مه‌یلی بکه بۆ هاوڕێکه‌ت |
چاپی بکه |
به‌رخۆدان ژیانه

November 05,2008 جه‌لال چوارتایی : به‌شی یه‌که‌م – باشووری کوردستان سه‌ره‌تا پێویسته بڵێم نه‌فره‌ت له‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مین جار شه‌ڕیشی دروست كرد و ئاژاوه‌شی هێنایه نێو كوردستانه‌وه، چونكه هێنده‌ی ئێمه‌ی كورده‌واری داخانی شه‌ڕ بووین و ئازاری شه‌ڕمان چه‌شتووه باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ میلله‌تێك هه‌بێت له‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا كه هێنده مه‌ینه‌تی شه‌ڕی چه‌شتبێت و هێنده كاره‌ساتی دڵته‌زێنی به‌خۆیه‌وه بینیبێت، ته‌نانه‌ت باوه‌ڕ ناكه‌م ته‌نها یه‌ك بنه‌ماڵه‌ش له‌نێو كورددا هه‌بێت كه پریشكی شه‌ڕ ماڵی نه‌گرتبێته‌وه و نه‌بووبێته سووته‌مه‌نیی ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه له‌لایه‌ن زۆردارانه‌وه‌به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا داسه‌پاوه ئه‌مه‌جگه‌له‌ده‌ربه‌ده‌ربوونی ڕۆژانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان و شێواندنی شێرازه‌و هه‌موو به‌هایه‌کی نه‌ته‌وایه‌تیمان. به‌ڵام كوردگوته‌نیش كه ڕیش بوو به تووشه‌وه پێویسته شانه‌ی بۆ هه‌ڵبگیریت و بێگومان هه‌ڵگرتنی ئه‌و شانه‌یه‌ش لێزانینی ده‌وێت، واته ده‌بێت زیاد له پێویست هه‌وڵبدرێت خۆ له شه‌ڕێك بپارێزرێت كه به شه‌ڕی نابه‌رابه‌ری ناسراوه‌و تێیدا ده‌بیته سووته‌مه‌نی و كاره‌ساتخوڵقێنه‌ر ده‌بێت . به‌رخۆدان ته‌نها ئه‌وه نییه‌که‌ده‌ست بده‌یته‌چه‌کێک و بکوژیت و بکوژرێیت ، به‌ڵکو به‌باوه‌ڕی من ئه‌و ده‌ستدانه چه‌که زیاتر بۆ به‌ره‌وپێش چوونی جۆره‌شه‌ڕێکی دیکه بێت که‌تاوه‌کو ڕۆژگاری ئیمڕۆش نامۆ بووه به‌هه‌ردوو پارچه‌ی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ، واته به‌رخۆدانی چه‌کداری چ که‌م و چ زۆر بخرێته‌خزمه‌تی شه‌ڕی ئابووری و ده‌روونی و فه‌رهه‌نگی و دیپلۆماسی و سیاسی و جه‌ماوه‌ری و په‌ڕله‌مانی و ئاشتی و ...هتد. به‌ڵام به‌داخێکی زۆره‌وه له‌چاره‌ڕه‌شی کوردان‌دا ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو پێچه‌وانه ده‌سوڕێته‌وه و کاتێک ڕووداوه‌کان دێنه پێشه‌وه بۆ به‌ئاشتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و کردنه‌وه‌ی گرێ کوێره‌کان ئه‌وا بازرگانانی خوێن و فرمێسک ده‌بنه دێوه‌زمه‌ی شه‌ڕ ، دێوه‌زمه‌ی شه‌ڕیش نه‌ک هه‌ر هه‌موو ده‌رگاکانی ئاشتی داده‌خه‌ن به‌ڵکو میلله‌ت دووچاری شه‌ڕێکیش ده‌که‌ن که نه‌ده‌سپێکێکی گونجاوی هه‌یه و نه‌دواڕۆژێکی پرشنگدار و ئامانج دیاریکراو ، وه‌ک ئه‌و هه‌له‌مێژووییه‌ی که‌له‌شۆڕشی 14-ته‌موزی-1958زاینی‌دا هاته پێشه‌وه و هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی کوردیش بوونه قوربانی سه‌رکردایه‌تی خێڵه‌کایه‌تی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی کورد ، که‌ده‌ستکه‌وته‌کانی کوردیش له‌ماده 3دا ده‌سته‌به‌رکرابوو ، به‌پێی ئه‌و ماده‌یه هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و عه‌ره‌ب هاوبه‌ش و شه‌ریکن له‌خاک و داهاتی عێراقدا . خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ماده‌یه بخرایه‌ته واری جێبه‌جێ کردنه‌وه ئه‌وه چاره‌نووسی دوو گه‌لی سه‌ربه‌خۆ له‌یه‌ک وڵاتی یه‌کگرتوودا ده‌سته‌به‌ر ده‌کرا ، ئه‌و کات نه‌بیرۆکه‌ی ئۆتۆنۆمی هێنده کوردی بچوک ده‌کرده‌وه و نه‌مرۆڤی کوردیش وه‌کو مرۆڤی پله‌دوو و نامۆ به‌وڵات ده‌ناسرا و نه‌ئه‌م ده‌ریا خوێنه‌ش له‌نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌چۆڕا و نه‌کوردیش وه‌کو ده‌ستێکی بێگانه‌و دژ به‌ئاسایش ده‌هاته پێش چاوان . ئه‌وه‌ی ڕێگریش بوو له‌به‌رده‌م جێبه‌جێکردنی ئه‌و ماده ده‌ستوریه‌دا سه‌رکردایه‌تی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و تیره‌خوازی به‌ناو کورد بوو که‌هه‌میشه له هه‌وڵی جێبه‌جێکردنی داخوازیه‌کانی ئیمپریالیزم و ڕازیکردنی دڵی دوژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا بوون . به‌ڵام سه‌رکردایه‌تی ده‌ره‌به‌گایه‌تی کورد نه‌ک هه‌ر ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی بۆ قبووڵ نه‌ده‌کرا به‌ڵکو بیرۆکه‌ی ئۆتۆنۆمیخوازیان هێنایه نێو میلله‌ته‌وه، به‌پێی ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ش نه‌ک هه‌ر کورد هاوبه‌ش نه‌ده‌کرا له‌خاک و داهاتی عێراقدا به‌ڵکو کوردیشی وه‌کو میوانێک ده‌ناساند له‌سه‌ر خاکی خۆی ، که‌ئه‌مه‌ش ته‌نها ویستی ئیمپریالیزم و ناسیۆنالیزمی توندڕه‌وی عه‌ره‌بی بوو ، نه‌ژادپه‌رستی و شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بیش له‌عه‌قڵیه‌تی تاوانباری مێژوو جه‌مال عه‌بول ناسر و ڕه‌وته ناله‌باره‌که‌یدا کۆده‌بوویه‌وه. یاخود وه‌کو ئه‌و هه‌له زێڕینه‌ی که‌له‌جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان ئێران و عێراقدا هاته‌ئاراوه بۆ به‌ئاشتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان ، که‌له‌ڕاستیدا زۆربه‌ی زۆری ئه‌و کێشانه‌ش هه‌ر سه‌رکردایه‌تی ده‌ره‌به‌گایه‌تی کورد خوڵقێنه‌ری بوو ، به‌ڵام بازرگانانی شه‌ڕ نه‌ک هه‌ر به‌ئاشتی چاره‌سه‌رکردنی ناخۆشیه‌کانیان نه‌ده‌ویست به‌ڵکو به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌یی و داگیرکه‌رویستییان وای ده‌خواست که‌نه‌ته‌وه‌که‌مان بکه‌نه‌به‌شێک له‌و شه‌ڕه‌سامناکه‌و گه‌ل دووچاری مه‌زنترین تراژیدیای سه‌رده‌م بکه‌ن ، وه‌كو ئه‌وه‌ی له ساڵی 1988 له باشووری كوردستان پیاده‌كرا و ناوی ئه‌نفالی لێ‌نرا ، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی به له‌نێوبردنی نزیكه‌ی دووسه‌دهه‌زار سڤیل و هه‌زاران پێشمه‌رگه و خاپوركردنی هه‌زاران گوند و شارۆچكه‌ی كوردستان كۆتایی پێهات ، یاخود باشتر بڵێم وێرانکردنی 93% دێهاته‌کانی باشووری کوردستان که‌ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش نزیکه‌ی 5000 گوند بوو ، له به‌رامبه‌ریشدا زیانی دوژمنه‌كه‌ت هێنده كه‌م بێت كه شایانی باسكردن نه‌بێت چونكه ئه‌مه نه‌ک هه‌ر به‌رخۆدانی پێ نا‌وترێت به‌ڵكو ئه‌مه شه‌ڕی نابه‌رامبه‌ر و ماڵوێرانی پێ ده‌وترێت ، که‌له نێو کوردان‌دا به‌شه‌ڕی خۆتڕێن ناسراوه. هه‌روه‌ها کاتێکیش کوردان پێویستیان به‌به‌رخۆدان هه‌یه دژ به‌داگیرکه‌ران و ئه‌و به‌رخۆدانه‌ش به‌که‌مترین زیان مافه‌کانمان ده‌سته‌به‌ر ده‌کات و ئازادی خوڵقێنه‌ر ده‌بێت ، ئه‌وا نه‌ک سه‌رکردایه‌تی به‌ناو کوردی و گرێ‌دراو به‌داگیرکه‌رانه‌وه‌خۆیان له‌و ئه‌رکه ده‌دزنه‌وه به‌ڵکو ده‌بنه گه‌وره‌ترین به‌ڵا و دێوه‌زمه‌ش له‌به‌رده‌م به‌رخۆدانی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا . وه‌کو ئه‌و هه‌له زێڕینه‌ی که له ساڵی 1968 زاینی‌دا هاته ئاراوه ، که ئه‌و ساڵه‌ش بریتییه له ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ستی به‌عسیه‌کان و کۆتایی هێنان به‌که‌سێکی دیموکرات و پێشکه‌وتنخوازی وه‌کو عه‌بدول که‌ریم قاسم ، چونکه له‌و کاته‌دا به‌عسیه‌کان نه‌ک هه‌ر هیچ پێگه‌یه‌کی جه‌ماوه‌رییان نه‌بوو له‌کوردستاندا به‌ڵکو له‌نێو خودی عه‌ره‌بیشدا پشتیوانییه‌کی ئه‌وتۆیان نه‌بوو ، به‌ڵام ئۆتۆنۆمیخوازانی کورد له‌جیاتی به‌رخۆدان ڕێگه‌ی وتوێژی 4 ساڵه‌یان هه‌ڵبژارد(1970-1974)ز. که‌پێناسه‌ی ڕاست و دروستی ئه‌م گفتوگۆیه‌ش بریتییه له ته‌سلیمکردنی ئیراده‌ی گه‌ل و دروستکردن‌و به‌هێزکردنی به‌عسیه‌کان . پاش به‌هێزبوونه‌وه‌ی به‌عسیه‌کانیش شه‌ڕێک جاڕ ده‌ده‌ن که‌ته‌نها 3 مانگ درێژه ده‌کێشێت و له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1975 زاینی‌دا ئاشبه‌تاڵێک جاڕ ده‌ده‌ن که‌به‌فرۆشتنی کورد و شۆڕشه‌که‌ی به‌ناوبانگه له پێناوی دۆلاری ئه‌مریکی و سێوی ئێرانی‌دا . له‌کاتێکدا له‌به‌رده‌م لاوازترین ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌که‌دا جاڕی ئاشبه‌تاڵ ده‌درا که‌چی هه‌ر چه‌ند مانگ به‌ر له‌و ڕووداوه‌ڤێتنامیه‌کان کۆتای‌یان به‌مه‌زنترین کۆلۆنیالیزمی جیهانی ده‌هێنا له‌وڵاته‌که‌یاندا . له‌ئاداری 1991 زاینی‌دا جارێکی دیکه به‌هۆی داڕمانی ژێرخانی ئابووری داگیرکه‌ری عێراقی و له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شانی سوپا ده‌ست سووره‌که‌ی به‌خوێنی ئازادیخوازانی گه‌ل ، به‌هۆی گورزی کوشنده‌ی هاوپه‌یمانان و سه‌رهه‌ڵدانی شیعه‌ی عێراقی و ڕاپه‌ڕینی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌باشووری کوردستاندا جارێکی دیکه هه‌لێک دێته پێشه‌وه که به‌که‌مترین زیان ئازادی ده‌سته‌به‌ر بکرێت ، به‌ڵام پاش ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ڕاگه‌یشتنی بازرگانانی خوێن و فرمێسکی ڕابردوو ، جارێکی دیکه ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌ل ده‌که‌نه‌وه قوربانی ماچ و موچی به‌غداد و عه‌قڵیه‌تی خێڵه‌کایه‌تیانه‌ی خۆیان ، ماچ و موچکه‌رانی به‌غداد نه‌ک هه‌ر سه‌رهه‌ڵدان و ڕاپه‌ڕینی گه‌له‌که‌مان ده‌وه‌ستێنن به‌ڵکو گه‌لیش تاوانبار ده‌که‌ن و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌که‌شمان به‌هێزه ده‌ره‌کیه‌کانه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه، سه‌رکرده به‌ناو سیاسه‌تمه‌دار و حه‌کیمه‌کان هه‌ر یه‌که‌و لێدوانی جۆرا و جۆر ده‌ده‌ن بۆ کۆتایی هێنان به‌ڕاپه‌ڕینی نه‌ته‌وه‌که‌مان . که‌ئه‌مه‌ش به‌شێکه‌له‌لێدوانه‌کانیان :- تاڵه‌بانی گوتی / {ئه‌مریکا چه‌کوشی ئاماده‌ی له‌بنکه‌ی ئینچه‌رلیکی تورکیا داناوه بۆ پاراستنی کوردان ، له‌به‌رئه‌وه داواتان لێده‌که‌م کۆتایی به‌ڕاپه‌ڕین بهێنن چونکه ئه‌گه‌ر کۆتایی به‌و ڕاپه‌ڕینه نه‌یه‌ت ئه‌وا ئه‌مریکاش پشتیوانیمان لێ‌ناکات ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه بێده‌نگبن ئه‌وا له‌گه‌ڵ هه‌ر جموجوڵێکی سه‌دام حسێندا چه‌کوچی ئاماده به‌کاره بۆ سه‌رکوت کردنیان} . له‌کاتێکدا تاڵه‌بانی به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌له‌وه به‌ماچی سه‌دام حسێنی دۆستی دێرینه‌ی شاد ببوو ، که‌چی جارێکی دیکه‌چاره‌نووسی گه‌لی به‌ئیمپریالیزمێکی دژه‌گه‌لی وه‌کو ئه‌مریکاوه ده‌به‌سته‌وه‌و هانی کوردانی ده‌دا که‌به‌رخۆدان ڕابگرن ، به‌مه‌رجێک هه‌ر له‌و کاته‌دا شیرازه‌ی داگیرکه‌ری عێراقی به‌جۆرێک شێوابوو که‌کۆنترۆڵی شاره عه‌ره‌بنشینه‌کانیشی له‌ده‌ست دابوو . تاڵه‌بانی به‌م لێدوانانه‌ی هه‌م گه‌لی کوردی بێده‌نگ ده‌کرد و هه‌م له‌نێو کۆمه‌ڵگای نێو نه‌ته‌وه‌یشدا کێشه‌ی کوردی له‌ڕێڕه‌وی خۆی ده‌گۆڕی و له‌کێشه‌یه‌کی سیاسیه‌وه‌ده‌یکرده‌کێشه‌یه‌کی ئینسانی ، بۆنموونه‌سه‌ری زمان و بنی زمانی بریتی بوو له‌داخوازی چادر و خواردن بۆ کوردان ، واته‌کێشه‌ی گه‌لێکی داگیرکراو و نیشتمانێکی دابه‌شکراوی ده‌کرده‌کێشه‌ی برسیه‌تی و بێ جێگه‌یی . بارزانی گوتی / { ئه‌وانه‌ی دژی میری ئاژاوه ده‌گێڕن زۆر زۆر له‌ژنه‌کانیان ترسه‌نۆکترن ، هه‌ر کاتێک میری ڕوویان تێبکات ئه‌وا له‌پێش ژنه‌کانیانه‌وه هه‌ڵدێن } . به‌ڵێ ؛ له‌عه‌قڵیه‌تی که‌سانی ده‌ره‌به‌گ و بنه‌ماڵه‌په‌رسته‌وه ژن بریتییه له بوونه‌وه‌رێکی زۆر ترسه‌نۆک و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ویستی سه‌رۆک خێڵیشدا نه‌بێت ئه‌وا زۆر له‌ژن ترسه‌نۆکتره. له‌لایه‌کی دیکه‌وه چونکه پیشه‌ی ئه‌م زاته هه‌میشه هه‌ڵهاتن بووه ئه‌وا هه‌ر به‌و پێوانه‌یه‌ش گه‌ل ده‌بینێت وپیشه‌ی هه‌موو که‌سێکیش هه‌ر هه‌ڵهاتنه له‌به‌رده‌م میریدا . هه‌روه‌ها له‌ساڵی 2003 زاینی‌دا و پاش نه‌هێشتن و داڕمانی به‌عسیه‌کان له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه، مه‌زنترین هه‌لی مێژوویی هه‌ڵده‌که‌وێته‌وه بۆ به‌رخۆدانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ، به‌ڵام به‌رخۆدانی ئه‌م جاره‌ش ده‌چێته‌وه قوڕگی هه‌مان سه‌رکرده‌کانی ڕابردوو ، ئه‌م سه‌رکردانه به‌ناوی عێراقی یه‌کپارچه و هاوبه‌شیکردن له‌ده‌سه‌ڵاتدا چاره‌نووسێکی تاریک و نادیار بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌خوڵقێننه‌وه که به‌قه‌یرانی گیرفان پڕکردن و ده‌سه‌ڵاتپه‌رستی به‌ناوبانگه. مه‌سعود بارزانی له‌نامیلکه‌یه‌کی قه‌باره‌بچوکدا به‌ناوی(البارزانی و الحرکە التحرریە البارزانیە) باس ده‌کات و ده‌ڵێت :- [هه‌ر کاتێک کورد پێویستی به‌شه‌ڕ بووبێت ئاشتی کردووه، هه‌ر کاتێکیش پێویستی با ئاشتی بووبێت ئه‌وا شه‌ڕی کردووه]. خوێنه‌ری به‌ڕێز/ سه‌رنجی ئه‌م گوته‌یه‌ی مه‌سعود بارزانی بده‌ن و هه‌ڵسه‌نگاندنیش له‌سه‌ر ئه‌م دوو خاڵه‌ی خواره‌وه بده‌ن. 1- بارزانی باس له‌سه‌رده‌مانێک ده‌کات که‌جگه له پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی ئه‌وا هیچ هێزێکی دیکه‌ی کورد یان بوونیان نه‌بووه یاخود ئه‌گه‌ر بوونیشیان هه‌بووبێت ئه‌وا هه‌م سه‌رکوت کرابوون و هه‌م ببوون به‌پاشکۆ و بگره به‌شێکیش له‌پ‌د‌ک-عێراق ، ئه‌مه‌جگه‌له‌وه‌ی که‌ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه هه‌میشه‌خۆیان له‌کورد به‌زیاتر زانیووه و هیچ کاتێک نه‌ک هه‌ر گوێیان بۆ ویست و داخوازیه‌کانی گه‌له‌که‌مان نه‌گرتووه به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ده‌نگێکی ناڕه‌زایه‌تیشی به‌رزکردبێته‌وه ئه‌وا به‌توندترین و ناشیرین‌ترین شێوه له‌نێویان بردووه یاخود ناچاریان کردووه که‌په‌نا بباته به‌رده‌ستی دوژمنان . له‌و سه‌رده‌مه‌دا بڕیارده‌ری سه‌ره‌تا و کۆتایی هه‌ر خودی بارزانی بووه‌و بڕیاری شه‌ڕ و بڕیاری ئاشتی هه‌ر له‌لایه‌ن خودی بارزانیه‌وه دراوه ، که‌واته ڕاستترین گوته ئه‌وه‌یه که هه‌ر کاتێک کورد پێویستی به‌به‌رخۆدان بووبێت ئه‌وا خودی بارزانی ڕێگر بووه له‌به‌رخۆدان و هه‌رکاتێکیش کورد پێویستی به‌ئاشتی بووبێت ئه‌وا ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه بواری ئاشتیان نه‌هێشتۆته‌وه و کوردیان له‌شه‌ڕێکی نه‌خوازراوه‌وه وه‌رداوه. 2- مه‌سعود بارزانی تاوانی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه ده‌خاته ئه‌ستۆی کوردان و ده‌ڵێت کورد ئه‌م کاره‌ی کردووه، که به‌باوه‌ڕی من ئه‌م گوته‌یه تاوانه، چونکه ویستی کوردان وه‌کو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئازادیخوازی دیکه‌ی جیهان بریتییه له به‌رخۆدان له‌به‌رده‌م داگیرکاری و دابینکردنی ئاشتی له‌گه‌ڵ گه‌لانی جیهاندا ، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر هه‌ر تاوانێک و چه‌وتییه‌ک ڕووی دابێت ئه‌وا سه‌رکردایه‌تی بڕیارده‌ر لێی به‌رپرسیاره‌و سه‌رکردایه‌تی بڕیارده‌ری ئه‌وکاتی کوردیش خودی بارزانی و بنه‌ماڵه‌که‌ی بووه. ئه‌گه‌ر له‌نێو کۆمه‌ڵگایه‌کی هوشیاردا ئه‌م چه‌ند پرسیاره‌ی خواره‌وه‌له‌هه‌ر تاکێک بکرێت ئایا ده‌بێت چ به‌رسیڤێک بداته‌وه؟ أ- ڕۆژانه‌له‌وڵاتێکدا سه‌دان که‌س ده‌بنه‌سوته‌مه‌نی شه‌ڕی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی و به‌هه‌زارانیش ده‌ربه‌ده‌ر ده‌بن که‌چی سه‌رۆک کۆماره‌که‌ش سه‌رقاڵی نوکته‌گێڕانه‌وه‌یه؟ ب- نه‌ته‌وه‌یه‌ک جگه‌له‌وه‌ی که‌داگیرکراوه‌و دووچاری گه‌وره‌ترین تراژیدیا و جینۆساید بووه، که‌چی ڕابه‌ره‌کانی جینۆسایدکه‌ر به‌گره‌نتی گه‌لی کۆیله‌پێناسه‌ده‌که‌ن و به‌ماچکردن پاداشتی ده‌ده‌نه‌وه؟ ت- نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ته‌واوه‌تی دووچاری ده‌ربه‌ده‌ری هاتووه‌و له‌کاتی به‌رخۆدانیشدا سه‌رکرده‌کانی به‌ترسه‌نۆکتر له‌ژن پێناسه‌ی ده‌که‌ن ؟ پ- نه‌ته‌وه‌یه‌ک پاش 13 ساڵ ده‌ربازبوون له‌داگیرکاری که‌چی سه‌رکرده‌کانی به‌زۆر بیکه‌نه‌وه‌به‌به‌شێک له‌داگیرکه‌ره‌که؟ ج- که‌سێکی وه‌کو ماندێلا خه‌ڵاتی ئاشتی ئه‌تاتورک وه‌رناگرێت به‌هۆی دڕندایه‌تیه‌کانی ئه‌تاتورک له‌سه‌ر کوردان ، که‌چی سه‌رکرده‌یه‌کی کوردیش به‌بێ میوانداریکردنیش تاجه‌گوڵینه‌له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی دابنێت ؟ ح- نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆڵه‌وار به‌بێ هاوبه‌شیکردنی پارته‌به‌ناو ڕزگارکه‌ره‌کانی ڕاپه‌ڕین به‌رپا بکات و سه‌رکرده‌کانی له‌تاراوگه‌ییه‌وه‌بهێنێته‌وه‌مه‌یدان ، که‌چی هه‌ر ئه‌و سه‌رکردانه‌ش ئازادی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌یان به‌خه‌ونی شاعیران پێناسه‌بکه‌ن ؟ خ- نه‌ته‌وه‌یه‌ک زیاتر له‌یه‌ک ملیۆن قوربانی دابێت له‌پێناوی ئازادی‌دا ، که‌چی سه‌رکرده‌کانی پێناسه‌ی شوتی بۆ ئازادی بکه‌ن و بڵێن هێشتا ئازادی پێنه‌گه‌یشتووه؟ د- سه‌رکرده‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆڵۆنیکراو ، گرنگترین ناوچه‌کانی وڵاته‌که‌یان چۆڵ ده‌که‌ن بۆ داگیرکه‌ر ، که‌چی پیلانی نهێنیش ده‌به‌ستن له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی دیکه‌دا بۆ کۆتایی هێنان به‌هێزێکی ئازادیخوازی دیکه؟ ئه‌مه‌و هه‌زاران پرسیاری سه‌رسوڕهێنه‌ری دیکه‌ش . درێژه‌ی هه‌یه....
483 جار بینراوه
|
|
|
|