دهستپێک : وتار : چەند ڕوونكردنەوەیەك بۆ خەڵكى كوردستان لەبارەى لێدوانەكانى (د. زریان)ەوە
مهیلی بکه بۆ هاوڕێکهت |
چاپی بکه |
چەند ڕوونكردنەوەیەك بۆ خەڵكى كوردستان لەبارەى لێدوانەكانى (د. زریان)ەوە

November 07,2008 پزیشكانى لاو: ئەنجامدانى گۆڕان دەبێت كارى لیژنەى پسپۆرو زانستى بێت نەك هەوەسو خەیاڵى تاكە كەس كە ئەمڕۆ زۆربەى كارەكانى كوردستان بە میزاجى شەخسى بەڕێوە دەبرێت و ئەنجامەكانیشیان تەنها نائومێدى بووە. ئێمە پێش ئەوانو چەندین جاریش داواى گۆڕانمان كردووە. هەرگیز ترسمان نیە لە گۆڕانو بگرە پشتیوانى پڕ ووزەو تامەزرۆى گۆڕانین، بەڵام گۆڕانێك لە ئاستى پێداویستیەكان بێتو بنەمایەكى زانستى هەبێت نەك گۆڕانێكى گونجێنراوو لاسەنگو دەستكاریكراو كە ئاڵۆزى كێشەكان زیاتر بكاتو بە بنبەستیان بگەیەنێت. ڕاستیەكى ڕوونیشە كە گۆڕان لەلایەن گەنجانەوە بەدیدەهێنرێت بەڵام هەمیشە لەمپەرى بەردەم پێشكەوتن پارێزكارە كۆنەكان (بیرۆكراتە پیرەكان) بوونو دەبن. پاشان گۆڕان لە بەشێكدا دەستپێناكرێت كە لە دڵسۆزترین پێكهاتەكانى وەزارەتى تەندروستینو بەرلەوەى وەزیر داواى جدیاتمان لێبكات ویژدانمان هاندەرى بەردەوامیمانەو ڕێگرە لەبەردەم هەر كەمتەرخەمیەكدا. ئەو لایەنانەى كە كێشەكانى تێدا كەڵەكە بوونو پێویستیان بە چارەسەرى خێرا هەیە بۆ خزمەتى خەڵكى كوردستان بریتین لە: دەرمانى خراپو كەموكورتى لە دەرمانو نەبوونى ئامێرو كەرەستەى پزیشكى، نەبوونى شوێنى شایستە بۆ نەخۆشەكانو كەمتوانایى نەخۆشخانەكان لەڕووى بیناوە، كە زۆربەى نەخۆشەكان لەسەر زەوى دەخەون. كە ئەمانەش هیچ كەمتەرخەمییەكى ئێمەى تێدا نیە، دیارە كە دەبێت كىَ چارەسەری ئەو كەموكورتیانە بكات. جەنابى وەزیر با لەو شوێنەوە دەستكارى سیستەمى تەندروستى بكردایە كە پار نەخۆشى كۆلێراو ئەمساڵیش نەخۆشى گرانەتا لە هەرێمى كوردستان بڵاونەبوایەتەوە كە ئەم نەخۆشیانە ئێستا لە سۆماڵو بەنگلادیشو ئەفغانستانیش بوونیان نیە. بەگوێرەى پرۆژەكەى د. زریان هەڵسەنگاندنى پزیشكانى گەنج لەلایەن بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەكانو پزیشكە پسپۆرەكانەوە دەبێت. بەڵام كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات ئایا چەند لە بەڕێوەبەرەكان لەسەر بنەماى زانستىو چوستى (كفائە) لەشوێنى شیاوى خۆیان دانراون. پزیشكە پسپۆڕەكانیش خۆیان ئامەدەبوونیان چەندە لە نەخۆشخانەكان تا ئاگادارى كارەكانى ئێمە بنو كارەكانمان هەڵبسنگێنن. نمونەكانى نایەكسانى زیندوونو ژمارەشیان زۆرە، ئەو پزیشكە پسپۆڕانەش كە كەسانى زانستین پەراوێزخراونو لە هیچ بابەتێكدا پرسیان پێناكرێت. گوایە ئەم پرۆژەیە بۆ هاندانى پزیشكە بۆ ئەوەى بخوێننو پسپۆڕى بەدەستبهێنن، بەڵام لە سەردەمى دەسەڵاتى د. زریان بوو كە تەنها پزیشكانى كوردستان ڕێگەى خوێندنیان لێگیرابوو بە بەشداریكردن لە خوێندنى باڵاى عێراقى. هەروەها وەزارەتى تەندروستىو جەنابى وەزیر چەند پزیشكى بەشێوەى زەمالە ناردۆتە دەرەوەى كوردستان لە كاتێكدا لە زۆر بواردا پسپۆرمان نیەو نەخۆشەكانمان ناچارن یان بناڵن گەر هەژاربن، ئەگەر تواناشیان هەبێت ئەوا دەبێت ڕێگەى پڕچەرمەسەرىو سوكایەتى بگرنە بەر بۆ دەرەوەى وڵات. كێشەى خانەى پزیشكان: ئەو پزیشكانەى كە لە خانەى پزیشكان دەمێننەوە جگە لە دەوامێكى زۆر لە هەموو كاتێكدا بەرپرسن لە نەخۆشەكانو دەبێت بەیانیانو ئێواران سەردانى نەخۆشەكان بكەن. بە دوورخستنەوەمان لە خانەى پزیشكان خزمەتگەیاندن نیە بە نەخۆش، هەرچەندە ئەمە لە بەرژەوەندى ئێمەیە بەڵام كارێكى ناویژدانیە بەرامبەر بە نەخۆشەكان. كێشەى خانەى پزیشكان خۆى دەبینێتەوە لە بێشوێنىو نەگونجاوىو كەم خزمەتى كە لە زیندان دەچێت، ئەم كێشانەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێكى كۆن كە جەنابى وەزیرو ئیدارییەكانى تر چارەسەریان بۆ ناكرێت بۆیە داخستنى بە چارەسەر دەزانن. لە بارەى ئەركەكانیشمانەوە: كارو ماندووبوونى ئێمە خۆیان شایەتحاڵن كە لە ئاسانترین شوێنى كارماندا لە هەفتەیەكدا (44) كاتژمێر دەوام دەكەینو لە هەندىَ شوێنیشدا (61) كاتژمێرو نیوە، كە ئەمەش دەكاتە دوو ئەوەندەى دەوامى ڕەسمى فەرمانبەرێكى حكومەت كە دەبێت 35 كاتژمێربێت لە هەفتەیەكتدا. ئەمە لە كاتێكدا نزیكەى نیوەى ئەو دەوامانە لە شەودایە (واتە لەكاتى شیرینى خەوى ئەو كەسانەدایە كە دەیانەوێت فێرى جدیاتمان بكەنو هەڵسەنگاندمان بۆ بكەن). لە بارەى هەڵسوكەوتمان لەگەڵ هاوڵاتیاندا: نەخۆشخانەكان كەمترین ئاسایشى تێدایە بۆ پاراستنى گیانى نەخۆشو پزیشكان و بووە بە شوێنى نمایشكردنى سەرمایەى زەوەندو سەرچاوە نەزانزاوى بەرپرسانو دەسەڵاتى لەسەرو یاسایانەوە. بۆیە بە مافێكى واى دەزانن كە خودا پێى بەخشیون خەڵكى مەراییان لەبەر بكاتو دڵى ناسكیان ڕابگرێت كە ئەمەش دوورە لە ڕەوشتى مرۆڤانەو پزیشكییەوەو بە هەموو شێوەیەك دژى وەستاوینو دەوەستین لەبەر ئەوە سەرچاوەى كێشەن بۆمان. لە نەخۆشخانەكانیش كە شوێنى گشتین داواى شوێنى تایبەتى دەكەنو كە ئەمەش پێشێلكارییەكى تریانە لە بەكارهێنانى موڵكى گشتى لە بەرژەوەندى تایبەتى خۆیاندا. خزمەتكردنمان لە نەخۆشخانەكانو دەستخۆشىو پێزانینى هاوڵاتیانى سادەى شارەكەمان بەدرێژایى كاركردنى ڕۆژانەمان زۆر زیاترو دڵخۆشكەرترن لە پێزانینى زۆربەى بەڕێوەبەرانى نەخۆشخانەكانو جەنابى وەزیر، بۆیە هەمیشە خۆمان بە كوڕى شارەكەمان ئەزانین نەك كوڕى جەنابى وەزیر كە زوو زوو لە لێدوانەكانیدا جەختى لەسەر دەكاتەوە. بۆ سەلماندنى ڕاستى هەر وشەیەكى وتوومانە بەڵگەى بىَ پێچووپەنامان لەبەر دەستەو ئامادەین ڕاستەوخۆ داكۆكى لە ڕاستیەكان بكەین.داوا لە ڕاگەیاندنەكان دەكەەین بێن بە چاوى خویان ڕاستیەكان ببین و بیان گەیەنن بە هاوڵاتیان. لە كۆتاییدا ئەم هەنگاوە بۆ دەستەمۆكردنو كپكردنى دەنگى جیاوازو خواستى گۆڕانو پێشكەوتنە نەك بۆ خزمەتكردنى هاوڵاتیان. لێرەوە داوا دەكەین ئەگەر پەرلەمان نۆێنەەرى خەڵكە و چاودێرى مافەكانیانە با وەزیرى تەندروستى بانگهێشت بكات و لێپرسینەوەى لەگەڵدا بكات. ئێمەش وەك پزیشكان داواى دەست لە كاركێشانەوەى وەزیر دەكەین ، ڕێگا بە كەسێكى شیاو بدات كە چارەسەرى ڕاستەقینەى كێشەكان بكات. 30ى ئۆكتۆبەرى 2008
586 جار بینراوه
|
|
|
|