مهیلی بکه بۆ هاوڕێکهت |
چاپی بکه |
سێ ڕووداوی سیاسیی ناجۆر

November 05,2008 شارهزورییهک: 1-بهرپرسهکانیش فێربوون به ناوی کوردهوه قسه دهکهن! پێرێ شەو تەلەڤزیۆنی (ئەلحورە) لە هەواڵێكدا ڕایگەیاند : وەزیری ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان دوپاتی كردۆتەوە كە كورد جیابونەوەى لە عێراق ناوێت ......تا ئێرە ڕەنگە ئەشكالیەتێكی ئەوتۆی نەبێت، ئاخر ڕۆژ نا ڕۆژێك بە حەق و بە ناهەق گوێمان لەم قەوانە سواوە دەبێت كە لە لایەن دەسەڵاتدارانی كوردەوە میدیاكانی لێ ئاخنراوە، جەنابی وەزیریش گۆشكراوی ئەو بەرنامەیەیە، هێشتا تاكە دەسەڵاتدارێكشمان ئەوە فێر نەبوە كە بەناوی خۆیەوە یان لانی زۆر بە ناوی حیزبەكەیەوە بدوێت.......... ئاخر هەریەكێك لە ئێمە خۆمان بە نوێنەری ڕاستەقینەی كورد دەزانین و ئیتر هەموو دەنگێكی تر دەبێتە نوێنەری درۆینە.مەبەستەكەی من زیاتر درێژەی قسەكانی جەنابی وەزیرە كە دواتر گوتویەتی :بۆ كەسێكی دانیشتوی كوردستانی عێراق خەڵكی كەربەلا نزیكترن تا كوردەكانی توركیا، گەرچی من تا ئێستا تێنەگەیشتوم بە دروستی ئەم خۆ بە كەم زانینەی كورد سەرچاوەكەی لە كوێوە هاتوە ، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەم بۆچونە نە دڵی دوژمنانی كوردی نەرم كردوە نە دەرەنجامێكی سیاسی پۆزەتیڤیشی لێكەوتۆتەوە. باشە بڵێی جەنابی وەزیر بتوانێت تەنها دوو دانە لێكچون لە نێوان منی شارەزوری و بیابان نشینێكی كەربەلایدا بهێنێتەوە......تا ئەو وەڵامەم پێدەگات با من تەنها دوو نمونە لە نزیكی جەنابی وەزیر و كوردەكانی توركیا بدەم بە گوێی جەنابی وەزیردا و گەر نیبیستبن با وەك زانیاریەكی نوێ لای خۆی توماریان بكات. یەكەم: بڵێی جەنابی وەزیر نەزانێت كە زۆرینەی هۆزو عەشیرەتكانی سەرسنوری عێراق و توركیا هێشتا درێژكراوەی یەكن وسندیەكان كە گەورەترین پێكهاتەن لە قەزای زاخۆدا زۆرینەی عەشیرەتەكەیان دانیشتوی بە ناو توركیان؟ . دوەمیش بڵێی جەنابی وەزیر كەمە ئاگاییەكی لە مێژوی حیزبەكەی خۆی نەبێت و نەزانێت كە دروستكەری ڕاستەقینەی پارتی دیموكراتی كوردستان ،كە چەندین ساڵ سكرتێری حیزبەكەی بوە بەهەشتی هەمزە عەبدوڵا لە كوردەكانی توركیایەو لە شاری ماردین لە دایك بوە؟.گەرچی من چاوەڕوانیەكم نیە جەنابی وەزیر ناوچە دابڕاوەكانم بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام چاوەڕوانیش نەبوم دەشتی شارەزور بلكێنێ بە كەربەلاوە. 2-کاک مهسعود، ئهرێ ئەمە سیاسەتە؟ هەرپێرێ سەرۆكی هەرێم لە واشەنتۆنەوە ڕایگەیاند: گەر ڕێكەوتننامە ئەمنیەكەی نێوان ئەمریكا و عێراق سەرنەگرێ ئەوا هەرێمی كوردستان پێشوازی دەكات لە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستاندا. زۆرمان تا ئێستاش وتومانەوە و دەشیڵێینەوە كە دەسەڵاتی كوردی ئەوەی كە دەبێت بیڵێت نایدركێنێى و ئەوەش كە نابێ بوترێ ئەوە جاڕی ئەدەن؟ من باس لە دەرەنجامە نەهامەتیە سیاسیەكانی ئەو دەربڕینە ناكەم، تەنها ئەوە بە یاد دەهێنمەوە كە لە بەرانبەر قسەیەكی توندی دژ بە توركیادا ئەوە چەند ساڵێكە دەپاڕێینەوە و دەلاڵینەوە و چەندین گوند و ڕەوەندی سەرسنورەكانمان سوتێنران و هێشتا نەمان توانیوە توركەكان بهێنینەوە سەر دۆخی بەر لە هەڕەشەكانمان.....جا ئەم جارە چۆن بتوانین 24 دەوڵەتی ناحاڵی عەرەبی بهێنینەوە سەر بار؟كێشەكەش لای من ئەوە نیە هێندی ئەوەی بەلامەوە گرنگە تێنەگەیشتنی پارتی و یەكێتیە لە پەیماننامە ستراتیژیەكیەی نێوانێان! بڵێی سەرۆكی هەرێم نەزانێت پرسیار لەو هاوپەیمانێتیە دەست بەجێ یەخەی سەرۆك كۆماری عێراق دەگرێتەوە كە كوردەو هاوپەیمانی ستراتیژی حیزبەكەی سەرۆكی هەرێمە، لەهەمان كاتیشدا نەخۆشی دڵی لە گەڵە و ئەو پرسیارە قورسانەش بۆ دڵ خراپن؟بەهەرحاڵ خێرا پرسیارەكە ڕوبەڕوی سەرۆك كۆمار كرایەوە و خۆشبەختانەش پرسیارەكە كەمێ ئەدەبیانە داڕێژرابوو كە نەبێتە هۆی بەرزبونەوەی زەخت تا ئەو ڕادەیەی زەرەری بۆ دڵ هەبێ،ئەمەیان چاوەڕوانیە خۆشەكە بوو......بەڵام ناخۆشەكەی كە من و منەكانی تری توشی دیق و سیل كردوە وەڵامە ناچاریەكە بوو كە سەرەۆك كۆمار ووتی نەخێر مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە كوردستاندایشدا پێویستی بە بڕیاری دەستەی سەڕۆكایەتی عێراق هەیە......ئیتر لە دوێنێ ئێوارەوە من شیرازەی هاوكێشەكانم لە دەست دەرچوە و نازانم خۆم لە بەرانبەر چ دیاردەیەكدا بینیوەتەوە،تەنها ئەوندە نەبێ دڵنیام ئەمە سیاسەت نیە، گەر حیكمەتێكی سەركردایەتی كوردی لە پشتەوە نەبێ. 3-ئەو هاوكێشەیەی هەمیشە لایەكی سفرە بۆ ئێمەی قوتابیانی تەمەڵ لە ماتماتیكدا هەمیشە سەرسام بوین بەوەی مامۆستا هێندێك جار هاوكێشەیەكی دەنوسی و لایەكی تەختە ڕەشەكەی پڕدەكردەوەو دواتر سەرجەمی هاوكێشەكە دەیكردە سفر .ئەم بەیانیە سەردێڕێكی ناو ڕۆژنامەی ئاوێنە م بینی و خێرا لەوە گەیشتم كە كێشەكە تەمەڵی ئێمە نەبووە بەڵكو هەندێك هاوكێشە هەن هەمیشە لایەكی سفرە...جا كێشەكە ئیتر ناسینەوەی ئەو هاوكێشانەیە نە تێگەیشتن یان لێتێنەگەیشتنیان.ئەمە سەردێرەكەی ڕۆژنامەی ئاوێنەیە محەمەد حەكیم: پیاوێك ژنی دوەم بێنێت شەریفانە ترە لەوەی بچێت زینا بكات. ئەمە دەربڕینی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانە لە پەرلەماندا و دەرچوی كۆلیژی ئەندازیاریە و بە دڵنیاییەوە دەیان لەو هاوكێشانەی بینیوە كە لایەكی بە سفر دەكەوێتەوە، بۆیە زۆر بە ئاسانی لەو هاوكێشەیەی ژیاندا كە خێزان و زینا لە خۆی دەگرێت و هەمیشە لایەكی هاوكێشەكە پیاو بووە و لایەكی تری ژن ، هەستاوە سوك و باریك لایەكی هاوكێشەكە كە ژنە سڕیوەتەوە و كردویەتی بە سفر، هەڵبەت ئەوەش مافی دروستی خۆیەتی و وەك وتمان ئەو هاوكێشانەی لایەكیان سفر بن هەڵە نین. بەڵام دەبێ جەنابی پەرلەمانتاریش ئەو مافە بدات بە منیش كە بە ویستی خۆم لایەكیەی تری هاوكێشەكە بسڕمەوە، چونكە گرنگ ئەوەیە هاوكێشەكە لایەكی سفر بێت تا لاسەنگ نەبێت و پاش ئەوەش كە من لە جیاتی ژن، پیاوم كوژاندەوە لە هاوكێشەكەدا و كردمە سفر هاوكێشەكە دەكرێ لە ڕۆژنامەیەكی تردا ئاوا بنوسرێتەوە: ژنێك شوو بە پیاوی دووەم بكات شەریفانە ترە لەوەی بچێت زینا بكات
2591 جار بینراوه
|
|
|
|