر موهیم دەبێت، وا دەرنەچوو كە تۆ فەرمووت، بۆیە دیسانەوە پێت دەڵێم خەتات فەرموو.
 تا ئێستاش لە كوردستان دەسەڵاتی كوردی گەندەڵترین و ستەمكارترین دەسەڵاتە، تا ئێستا لەسەر ئاستی دیپلۆماسی شكستێكی گەورەی هێناوە، خۆ ئەگەر لەسەر ئاستی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە تاكەكەسییەكانیشەوە تەاشای بكەین دەبینین كە چەندە كڵۆڵە، راپۆرتەكانی ساڵانەی ئەمینیستی ئینتەرناشناڵ و هیومان رایتس وۆژ شاهیدی قسەكانمن.
 كاك سەردار چما تۆ نازانی ئەو دوو حیزبە تا ئێستاش نەیانتوانیوە تاكی كوردی لەو هەموو نەهامەتییە رزگار بكەن ككە رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعس و رژێمەكانی پێشووتر بەسەر گەلی ستەمدیدە كوردیان هێنا؟ چما تۆ نازانی پارتی و یەكێتی بە رێبەرایەتی جەلال و مەسعود درێژەپێدەری هەمان سیاسەتەكانی بەعسن و هیچ پیرۆزییەكانیان بۆ ئازادییەكانی تاكی كوردستانی نەهێشتۆتەوە؟ چما تۆ لەو هەموو نادادییەی كە رۆژنە لە كوردستان دەكرێت ئاگادارنیت؟ چما تۆ بێئاگایت لەو كوشتارە یەك بەدوای یەكانەی نووسەر و رۆژنامەنووسان لە كوردستان؟ كاك سەردار چما تۆ ئاگات لێ نییە كە نێچیرڤان لە بری یەك دیمانەی (شەرقولئەوسەت) ئامادەیە زەوییەك بداتە مەعد فەیازی رۆژنامەنووس كە بەهاكەی (160) هەزار دۆلاری ئەمریكییە و ئامادە نییە یەك پارچە زەوی دورەشاریشبێت بداتە رۆژنامەنووسانی كورد؟ كاكە سەیرم لێت دێ ئەگەر رووداوەكەی 31ی ئابت بیرچووبێتەوە و لێی بێئاگابیت؟ كاكە گیان چ بێگا بیت و چ بە ئاگا نەدەبووایە ئەم پێشنیارە بێ بنەمایەت بۆ سەرۆكی هەرێم كردبا، چونكێ ئەگەر بێواگای لە رەوشی كوردستان، مرۆڤ نابێ لە بێئاگاییەوە قسان دەرپەڕێنێ، خۆ ئەگەر ئاگاداریش، دەبووایە ئەوەندۆكە لێكدانەوە سادانەت لەبەرچاوبان كە من لەم نووسینە مشتێكی نموونەی خەرمانێكم بۆت باس كردووە.
 خۆ لای هەموومان روونە كە مێژووی كورد لە كۆنەوە تاكو ئەمڕۆ پڕیەتی لە خیانەتی یەك بەدوای یەك، بەتایبەتیش ئەم دوو حیزبە، بەتایبەتتریش مەسعود بارزانی خیانەت نەما لەم میللەتەی نەكات، ئێستاش لە خیانەتەكانی بەردەوامە، هەر لە دانیشتنە نهێنییەكانی لەگەڵ(میت)ی توركی و (ئیتیڵاعات)ی ئێرانی بۆ لەناوبردی خەباتگێڕانی باكوور و رۆژهەڵات، هەر لە سازشە بەردەوامەكانی بۆ مالیكی و سەرانی شیعە و سوننەی عێراق، هەر لە رێكەوتنی خۆی و جەلال تاڵەبانی-كە ناویانناوە رێكەوتنی ستراتیژی- بۆ دەمكوتكردنی خەڵكی كوردستان و حەپەلوش كردنی سەروەتی كوردستان كە ساڵانە بێجگە لە باجەكان و داهاتی گومرگەكان زیاترە لە (9 ملیار) دۆلاری ئەمریكی.
 بەڕێز سەردار پشدەری تۆ لە نووسینەكەش و خودی بڵاوكردنەوەكەی لە كوردستانپۆست چەندین هەڵەی زەقت كردووە:
 1- خۆی لەخۆیدا پێشنیارێكی لەوچەشنە شتێكی ئەوپەڕی نا لۆژیكییە، لەكاتی نووسینی ئەم پێشنیارە ئاوەز نائامادە بووە.
 2- كوردستانپۆست كە هەمیشە هەوڵ دەدات بڵاوكردنەوەی بابەتەكانی سیستماتیك بن نەدەبوو ئاوا بابەتێك بڵاو بكاتەوە، چونكە شتێكی یەكجار كرچ و كاڵ و بێبنەمایە.
 3- پێشنیاركردنێكی لەوچەشنە تا ئەوپەڕی نەشارەزایی بەڕێزتان دەردەخات لە سیاسەتی ئێراق و جیهان، من پێم سەیرە كە بەڕێزتان ئەوەندە بێئاگان لە رووداوەكانی ئێراق.
 4- لە پەرەگرافی یەكەم نووسیوتە كە ئەمریكا و بەریتانیا لە مالیكی نیگەرانن، ئەو قسەیەت دروست نییە و خەتات فەرموو، چونكێ رێك پێچەوانەی ئەو قسەیە دروستە، ئەمریكا و بەریتانیا لە سیاسەتی كوردی و سەرانی كور و بەتایبەتیش لە مەسعود بارزانی نیگەرانن، بەڵام ئەمریكییەكان كارەكانیان زۆر ژێربەژێرییە و هەموو شتێك لە راگەیاندنەكانەوە باس ناكەن.
 5- لە پەرەگرافی دووەم ئاماژە بە تەعریب و هیڵی شینی 36 دەكەیت، بەقوربان ئەو سەرۆكەی تۆ پێتوایە خاوەن هێزێكی گەورەیە هەر خۆیبوو لە قانوونی ئیدارەی دەولەت و لە دەستووری هەمیشەیی ئێراقێ نەرمی نواند و سازشی لەسەر ئەو ناوچانە كرد، ئێستا خۆیشی لەمن و لەتۆ دڵنیاترە كە بەو سیاسەتە سەقەتەی ئەو دەیكات هەرگیز ناتوانرێت ئەو ناوچانە بگەڕێنرێنە سەر كوردستان و قەتیش ناتوانێ بە رەسمی بچێتە ئەودیوی 36ەوە، ئەوە هەڵەی ملیكی نەبوو بەتەنیا، بەڵكو پشكی هەرە گەورەی ئەو سازشە سەرانی كورد بەتایبەتیش بارزانی و تاڵەبانی كردیان.
 6- كاكە نەتۆ دەچییە شوێنی ئەو و نە ئەویش خاوەنی ئەو هێزە زۆرەیە كە باسی دەكەیت و نە توانای كودەتای هەیە لە عێراق.
 7- ئەمریكا نە داوای كودەتا لە یەكێكی وەك مەسعود دەكات و نە پێشی خۆشە كە ئەو پیاوە كودەتا بكات، دڵنیاشبە زۆر پێی دڵگرانە، لە حاڵەتی روودانی ئەو كودەتا سەقەتەی كە تۆ پێشنیارت كردووە ئەمریكا هەرگیز ناهێڵێت سەربگرێت، زۆر زۆر دڵنیابە لەوە.
 8- قوربان كە مەسعود دەچێتە بەغدا شەڕی بەرژەوەندییەكانی گیرفانی خۆی و برازاكەی و مامەی هاوڕێی دەكات نەك بۆ ستاندنەوەی خوێنی ئەنفالەكان، ئەمجارەشیان سەرچیغ رۆیشتی لە حاڵەتی كودەتایەكی لەوشێوە هەزاران كەس پێش مەسعود ناكەون، چونكە ئێستا خەڵكی كوردستان باش لە ناوەرۆكی پوچی ئەو پیاوە گەیشتوون، لەوەش دڵنیابە هەر خۆت بە تەنیا دەمێنیتەوە ئەگەر بەشداری ئەو كودەتایە بكەی كە قەت روونادات.
 كاك سەردار دوا قسەم ئەوەیە كە ئەگەر بە هیوای ئەوە بژیت سەرۆكی هەرێم پێشنیارەكەت جێبەجێ بكات، ئەوان بێگومانبە و دڵنیابە بەو هیوایەوە سەردەنێیتەوە و هیواكەت نایەتە دی، چونكە مەسعود بارزانی لەبەر لەدەست نەچوونی بەرژەوەندییەكانی ئامادەنییە بە مالیكی بڵێت پشتی چاوت دوو برۆیە، جا چۆن ئینقیلاب بەسەر ئەو برا عەرەبە چاوكاڵەدا دەكات!!
 بۆ خوێندنەوەی هەوڵە نەزۆكەكەی پاراستنی مەسعود بارزانی بۆ تیرۆركردنی كاك (ئەحمەد میرە)ی سەرنووسەری گۆڤاری لڤین ئەم بەستەرە كلیك بكەن:
 http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hemereng&jimare=319