ده‌ستپێک : هه‌واڵ : به‌نده‌کانی په‌یماننامه‌ی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و تورکیا ئاشکرا بوون
مه‌یلی بکه بۆ هاوڕێکه‌ت |
چاپی بکه |
به‌نده‌کانی په‌یماننامه‌ی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و تورکیا ئاشکرا بوون

November 13,2008 ئاژانسی هه‌واڵنێری فورات که به نیزیکایه‌تی له په‌که‌که ده‌ناسرێ رۆژی سێشه‌ممه هه‌واڵێکی سه‌باره‌ت به هاوپه‌یمانێتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی باشوور و حکومه‌تی تورکیا له دژی شه‌رڤانانی په‌که‌که بڵاو کرده‌وه. (کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه بکه): Kürt yönetimi PKK’ye karşı yeni politika oluşturuyor ئه‌و هاوپه‌یمانییه له ئه‌نجامی هاتوچۆی به‌رده‌وامی به‌رپرسانی هه‌ردوو لایه‌ن و به‌تایبه‌تی له دوای چاوپێکه‌وتنی سه‌رۆکی هه‌رێمی باشووری کوردستان مه‌سعوود بارزانی و نوێنه‌ری تایبه‌تی حکومه‌تی تورک واژۆ کراوه. به پێی هه‌واڵی ناوه‌ندی ده‌نگوباسی فرات هه‌ردوو لایه‌ن له ئه‌نجامی دانیشتنه‌کانیان دا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجام و له سه‌ر واژۆ کردنی په‌یمانێکی ستراتژیکی دوو لایه‌نه له دژی په‌که‌که کۆک بوون. به‌و پێیه له مه‌و به‌دوا له شوێن به‌ره‌نگاری یه‌ک لایه‌نه‌ی پارتی و یه‌کێتی هه‌ر دوو لایه‌ن له ژێر ناوی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌نگاری په‌که‌که ده‌بنه‌وه و خاڵه‌کانی ئه‌و په‌یمانه ده‌خه‌نه واری پراتیکه‌وه. به گوێره‌ی فرات به‌نده‌کانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه و ئه‌و ئه‌رکانه‌ی ده‌که‌ونه سه‌ر ملی حکه‌مه‌تی هه‌رێم ئه‌مانه‌ن: 1- هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌خواره‌وه‌ی گه‌ریلا له چیا. 2- بڕینی رێگای په‌یوه‌ندی نێوان ناوه‌نده‌کانی په‌که‌که له شاخ و ئه‌وروپا. 3-ئابڵۆقه‌ی ئابووری و به‌تایبه‌تی خوارده‌مه‌نی بۆ سه‌ر قه‌ندیل. 4-رازیکردن و ئاماده کردنی رای گشتی کوردی باشوور بۆ ئه‌م به‌ندانه. 5- به‌جێکردنی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له ناوچه ستراتژیکه‌کان و به‌تایبه‌ت ئه‌و ته‌پکانه‌ی ده‌توانن ناوچه‌کانی گه‌ریلا کۆنترۆڵ بکه‌ن. ئه‌م کاره بۆ ئاگادار بوون له جموجۆڵه‌کانی گه‌ریلا و هه‌روه‌ها بۆ بڕێنی رێگای هاتوچۆ و دابینکردنی لۆجه‌ستیک و ته‌قه‌مه‌نی گرینگه که هاوکات له گه‌ڵ پێشمه‌رگه هێزه تایبه‌تییه‌کانی کۆماندۆی تورکیش به‌شدار ده‌بن. 6-له‌مه‌و به دوا هاوکات له گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم به‌رپرسانی ده‌زگای ئاسایشی تورک"میت"یش به‌شداری ده‌کات له لێپرسینه‌وه له‌و که‌سانه‌ی له په‌که‌که جیا ده‌بنه‌وه. به تایبه‌ت ئه‌م ده‌زگایه ده‌توانێ ئه‌و که‌سانه بۆ لێپرسینه‌وه‌ی زیاتر ده‌ربازی ئانکاراش بکات.جێگای ئاماژه پێکردنه که به‌رپرسانی تورک ماوه‌یه‌ک له مه‌و به‌ر داوای لیسته‌ی هه‌مووی هه‌ڵاتۆکانیان له ڕیزه‌کانی گه‌ریلایان کردبوو که حکوومه‌تی هه‌رێم په‌نای داون. به پێی ئه‌م زانیارییانه کاتی ئه‌م په‌یمانه شه‌ش مانگه و دواتر قۆناغه‌که له لایه‌ن هه‌ر دوو لایه‌نه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێته‌وه. ئاژانسی فورات ئاسته‌نگییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی که له هه‌ولێر به‌رامبه‌ر به هاتووچۆی کورده‌کانی باکوور بۆ هه‌ولێر و له وێوه بۆ ئه‌وروپا گرێده‌دا به‌م هاوپه‌یمانێته و به‌تایبه‌تی رێگه نه‌دان به چه‌ند هونه‌رمه‌ندی باکووری که بۆ سازدانی کۆنسێرت ره‌وانه‌ی باشوور ببوون به به‌ڵگه دێنێته‌وه که بوو به هۆی ئه‌وه‌ی 85 هونه‌رمه‌ندی کورد له دژی ئه‌م کرده‌وه ناره‌زایه‌تی نیشان بده‌ن . به‌پێی هه‌والی فورات ئه‌و هاوپه‌یمانێته له چوارچێوه‌ی خه‌باتی هاوبه‌شی تورکیا و ئامریکا بۆ لاواز کردن و مارژینال کردنی په‌که‌که به‌رێوه ده‌چن وئامانجه‌که‌شی ئابڵۆقه دانی په‌که‌که و رێگا نه‌دان به چالاکی کردن و خۆ ته‌یار کردنێتی له خاکی باشووردا. هه‌روه‌ها به‌شێکی ئه‌م هێرشه پروپاگه‌نده‌کردن له دژی شێوازه‌کانی خه‌باتی په‌که‌که و گوتنه‌وه‌ی ئه‌وه که ئه‌م جوره له خه‌بات زه‌ره‌ر به به‌رژه‌وه‌ندێکانی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌گه‌ێنێ، ده‌گرێته‌وه. له به‌رده‌وامی ئه‌و پیلانه دا سازدانی شتێکی له چه‌شنی کۆنگره یان کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی کورد پیلان ده‌کرێ که هه‌موو هێزه کوردییه‌کان له خۆ ده‌گرێت جیا له په‌که‌که و ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری ده‌که‌ن یان هاوسۆزن له گه‌ڵی. "فورات" له به‌رده‌وامی هه‌واڵه‌که‌ی دا ده‌سکه‌وته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی باشووری کوردستان له‌و هاوپه‌یمانییه دا به‌م شێوه‌یه ئاماژه پێده‌کات: 1- ئانکارا ئاماده‌یه له ئاستی هه‌ره ژووردا له گه‌ڵ به‌رپرسانی باشوور دانووستاندن بکات. 2- ئانکارا حکومه‌تی کوردستانی فێد‌رال به ره‌سمی ده‌ناسێت. 3- ئانکارا ئاماده ده‌بێت به ره‌سمی کۆنسۆلۆسی خۆی له هه‌ولێر بکاته‌وه. 4- ئانکارا ئاماده ده‌بێت به ره‌سمی میوانداری له سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی بکات. ئاژانسی فورات له کۆتایی دا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات که به‌گۆڕانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی واشینگتۆن له وانه‌یه زۆرێک له سیاسه‌ته‌کانی ئامریکا گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت و ئه‌و کات له وانه‌یه ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ش سه‌رکه‌وتوو نه‌بێت. تێبینی: له کاتێکدا کوردستانپۆست سه‌رگه‌رمی وه‌رگێڕانی ئه‌و هه‌واڵه‌ی فرات بوو، ئاگادارکراینه‌وه، که ماڵپه‌ڕێکی دیکه (ڕینیسانس) ده‌ستپێشکه‌ری کردووه و وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر کوردی. له‌گه‌ڵ سوپاسدا ئێمه، ئه‌و تیکسته بڵاوده‌که‌ینه‌وه.
2968 جار بینراوه
|
|
|
|