مه‌یلی بکه بۆ هاوڕێکه‌ت |
چاپی بکه |
زیندانەکانی کوردستان هەر بۆ رۆژنامەنوسان باشە

January 19,2009
عومه‌ر سه‌یده:
زیندان ئه‌گه‌ر تاوانباری تیادا نه‌بێت, به دڵنیاییه‌وه ده‌بێت بێتاوانی تیادابێت, هه‌ر بۆیه زۆر ئاساییه كاتێك ده‌بیستین لێره‌و له‌وێ حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان هه‌ر خه‌ریكی زیندانیكردنی رۆژنامه‌نوسانن, چونكه دواجار ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نوس نه‌بێت ئه‌م وڵاتی كوردستانه زۆر بێ كێشه ده‌بێت, به‌ڕاستی من نازانم رۆژنامه‌نوسان بۆ وا ده‌كه‌ن, بۆ ئاقڵ نابن, بۆ كێشه ده‌نێنه‌وه له كوردستانی ئارام‌دا .. كوردستانێك وه‌كو به‌هه‌شته .. خه‌ڵك له هیچی كه‌م نیه ئه‌مانه شه‌ڕ به‌و ده‌سه‌ڵاته نه‌گبه‌ته .. بێ زمانه .. بێ گه‌رده ... بێ له‌كه‌یه .. خاكییه .. راستگۆیه .. خۆماڵییه .. عادیله ده‌فرۆشن.
منیش پێم وایه ده‌بێت هه‌ر رۆژنامه‌نوسێك ره‌خنه‌ی له ده‌سه‌ڵات و كۆنه به‌عسییه‌كان گرت ده‌بێت زیندانی بكرێت, به‌ڕاستی بۆچی رۆژنامه‌نوسان له خۆیانه‌وه له بری میلله‌ت قسه ده‌كه‌ن, خۆ كه‌س نه‌یانی كردوه به نوێنه‌ری خه‌ڵك, نوێنه‌ری خه‌ڵك ده‌بێت كۆنه به‌عسی و كۆنه‌جاش بووبێت, ئه‌و كه‌سه‌ی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له بری خه‌ڵك قسه بكات ته‌نها ئه‌وانه‌ن كه مافی به تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م گه‌له‌یان هه‌یه, ئیدی نازانم بۆ رۆژنامه‌نوسه‌كان له‌وه تێناگه‌ن, بۆ له خۆیانه‌وه قسه به‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌كه‌داری بكه‌ن, كاكی خۆم میلله‌ت رازییه به‌وه‌ی كه له كوردستاندا هه‌یه‌و ناوی لێنراوه ده‌سه‌ڵات, ئیدی ئێوه بۆ رازی نین و نایه‌ڵن ئه‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كاره‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات, كه هه‌مومان ده‌زانین ئه‌رك و كاری ئه‌وان چیه‌و چی ده‌كه‌ن, به‌جدی بۆ رۆژنامه‌نوسان له خۆیانه‌وه قسه ده‌كه‌ن و ره‌خنه ده‌گرن؟!! كه‌س هاتوه بۆ لایان گله‌یی بكات و شكات بكات؟!! دواتر خۆ رۆژنامه‌نوس دادوه‌ر نیه .. دادوه‌ر ئه‌وه‌یه كه ته‌نها به گیان رۆژنامه‌نوس ده‌وێرێت, به‌سه كاكه له خۆتانه‌وه ناهێڵن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته گوناحه به كه‌یفی خۆی شه‌پڵی شه‌پان بكه‌ن به‌وه‌ی كه ده‌خرێته به‌رده‌ستیان .. ؟ دواتر خۆ كفرحان نه‌كرد وتیان وڵات دیموكراسییه كاكه گاڵته‌یان كرد ده وازیان لێ بهێنن, یانیش بیر له گۆڕینی ده‌سه‌ڵات بكه‌نه‌وه ئه‌گه‌ر زۆر به دڵتان نیه.
ئه‌وه من له خۆمه‌وه وتم گۆڕینی ده‌سه‌ڵات .. یان هه‌ڵه‌م كرد؟ نا هه‌ڵه نیم .. ده‌سه‌ڵات تا ئه‌و جێیه ده‌شێت ره‌خنه‌ی لێبگرێت كه توانای گۆڕانكاری هه‌بێت, ئه‌گه‌رنا ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتێكی له كار كه‌وتووه‌و مومكین نیه چاوه‌ڕێی زیاتری لێبكرێت, هه‌ر بۆیه ده‌بێت به زووترین كات میلله‌ت بیر له دروستكردنی ده‌بیلی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بكاته‌وه, ده‌سه‌ڵاتێك به خوێنی رۆڵه‌كانی ئه‌م میلله‌ته پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگتبێت, نابێت ته‌نها له خه‌می خۆیان و كۆشك و سه‌روه‌ت و سامان و ژماره‌حسابی بانكیانه بن, ئه‌گه‌ر له‌وه زیاتر بێئاگاو بێخه‌م ده‌بن له خه‌مه‌كانی میلله‌ت, ئه‌وه ده‌بێت خۆیان بۆ لابردن ئاماده بكه‌ن له ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و هیچ بوارێك بۆ چاوه‌ڕوانی خه‌ڵك نه‌ماوه كاتێك ئه‌وان مه‌وداكانی ئازادییان تا ئه‌و راده‌یه به‌رته‌سك كردبێته‌وه كه به ره‌خنه‌ی رۆژنامه‌نوسێكی ئازاد‌و ئازا وه‌ڵام ته‌نها كوشتن و خزاندنه نێو زیندانیان هه‌بێت, پێویسته یلله‌تیش هیچ نه‌بێت هه‌ر له‌وانه‌وه فێر بێت, كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی كوردستان ده‌بێت یه‌كه به یه‌كه‌ی به‌رپرسه‌كانی بخرێنه زیندانه‌وه, بۆ ئه‌وه‌ی بزانن تامی زیندان چیه, بۆ ئه‌وه‌ی مافی ئه‌و میلله‌ته‌یان لێبسه‌ندرێته‌وه, بۆ ئه‌وه‌ی به حوكمی یاسایی خۆیان بگه‌ن.
رژێمی به‌عس 35 ساڵ حوكمی عێراقی كرد ..خه‌ڵكی عێراق هه‌موو ده‌یانگوت ئه‌م حیزبه دیكتاتۆره ده‌سه‌ڵاتی قۆرخ كردوه‌و ده‌بێت به شۆڕش لاببرێت له‌سه‌ر حوكم, هه‌ر چه‌نده ئه‌و حیزبانه‌ی ئێستا له كوردستانن, به ناوی شۆڕشه‌وه ساڵانێك له شاخ خه‌ڵك و منداڵی خه‌ڵكیان ماندوو كرد, به‌ڵام سه‌ره‌نجام به راپه‌ڕینی میلله‌ت ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان و به هێزی ئه‌مریكا ته‌واوی عێراق له ده‌ستی به‌عس ده‌رهێنرا, به‌ڵام وا 18 ساڵه ئه‌م دوو حیزبه كه ده‌كاته نیوه‌ی ماوه‌ی حوكمڕانییه‌كه‌ی به‌عس و ده‌سه‌ڵاتی كوردستانیان بۆ خۆیان و ئه‌حبابه‌كانیان قۆرخ كردوه‌و هه‌ر ده‌ڵێن هێشتا حكوه‌ت ساوایه, هێشتا له قۆناغی ئه‌زمونداین, ده‌ی به‌ڕێزان .. خه‌ڵكی هۆشیاری كورد من ده‌پرسم ئایه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كورد به 18 ساڵ نه‌توانێت سیستمێك بۆ حوكمڕانی ده‌سته‌به‌ر بكات, پێاتن وایه به 50 ساڵیش ئاماده‌بن واز له كورسی ده‌سه‌ڵات بهێنن و سیماكانی دیموكراسییه‌ت له حوكیاندا ده‌ربكه‌وێت, نه‌ك من هه‌موو كه‌س ئه‌و راستییه باش ده‌زانێت كه له‌م كاته‌دا كه هه‌رچی پارتی و یه‌كێتییه, وا خه‌ریكن په‌راوه به نه‌وه‌كانی سه‌رۆك ده‌كه‌ن بۆ هاتنه سه‌ر حوكم .. كه‌وابێت نیازیان نیه جگه له خۆیان و كوڕه‌كانیان ده‌سه‌لات بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك چۆڵبكه‌ن, به‌ڕاستی مایه‌ی پێكه‌نینه, منداڵی سه‌رۆكه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازاری شه‌ڕی ناوخۆیان نه‌چه‌شتووه‌و نه‌هامه‌تیان نه‌بینیوه. له وڵاتانی دیكه خه‌ریكی دیراسات بوونه و وا هێواش .. هێواش كورسییه‌كانیان ده‌ده‌نێ تا ئه‌گه‌ر باوكیان نه‌ما ئه‌وان جێیان بگرنه‌وه, من نازانم ئه‌وان پێیان وایه خه‌ڵك ئه‌مه نازانێت, یان پێیان شوره‌یی نیه كه خه‌ریكی ئه‌و پلانه بۆگه‌نه‌ن؟!! به‌ڕاستی خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ی كوردستان راپه‌ڕینی كرد‌و به‌عسیان له كوردستان ده‌ركرد, كه‌چی ئه‌مانه هاتوون به تۆپزی ده‌سه‌ڵاتیان بۆ خۆیان داگیر كردوه‌و شوێنی خۆیان گه‌رم كردوه‌و نیازیان نیه هه‌ر به ئاسانی چۆڵی بكه‌ن, ده‌ی كاكه خۆ ماره‌ی له ئێوه نه‌بڕاوه ئه‌و كورسییانه, تا به ئاره‌زووی خۆتان بیخه‌نه زێر منداڵه‌كانتان, میلله‌ت ده‌بێت هه‌رگیز شتی وا قبوڵ نه‌كات, چونكه دارێك به چه‌وتی گه‌وره بوو سێبه‌ره‌كه‌یشی هه‌ر چه‌وته, مه‌ترسن خه‌ڵكی كوردستان مافی خۆمانه داوای گۆڕینی ده‌سه‌ڵات بكه‌ین, چونكه سیستمه‌كه ناوی سیستمی دیموكراسییه, .. له دیموكراسیدا ده‌سه‌ڵات ده‌بێت ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی پێ بكرێت, به‌ڵام ئه‌مانه نیازیان نیه تا سه‌ده‌یه‌كی دیكه‌یش ده‌سه‌ت له‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌ڵبگرن, به‌ڕاستی قبوڵكردنی ئه‌وه‌یش مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه, میلله‌ت كه هۆشیار نه‌بێت ده‌سه‌ڵات ده‌بێته دیكتاتۆر .. هه‌ر بۆیه نابێت گه‌ل ئه‌وه‌یان لێ قبوڵ بكات له‌وه زیاتر یاری به چاره‌نوسی ئه‌م وڵاته‌وه بكه‌ن, له پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان له سه‌ر ده‌سه‌ڵات وپاش خۆیان كوڕه‌كانیان بهێننه جێی خۆیان, له‌و پێناوه‌یشدا هه‌ر كه‌سێك قسه بكات به چه‌قۆی قانون زمانی ده‌بڕن, به‌لام پێویسته كارێك بكرێت تا ئه‌و ده‌سه‌لاته به‌و شێوه‌یه قانون بۆ كاری تایبه‌ت به كار نه‌هێنێت, با ببینین دوو به‌رپرسی گه‌نده‌ڵ چی بدرێته دادگا .. با دوو خاوه‌ن فایل حوكم بدرێت .. با یه‌كێك له‌و كۆنه به‌عسییانه ببینین له دادگاكانی كوردستاندا كه خزمه‌تی به به‌عس كردوه‌و دژی خواسته‌كانی میلله‌تی كورد بووه, با تاوانبارێكی شه‌ڕی ناوخۆ زیندان بكرێت, خۆ ئه‌و هه‌موو بێسه‌رو شوێنانه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ(ناسیح عه‌بدلڕه‌حیم) بێسه‌روشوێنی نه‌كردوون, قانون و دادگایشیان كردووه‌ته گاڵته‌جاڕی, به‌ڕاستی شوره‌ییه بۆ میلله‌ت ئه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی كوردی قبوڵ ده‌كه‌ن. كه به ده‌ستوری به‌عسییه‌كان قانون هه‌ر بۆ گیانی منداڵی هه‌ژاره‌كانه‌و بۆ دزو گه‌نده‌ڵچییه‌كانیش دادگایان زمان بڕاو كردوه, ده‌بێت چاوه‌ڕوانی چی دیكه بكه‌ین لێیان, ئه‌وان ده‌ڵێن ره‌خنه به زمانی گوڵ باببێت, منیش ده‌ڵێم باوه‌ڕم به موهاته‌رات و ته‌شهیر نیه, به‌ڵام با ده‌سه‌ڵات وه‌ڵام بداته‌وه .. ئایه ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ئێوه به ده‌ستانه‌وه‌یه چه‌ندین عوده‌ی و قوسه‌ی دروست ناكات؟!! ئه‌گه‌ر وانیه كوره‌كانی بارزانی و تاڵه‌بانی چیان كردوه بۆ كورد؟!! تا پۆسته‌كانی ئه‌م حكومه‌ته‌ی كه به‌رهه‌می خوێنی منداڵی هه‌ژارانی كوردستانه نه‌ك شه‌هیدانی پارتی و یه‌كێتی .. ده‌درێت پێیان.
من له دایكبووی 1977م وابزانم(قوباد تاڵه‌بانی)یش هه‌مان ته‌مه‌نه, من له كاتی راپه‌ڕیندا له كه‌ركوك قه‌مه‌یه‌كم هه‌ڵگرتبوو له‌گه‌ڵ كچانی گه‌ڕه‌كی شۆرجه‌ی كه‌ركوك .. چونكه گه‌نج نه‌مابوو ته‌نها كچان راپه‌ڕینیان كرد, ته‌مه‌نم 14 ساڵ بوو نه‌مده‌توانی چه‌ك به‌كار بهێنم, شوشه‌ی فه‌رمانگه‌كانمان ده‌شكاند له‌گه‌ڵ منداڵانی هاوته‌مه‌نم, كچه‌كانش چه‌كیان له شان كردبوو, پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی شاره‌كانی دیكه به(ته‌قه‌ی تفه‌نگ) نه‌گه‌یشتبوونه نزیك شار, ئه‌ی ئه‌و كاته(قوباد و پاڤێڵ و مسرور و بابۆ) چیان ده‌كرد, وا ئێستا پۆسته هه‌ستیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وانه‌و خه‌ڵكی ماندووش خێری پێ ره‌وایه له‌به‌ر نه‌هامه‌تی و كه‌م ده‌رامه‌تی, هه‌ڵبه‌ته من یه‌كێكم له‌وانه‌ی كه ده‌بێت دادگایی بكرێم چونكه شوشه‌ی داموده‌زگاكانم شكاندووه ئه‌وه‌یش كارێكی خراپه كردوومه, به‌ڵام ئایه كوڕه‌كانی ئه‌وان شوشه‌یه‌كێشیان شكاندوه بۆ كورد؟!!. نا هیچیان نه‌كردوه ته‌نها وه‌كو دیوه‌خانی سه‌رۆك خێڵه‌كانی كودرستان له دوای باوك كوڕه‌كه‌ی حازر ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی بگرێته‌وه, من شتێك زۆر رامده‌گرێت و پرسیار ده‌كه‌م له خۆم و له خه‌ڵك .. ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه ئایه ئه‌م سه‌ڵاته‌ی كوردستان ناوی چی به‌به‌ردا ده‌بڕێت؟ ..مه‌لیكی نیه‌و عه‌لمانی نیه‌و ئیسلامی نیه‌و كۆماری نیه‌و هیچ نیه .. نا, ته‌نها ئاشی نه‌زانه‌و نازانم چۆن و كێ ده‌یگێڕێت.
به‌ڵام یه‌ك شت كه زۆر باش ده‌یزانم ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر میلله‌ت له‌وه زیاتر لێیان قبوڵ بكات, به‌شداری له‌و ناعه‌داله‌تییه‌دا ده‌كه‌ن كه‌و ئه‌وان پیاده‌ی ده‌كه‌ن, چونكه ئه‌وه‌تا هه‌موو ده‌بینن كه له سه‌ر نوسینی ره‌خنه و ده‌ربڕینی ناره‌زانیی منداڵی هه‌ژاره‌كان ده‌خه‌نه زیندانه‌وه‌و منداڵه‌كانی خۆیشیان وا رۆژ به رۆژ به شێوه‌یه‌ك نمایشیان ده‌كه‌ن كه له دوای(چێ گیڤارا) ئه‌وان دروست بوونه‌و خه‌ونی میلله‌تێكن, ده‌ستان خۆش بێت دادگا‌و ده‌سه‌ڵاتی كورد بۆ خۆتان قانونتان كه به ئاسانی ده‌توانێت رۆژنامه‌نووس بخاته زیندانه‌وه‌و رۆژنامه‌نووس بكوژێت, چونكه دواجار ئه‌وه ئێوه نین كه ئه‌م رێگه‌یه‌تان به خۆتان داوه به ته‌نیا, نا میلله‌تیش پشكی هه‌یه له‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی ئێوه, چونكه بێده‌نگبوون له‌و نادادییه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیارێتی میژووی ده‌خاته ئه‌ستۆی یه‌كه به یه‌كه‌ی تاكی كورد.