گه‌ڕان به‌ناو ماڵپه‌ڕه‌دا   گه‌ڕانی تایبه‌ت »
ئه‌رشیف
Mo Tu We Th Fr Sa Su
1234567
891011121314
15161718192021
22232425262728
293031


ڕاپرسی: جیاوازی ئیسناد و 31 -66
چ جیاوازییه‌ک ده‌بینی له‌ نێوان ئیسناد و جاشایه‌تییه‌که‌ی مه‌سعود له‌ 31 ئاب و ئه‌وه‌ی جه‌لال له‌ 66دا
جیاوازییان نییه‌
جیاوازییان هه‌یه‌
نازانم و نه‌فره‌ت له‌ هه‌موویان
ئه‌نجامی ڕاپرسی | ڕاپرسی کۆن


email مه‌یلی بکه‌ بۆ هاوڕێکه‌ت | print چاپی بکه‌ |

دەریایەك گلەیی لە كوردستان پۆست

image

November 08,2008

شێرزاد شێخانی:
 دەمێكە كوردستان پۆستی ئازیز بووەتە میوانی هەمیشەم، تەنانەت وەكو خۆراكی رۆژانەی لێهاتووە لام، كە ئەبێ رۆژی سێ جار بە دیداری شاد ببمەوە، چونكە كوردستان پۆست بە هەق ئەمڕۆ بووەتە مینبەرێكی ئازاد و سەرچاوەیەكی بە نرخی زانیاری پشت پەردەكانی دەسەڵاتی گەندەڵی كوردی، نەك تەنها ئەوەش بەڵكو زۆر جاریش ئەچێتە ناو ژوورە داخراوەكانی شەوانی سووری گەندەڵەكانی كوردستان، ئەمەش وای كردووە ئەم سایتە ئازیزو خۆشەویستە ببێتە خولیای ئەو كەسانەی كە لە كوردستانا كەوتوونەتە ژێر كاریگەری میدیا حیزبیەكانی دەسەڵاتی بۆگەنو،وێڵن بە دوای زانیاری راستو دروستی رووداوەكانی رۆژ،كوردستان پۆستی خۆشەویست وەكو كێوێكی بەرز بەرامبەر ئەو میدیاى دەسەڵاتە وەستاوەو تەحەددایەكی ئازایەنەیان دەكات..
 هەڵبەت كوردستان پۆست بەوەی كە ئەمرۆ بووەتە زمانحاڵی میللەتێكی چەوساوەی بن دەسەڵاتێكی بۆگەن و گەندەڵ هەڵگری یەیامێكی پیرۆزیشە، بەمەش خزمەتێكی زۆر گەورە بە ئاییندەی ئەو میللەتە برسی بە ئازدادییە دەكات، بەڵام لەگەل ئەوەشدا هەندێ جار لە جیاتی ئەوەی گۆڵێك لە دەسەڵات بكات، بە هەڵە فاوڵێ لە خۆی دەكات..
 زۆر جار لەسەر رووبەری ئەو سایتەدا شتی سەیرو عەجایبو بگرە بوختان ودرۆ دەڵەسەش ئەبینم، كە لە ناخی دەروونمەوە پێی دڵتەنگ ئەبم، خۆ ئەگەر ئەو هەڵە تێكەوتننانەی كوردستان پۆست كە  جار جار ئەیانبینم، لە میدیایەكی دەسەڵاتا ببینم ئەوەننە پەرۆشی چاككردنەوەی نابەم ،رەنگە پێشم خۆش بێت ئەو میدیایە خۆی زیاتر ریسوا وسووك چرووكتر بكات لەبەر چاوی خەڵك، بەڵام چونكە من كوردستان پۆستم خۆش ئەوێ و، جارجاریش بابەتی خۆمی بۆ دەنێرم و حەزیشم لێیە هەندێ جار بە نوسین میوانی خوێنەرانی ئازیزی ئەم سایتە بم، بۆیە نیگەران دەبم كە كوردستان پۆستێك لە لووتكەی بەرزی راستگۆیی ومتمانەی خەڵكی بێ دەسەڵات وبن دەستی گەندەڵستانی ئەم سەردەمەدا بەهای بێتە خوار و بكەوێتە زەڵكاوی بوختان بەستن ودرۆ كردن، كە گومانم لەوەدا نییە ئەوانەی پەیامی پیرۆزی كوردستان پۆستیان لە ئەستۆیە وەكو من پەرۆشی تێنەكەوتنی ئەو جۆرە هەڵەو هەڵبەستنانەن..
 من خۆم نوسەرێكی ڕەخنەگرم، خوێنەری كورد بە تایبەتیش لە ناو كوردستانی خوشەویستدا بابەت و گۆشەكانم دەخوێننەوە لە هەندێ رۆژنامە ناوخۆییەكاندا، جگە لەوەش لە سایتی ( ئیلاف ) نوسەری هەمیشەییم بە زمانی عەرەبی، لە هەردوو شوێندا بەردەوام بابەتی دژی گەندەڵی دەسەڵات دەنوسم ورەخنە دەگرم، تەنانەت جارێكیان درامە دادگاش لەسەر نوسینەكانمو و حوكمی بەندی مانگێكیشم بۆ دەركرا، بەڵام قەت وقەت خۆم ناهێنمە ریزی ئەوانەی بە شێوەی بازاڕی بوختان بە خەڵكی دەكەن، تەنانەت بچووكترین مەسوولی حكومی یا حیزبی دەسەڵاتیش بێت، باوەڕیش ناكەم هیچ كەسیك بەقەدەر من رقو كیینەوى لەم دەسەڵاتە گەندەلەی ئەمرۆی كوردستان بێت، چونكە من بێ لەوەی كەوا نوسەرم پێشمەرگەیەكی دێرینیشم وخانەنشینی پێشمەرگەم، ئەوەش وام لێدەكات لە رەخنە گرتن لەم دەسەڵاتە سڵ نەكەمەوەو، تەنانەت ئامادەشم ملم بدەمە بەر چەقۆ بۆ دیفاع كردن لە مافی میللەتە چەوساوەكەم ، چونكە منێك كە سنگم دابووە بەر گوللەی دەسەڵاتی دیكتاتۆرو،زیاتر لە 22 ساڵ لە سەنگەرەكانی شاخا ئێشكگریم بۆ ئەو میللەتە ئەكرد، ئامادە نیم وپێشم ڕەوا نییە ئەمڕۆ كە قەڵەمێكم بە دەستەوەیە بۆ مشتىَ پارەی دزراوی ناو دەمی مناڵانی كوردستان قەڵەمەكەی خۆم بفرۆشم، ئامادە نیم ئاگر بەست لەدەسەڵاتێك قەبوول بكەم كە خوێنی مییلەتەكەم ئەمژێت، چونكە من كاتی خۆی وئێستاش خەباتم بۆ ئەتك كردنی كچان و ژنانی شەهیدانم نەكردووە، بۆ كوشتنی قەڵەمە ئازادەكان نەكردووە، بۆ بڕینی نانی مناڵانی ئەو میللەتەم نەكردووە، بۆ قووتی خێزانی جوتیارانی كوردستانم نەكردووە كە ساڵانێك پارووی ناو دەمی خۆیانیان ئەهێنایە بەردەم ئێمەو لە ناو پێخەفی گەرمی ئەواندا رۆژمان ئەكردەوە..
 بەڵێ من سارد نابمەوە وقەڵەمەكەشم سڵ ناكاتەوە لە ریسوا كردنی مافیا خوێنخۆرەكانی كوردستان، بەڵام قەتیش رێگە بە خۆم نادەم مرۆڤە پاكەكان ونمووونە جوانەكانی ئەو سەردەمە پییس بكەم ودەموچاویان ناشرین بكەم.
 سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كاك عەدنان موفتی رەفیقی پێشمەرگایەتیم بووە، بەر لەویش ئاشنایەتیم لەگەل خێزانە بەرێزەكەی لە هەولێر هەبووە، كە لە خانەوادەیەكی زۆر دیاری ئەم كوردستانەن، تەنانەت سوڵتانەكانی عوسمانی وپادشایەكانی عیراق و حاكمانی وڵاتانی دەوروبەریش رێزیان لێ گرتوون، ئەو خانەوادەیە خاوەنی هەموو شاری هەولێر بوونە لە سەدەكانی رابردوو، لە سەدەی پێشوودا نەوەكا بڵێم نیوەی هەولێر بەڵكو دەتوانم بڵێم سێ بەشی هەولێر موڵكی خۆیان بووە، ئەو كاتی مەلا ئەفەندی لە باداوە قەسری هەبووە تەنها پادشاكان خاوەنی قەسری وابوون، ئەو ئەرزو موڵكانەی ماڵی جەنابی موفتی لە هەولێر هەیانبوو لە سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقدا تەنانەت حكومەتی بەغداش لە نەیبووە، سەرباری ئەوەش كابرایەكی نەدیتیو نەناسی بێ ئەوەى خۆی ئاشكرا بكات كێیە، دێت وبابەتێك لە كوردستان پۆست بڵاو دەكاتەوە دەڵێ عەدنان موفتی 45 دەفتەر دۆلاری لە رێگەی فەرمانبەرێكی خۆیەوە دەنێرێتە دەرەوەی وڵات؟؟!!.
 خۆم ئاگادارم كە عەدنان موفتی كاتێك بووە سەرۆكی پەرلەمان مووچەیەكی مانگانەی هەبوو وەكو جێگری سەرۆكی حكومەتی خانەنشیینكراو كە زۆر زیاتر بوو لە مووچەكەی ئێستای پەرلەمان، بەڵام تەنازولی لەو مووچەیە كردو بە مووچەی سەرۆكی پەرلەمان رازی بوو، ئەوەش لە كاتێكا كە بچووكترین كادری حیزبی دەسەڵات 4-5 مووچەی مانگانەی لەولاو ئەملادا وەر دەگرت.
 برادەرێكی تر باسی دكتور بەرهەم دەكات، كە هەموو كوردستان دەزانێت پیاوێكی گەندەڵ نییە، تەنانەت لە سەرجەمی عیراقیشدا ناوناوبانگی زۆر بە باشی رۆیشتووە، خۆ ئەگەر بچووكترین گەندەڵخۆرەكانی ئەمڕۆی كوردستان ئەو پۆستانەی بەرهەمیان هەبوایە لە بەغدا كە جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی لیژنەی ئابووری هەموو عیراق و دەیان پۆستی تری پر پارەی لە دەست بوایە و لەگەڵ حكومەتێكی لاوازی وەكو ئەوەى ئێستای بەغدا رێ بكەوتایە، ئێستا دەبوو بە دەوڵەمەندترین كەسایەتی جیهان وناوی دەچووە ریز دەوڵەمەندە پڕ پارەكانی جیهان كە ساڵانە ناویان بڵاو دەبێتەوە، لە بەرامبەردا رۆژانە خەڵك دەبینێت كە دكتۆر بەرهەم چۆن پەرۆشی خوێندكارە زیرەكەكانەو، تەنانەت لە پارەی خۆی پرۆژەی هیوا بەرێوە دەبات كە مانگانەی بڕیوەتەوە بۆ ژمارەیەكی زۆری خوێندكارە هەژارەكان، تەنانەت ئەمرۆ رێگەشی پێ نادەن لە هەولێریشدا ئەو پرۆژەیە بكاتەوە.
 خۆ ئەگەر ئەو پارانەی بەرهەم سەرفی دەكات بۆ ئەو خوێندكارانە لە گیرفاتی تایبەتی خۆیشی نەبێت و پارەی دەوڵەت بێت، هەمدیسان نموونەی پیاوێكی بە ئەخلاق و خەمخۆری میللەتەكەیەتی نەوەكا بە سەرە قەڵەمێك بخریتە ریزی گەندەڵە مرۆڤخۆرەكانی ئەم دەسەڵاتە..
 ئەوەی من لێرەدا باسی ئەكەم داكۆكی كردن نییە لە عەدنان موفتی وبەرهەم ێالح بەقەدەر ئەوەی ئەمەوێ ئەو سایتە خۆشەویستەی كوردستان پۆست نەختێ وریاترو بە ویژدانترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە نووسینانە بكات، چونكە ئەگەر ئەو مرۆڤە پاكانە نەمێنن و ئەو نموونە جوانانانە دەستخۆشیان لێ نەكرێت،چی تر ئەمێنێت لەم كوردستانە ئومێدێكمان پێی هەبێت، لە كاتێكدا دەسەڵاتەكەمان ئەمڕۆ تا بیینە قاقای نغرۆی ناو گەندەڵی بووەو، مانەوەی ئەو ئینسانانەش بە پاكی و خۆ راگری لەبەرامبەر گەندەڵیدا خۆی لە خۆیدا شەڕەفێكی گەورەیە و خزمەتێكیشە بەو میللەتە بن دەستەمان.
 هیچ كاتێك بیر لەوە ناكەمەوە بێمە ئاستی نزمی داكۆكیكەران لە كەسانی دەسەڵات، بەڵام زۆریش تووڕە ئەبم كاتێك كەسێك لەولاوە دێت بە بابەتێك یا هەوالێكی هەڵبەستراو هەم  كوردستان پۆستی بەرێز دەسخەڕۆ ئەكات و، هەم داخی دڵیكی بۆگەنی هەڵئەڕێژێت بەرامبەر كەسانێك كە جوانترین نموونەی پاكی ئەم سەردەمە پڕ گەندەڵییەن.
 دەبێ ئەوەشمان بیر نەچێتەوە كە كەسانێك هەن لەوانەش لە سەر ئاستی سەركردایەتی هەردوو حیزبی دەسەڵات بۆ تەسفیەی حیساباتی خۆیان هەوڵ دەدەن كوردستان پۆست بەكار بێنن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان لە دژایەتی كردنی ئەو نموونە پاكانە، نابێ لەم بارەیەوە خۆمان لە گێلی بدەین كە كەسانێكی دەسەڵات هەن خەڵكی هان دەدەن یا دارودەستەكانی خۆیان بەكار دێنن بۆ ناوزڕاندنی خەڵكانی پاك بە تایبەتی ئەوانەی جێی مەترسین بۆ سەر پلەوپایەكانیان،
 بۆیە لە كۆتاییدا داوایەكی برایانە لە خۆشەویستانی كوردستان پۆست دەكەم كە وریانەتر و مەسولانەتر وهوشیارتر لەو بابەتانە بكۆڵنەوە كە بڵاوی دەكەنەوە، بۆ ئەوەی رێزو حورمەتیان لەناو خوێنەران وخەڵكی كوردستان رابگیرێت، ئەوەننە رێگا بە جنیو فرۆشتن و بوختان هەڵبەستن نەدەن و، كوردستان پۆست نەكەنە مینبەری جنێودان وتانەوتەشەر و قسەی سووك و بێبنەما، چونكە یەیامی كوردستان پۆست لەم سەردەمەدا زۆر گەورەترو پیرۆزترە لەوەى كە نوسینی هەندێ كەسی نەزان و بوودەڵە وبازاری بیشێوێنێت.
 هەر رۆژنامەو گوڤارو سایتێك راستگۆیی ومتمانەكەی بەندە بە راستو دروستی ئەو هەواڵو بابەتانەی تیایدا بڵاو دەبنەوە، یەكێك لە ئەركە ئەساسیەكانی ئەو میدیایەش ئەوەیە كە هیچ بابەتێك بەبێ بەڵگەی روون وئاشكرا و بەبێ دیكۆمینتی حاشا هەڵنەگر بڵاو نەكاتەوە، چونكە ئەو كات ئەچێتە خانەی میدیای فەزایحیی كە ئەویش هیچ پەیامێكی نییە مەگەر وروژاندنی هەستی خەڵك نەبێت..
 بۆیە پێم باشە كوردستان پۆست كە چەند رۆژێك لەمەو بەر موژدەی ئەوەی داینێ كەوا خۆی تازە بكاتەوە لە رووی دیزاینو سەر لەنوی رێكخستنەوەی ماڵپەرەكەی، هیواخوازم بە هەمان شێوەش بەڵَكو شێلگیرانەتریش هەوڵ بدات مینبەرە ئازاد وچاونەترسەكەشی پاك بكاتەوە لە هەندێ قەڵەمی ناشرین وكەسانی جنێوفرۆش وبوختانكەرو، لەمەولا سنوورێك بۆ ئەو شتانە دابنێت بەوەی هیچ بابەتێك بەبێ بەڵگەو دیكۆمینتی پێویست بڵاو نەكاتەوە بۆ ئەوەی كوردستان پۆست بە هەقیقەت ببێتە زمانحاڵی میللەتو هەموو رۆژیك میوانی بەرێزی خوێنەرانی كورد بێت لەهەر كوێیەك بن.

 
 sherzadshekhani@yahoo,com


1108 جار بینراوه‌