دهستپێک : وتار : راستەوخۆ بۆ ویژدانى زیندووى كاك عوسمانى حاجى مەحموود
مهیلی بکه بۆ هاوڕێکهت |
چاپی بکه |
راستەوخۆ بۆ ویژدانى زیندووى كاك عوسمانى حاجى مەحموود

November 10,2008 مامۆستا كەریم : من نایشارمەوە كە من یەكێكم لەوانەى ئومێدێكى زۆرم هەیە بە ئایندەی كەسێكى سیاسى رابردووپاكى وێنەى كاك عوسمانى حاجى مەحموود ، ئەم بەڕێزە خاوەنى هەموو كارئاكتەرێكى سەركەوتن و گەشەسەندن و سەركەوتنە ، بەڵام دیارە لەوەزارەتێكى بەربڵاوى وێنەى ناوخۆدا ئەكرىَ ئەو وەك پێویست نەتوانىَ بەئاگابێت لە وردەكارییەكانى ئەو گەندەڵی و كارە قێزەونانەى لەژێر سایەیدا لێرەو لەوىَ بە نهێنى كراوە و دەكرىَ ، یان ئەوەتا كەسانێك هەن هەوڵى چەواشەكردنى دەدەن و راستییەكانى وەك خۆى پێڕاناگەێنن ، یان زانیارى كەموكوورت و نیوە ناچڵى دەدەنىَ ، بەهەرحاڵ بابەتەكەى من بەڵگەى حاشاهەڵنەگرى لەخۆگرتووە و بەڕێزى نوێنەرێكى خۆى راسپێرىَ هەموو راستییەكانى لەچارەكە سەعاتێكدا بۆ ئاشكرا دەبێت . سكاڵاو گازندە دۆكۆمێنتارەكەى من پەیوەندى بە هاتوچۆى سلێمانیەوە هەیە لەسەر بەشى مۆڵەتى سلێمانیە كە كەسێك بەڕێوبەرێتى بەناوى رائید ئاسۆ ، بێگومان بەڕێوبەرى هاتوچۆى سلێمانى پیاوێكى بەڕێز و لەسەرخۆیە و دلسۆزانە سەرقاڵى كارەبەربڵاوەكانێتى ، بەڵام رائید ئاسۆ تاكو ئێسقان ئیستغلالى ئەم سیفاتانەى ئەو بەڕێزەى كردووە ، بەو رەوتەى كە لە فەرمانبەرێكى سوودبەخشەوە بۆ حكومەت و هاوڵاتیان بووە بە كەسێكى سوودمەند لە حكومەت و هاوڵاتیان ، بـــــۆ .. چــــۆن ؟؟ بفەرموون بەڵگەكان با خۆیان بێنە زمان : 1. رائید ئاسۆ پاش گواستنەوەى بۆ هاتوچۆ راستەوخۆ بەنایاسایى دەستى گرت بەسەر دوو تابلۆى دوو ژمارەیدا ، یەكێكیان بۆ خۆى و ئەوى تر بۆ براكەى ، بەشاهیدى هەموو بازاڕەكانى سلێمانى ئوتومبیل فرۆشتن ، ئیستا تابلۆى دوو ژمارەیى نرخەكەى زیاتر لە سىَ دەفتەر دۆلارە ، كارەكەى رائید ئاسۆ پاوانكردنى وەزیفى تیایە ، لەبەرئەوەى ئەگەر ئەم ئەفسەرى هاتوچۆ نەبوایە ئایا دەیتوانى ئەم دوو ژمارەى تابلۆ گرانبەهایە بۆ خۆى و براكەى دابین بكات ؟؟ ، دەستبەسەراگرتنەكەش تەواو نایاسایى بووە و دژ بە هەموو رێنماییەكان بووە ، چونكە ئەگەر وانەبوایە خاوەنى راستەقینەى تابلۆى ژمارە [35] داواى یاسایى لەسەر رائید ئاسۆ تۆمارنەدەكرد ، كاتێك رائید ئاسۆ بە پارێزەرى خاوەن تابلۆكەى وتبوو ئەم تابلۆیە ماوەى [10] ساڵ نوێنەكراوەتەوە بۆیە من داگیرم كردووە ، پارێزەرەكەش پێى وتبوو ئەمە ئەوارقى موكافەحە ، یەكەم : ئەو ئوتومبیلە بە تابلۆكەوە دزراوە ئیتر نوێكردنەوەى چى !! ، دووەم : ئەگەر هەر واشە ئەوە بۆچى تۆ ئیستغلالى وەزیفیت كردووە بۆ خۆتت داگیركردووە بۆ كەسێكى تر وەرینەگرت !! ، سێیەم و لەهەمووى ترسناكتر ئەوەیە رائید ئاسۆ كاتىَ تابلۆى ژمارە 35/سلێمانى داگیركردبوو بۆ ماوەى چەند ساڵێك هەڵیواسیبوو بە دوو ئوتومبیلەوە لەجۆرى [فولكس ڤاگن و مسیوبوشى] كە هەردووكیان علوج و بێسەرەتابوون ، كەئەمەش وەك كفركردن وایە بە یاساكان و بۆشى چوبووە سەر ، بەهەرحاڵ ئیستا ئەو كێشەیە لە دادگاى سلێمانییە ، بەڵام جێى داخە وەزارەتى ناوخۆ هیچ ئیجرائاتێكى یاسایى دژ بە رائید ئاسۆ تاكو ئیستا ئەنجام نەداوە . 2. ئایا جەنابى وەزیرى ناوخۆ ئاگادارە لەوەى رائید ئاسۆ ماڵى خوشكەكەى خۆى كە بۆ خۆى تیایدا نیشتەجێبوو بۆ ماوەیەكى درێژ دابووى بە نووسینگەیەكى فێربوونى شۆفێرى بەناوى [باڤیا] مانگى بە 900 دۆلار ، ئەمە كارێكى نایاساییە ، چۆن بەڕێوبەرى مۆڵەت خانووى خوشكى خۆى دەدات بە نوسینگەیەكى فێربوونى شۆفێرى كە خۆى لێى بەرپرسیارە ؟؟، ئایا پەیوەندییەكى مادى لەم شێوەیە لە نێوان خاوەن نوسینگە و بەڕێوبەرى مۆڵەتدا بە سروشتى نابێتە هۆكارى ئەوەى كە ئەو نەتوانێت لە داهاتوودا لێپێچینەوەى یاسایى دژ بەو نوسینگەیە بكات ، پاشتر ئەم بارودۆخە بۆخۆى لەهەموو روویەكەوە مەقبول نیـــە . 3. ئایا وەزارەتى ناوخۆى بەڕێز ئاگادارە كە رائید ئاسۆ فیز و لووتى بەرز و دەعییەیى فووتێكراوى وایكردووە كە بە ئیستغلالى وەزیفى بۆ جارێكى تر هەوڵبدات تەنانەت لاسایى دیكتاتۆرەكان بكاتەوە ، چۆن ؟؟؟ بەڵىَ كاتى رژێم مەعلوومە و لە ئەرشیفدا ماوە كە عودەى گۆڕبەگۆڕ ژمارە یەكى مۆڵەتى شۆفێرى بۆ خۆى تەرخانكردبوو ، وەك سیفەتێكى لێكجیاكردنەوە و خۆبەشت زانینن ، بەڵىَ جەنابى وەزیر ئیستا رائید ئاسۆ مۆڵەتى شۆفێرى ژمارە یەكى لەئاستى هەموو پارێزگارى سلێمانیدا بۆ خۆى پاوانكردووە و بەناوى خۆیەوەیەتى ، دیارە ئەمەش نەخۆشى و نەزعەى سادى رائید ئاسۆیە بەرامبەر بە ژمارە جوانەكان . ئەم كارەشى بەهەمان شێوە پڕاوپڕ چۆتە خانەى ئیستغلالى وەزیفییەوە ، چونكە ئەگەر ئەو بەڕێوبەرى مۆڵەت نەبوایە ئایا ئەم كارە ناشیاوەى بۆ ئەچووە سەر ؟؟؟. 4. جەنابى وەزیرى ناوخۆ بەڕێزتان ئارمتان بەخشى بە خودى ئەفسەرەكانى هاتوچۆ ، ئەوە سەرەتاكان بزانە ئارمەكەى رائید ئاسۆ بەناوى كێوەیە ؟؟. 5. هەر لە پێگەى كوردستانپۆستى بەڕێزەوە ماوەیەك بەرلەئیستا باوكى كچێك هاناى بۆ وەزارەتى ناوخۆ برد لەمەڕ ئەوەى كە خوشكەزایەكى رائید ئاسۆ كچێكى بەزۆر لاقەكردووە ، دۆسیەكە ماوە ، رائید ئاسۆ بۆجارێكى تر ئیستغلالى وەزیفى كردوو و بە علاقاتى شەخسى لەگەڵ حاكم زیاد توانى بەكەفالەت خوشكەزاكەى ئازادبكات ، ئەمە لەگەڵ ئەوەى كە تاوانەكە ئیسپات بوو بەسەر تاوانبارەكەدا ، ئەوەبوو تاكو ئیستاش كچە بێدەسەڵاتەكە مافى خۆى وەرنەگرتۆتەوە و هەر دەستى دەستى پێدەكرێت . 6. هەر خەڵكى سلێمانى بۆخۆیان با گەواهى ئەوەبدەن كە ئایا كاركردن بەمەحسوبیەت و گەندەڵى لە بەشەكەى رائید ئاسۆ لە چ ئاستێكى مەترسیداردایە ، كەسێك نیە نكوڵى بوونى دەڵاڵەكان نەكات ، ئەگەر واستەت نەبىَ بە دووساڵ مۆڵەتەكەت وەرناگریتەوە ، ئەگەر خۆتبخورێنى ئەوا چەند هەفتەیەكى پێدەچىَ ، شاهیدیش باخە مەزنەكەى رائید ئاسۆیە لە [قولەرەوەیسى] بزانن ئاسۆى كرێچى كە ئیستا كرێچى هەیە چۆن بە شەش دەفتەر دۆلار كڕى ، سىَ مانگێك بەر لەئیستا لەترسى لێكۆڵینەوەى چاودێرى داراى كردویەتى بەناوى كەسێكییەوە ، بەڵام سەرەتاكان شاهیدن كىَ یەكەم جار كڕیویەتى . جەنابى وەزیرى ناوخۆ من سەرى حورمەتم بۆ ماندووبوونى دامودەزگاكانى وەزارەتى ناوخۆ دائەنەوێنم ، من و هەزارانى وەك من بەهیچ جۆر و شێوەیەك گومانمان لە دڵسۆزى و پاكى بەڕێزتان نیە بەڵام هاوشێوەكانى وەك رائید ئاسۆ ئەتوانن ببنە دڕكەزى ناشرینكردنى سیماى قەشەنگى وەزارەتە بەڕێزەكەتان ، بەو ئومێدەى لێكۆڵینەوە لەم راستییانەدا ئەنجام بدرىَ ، لەگەڵ رێزماندا .
659 جار بینراوه
|
|
|
|