مهیلی بکه بۆ هاوڕێکهت |
چاپی بکه |
نـــــــــا بــۆ گــرێبــەســـت

November 05,2008 " من خودى خۆم ڕێگیر نیم لە واسیتە كردن و ئەگەر كوڕەكەمتان لەگەڵدا بوایە یەكەم كەس دام دەمەزراند " تازەدەرچوان وخوێندكارانى هەر چوار كۆلێج: ئەمەى سەرەوە ڕستەیەك ئاخاوتنە ڕاستەوخۆ لە زارى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى تەندرووستى سلێمانی (د.شێركۆ عبداللە)ەوە بیستراوە, شایەنى باسە دكتۆر شێركۆ داكۆكى كەرێكى سەرەكییە لە دامەزراندنى تازە دەرچوەكانى هەر چوار كۆلێجى پزیشكى گشتى و پزیشكى ددان و دەرمانسازى و پەرستارى, خوێندكارانى چوار كۆلێجى ناوبراو لە ڕۆژى 22/10/2008 یەكەم ڕۆژى مانگرتنیان ڕاگەیاند لە دژى بڕیارى دامەزراندنى دەرچوانى ئەو كۆلێجانە بە گرێبەست لەلایان وەزارەتى تەندرووستیەوە و بەڵێنیان داوە هەتا هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەكە مانگرتنەكەیان بەردەوام دەبێت, ئێمەى خوێندكارانى ئەم كۆلێژانە پاش گوێزرانەوەمان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا وە بۆ وەزارەتى تەندرووستى ئەمە بە سەرەتایەكى ناخۆش دەزانین كە هەر لە دەستپێكى یەكەم كارمان لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى ئا بەمشێوەیە تەگەرەو لەمپەڕى گەورە بخرێتە سەر كارەكانمان و وەك هاوڵاتیەكى پلە دوو ئەرك و مافمان پێبدرێت. خوێنەرى بەڕێز, هاوڵاتیانى خۆشەویست, ڕۆشنبیران, پسپۆڕان و هەموو تاكێكى خاوەن وویژدان ئێوە بێنە مەیدان و ببنە حەكەم كە ئێمەى چینى خوێندكارى ئەم وڵاتە دواى (18) ساڵ خوێندن و بڕینى هەموو پلەكانى خوێندن بە سەركەوتویى و بە شەونخونى و ماندوبونێكى زۆر كە هەر كەس لە نزیكەوە ئاگایى لێمان نەبێت نازانێت چۆن و بە چ شێوەیەك ئێمە ماندوو دەبین تا دەگەینە بەدەست هێنانى شەهادە, بەڵام چەند كەسێكى كەم كە بە بێ خواستى ئێمەو هاوڵاتیان كراونەتە لێپرسراو دەرك بەم ماندوبونەى ئێمە ناكەن و بێباكانە دان نانێن بە مافە ڕەواكانمانداو بە ڕەواى نازانن بە مافە سەرەتاییەكانى خۆمان بگەین هەروەكو چۆن هەموو هاوڵاتیەكى ئەم وڵاتە مافە سەرەتاییەكانى لێ زەوت كراوە, ئێمەى خوێندكارانى ئەم كۆلێجانە پەیامى ڕوون و ئاشكرامان هەیە كە چیتر ڕازى نین چەند كەسێكى كەم بەناوى گۆڕان و پێشكەتنەوە بە ئارەزوى خۆیان بڕیارى نادروست و بێبنەما لەسەر چارەنوسمان بدەن و ئامادەین هەموو ڕێگەیەكى مەدەنیانە بگرینە بەر بۆ بەدەست هێنانى ئامانجەكانمان هەروەك چۆن لە (18) ساڵى خوێندندا ماندونەناسانە لە هەوڵ و كۆششداین. ئێمەى گەنج ئامادەى خزمەت كردنى وڵات و خاك و هاوڵاتیانین و ئامادەین بۆ خزمەت بەحوكمەت و دەسەڵاتیش تا ئەوكاتەى ڕێز لە پیشەكەمان بگیرێت و كۆدى گەورە گەورە لە سەر ڕێمان دانەنرێت, ئەو كەسانەش كە دەبنە ڕێگر لە بەردەم كارى ئێمەدا ئەوە بابزانن زەرەر بە هاوڵاتیان دەگەیەنن و پاشان ئێمەو لە دواجاریش حوكمەت و دەسەڵات لە كاتێكدا خۆیان دەهێڵنەوە بەو كورسیەى ژێریانەوە كە بۆگەنى گەندەڵى لێیەت و پێیان دەڵێین بەڕێزم ئەگەر سیستەمى تەندرووستى كۆن و پەككەوتە بێت ئەوە ئێوەى بەناو لێپرسراو كۆن و پەككەوتە ترن و كاتى گۆڕانتان هاتووە و پێویستە حوكمەت كەسى شیاو بخاتە شوێنى شیاو, خوێندكارانى ئەو كۆلێجانە ئامادەى پێكهێنانى لیژنەن كە وەدوى ئەو گەندەڵیانە بكەوێت كە سەرچاوەكەى خودى خۆتانن و لە ڕاپۆرتێكى تێرو تەسەلدا دەیگەیەنینە دەست پەرلەمان و حوكمەت و سەرجەم میدیاكان بۆ ئەوەى بۆ كۆمەڵانى خەڵكى بسەلمێنین كە كىَ سەرچاوەى پشێویە لە ناو بوارى تەندرووستى و كێ بە وشەى باق و بریق هاوڵاتیان و حوكمەت چەواشە دەكات, لە كۆتایدا داوامان لە حوكمەتى هەرێمى كوردستان ئەوەیە كە ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكات و بەدەم داواكاریەكەمانەوە بێت و چیتر ڕێگە نەدات چەند كەسێكى كەم بۆ مانەوەى خۆیان لەسەر كورسی ناكۆكى و دوورخستنەوە بخەنە نێوان گەنج و حوكمەتەوە.
466 جار بینراوه
|
|
|
|