ستیڤان شەمزینانی – بەشی سێیەم و كۆتایی :
پێم سەیر بوو(سیروان كەریم)لەوەرامەكەیدا هاتووە چەند هەڵەیەكی رێزمانیی و رێنووسیی كردووەتە بابەتی سەرەكی رەخنەگرتن لەو چاودێرەی بەزۆرەملێ بە(ئاسۆ)ی دەزانێت،دەبوو ئەو هەڤاڵە بەدووی راستی و دروستی ناوەڕۆكی ئەو وتارانەدا بگەڕابا،چونكە ئەو وتارانەی ئێمە نوسیومانن لەسەردوو تەوەر هەڵوەستەیان كردبوو:یەكەم گەندەڵییەكانی هەڵكەوت زاهیر و جیاوازییكردن لەهاوكارییكردنی هونەرمەندانی كورد بەشێوەیەكی گشتیی .
دووەم:خراپیی باری ژیان و گوزەرانی هێندێك لەهونەرمەندانی ناسراوی وەك(كەریم كابان – حەمەی نێرگز- سەلاح مەجید"باوكی باخان"- زاهیر جەلال- ئەرجومەند هەورامی – میدیا حسێن – كەریم خەمزەیی – حسێن زارین). كەهیچ ئاوڕێك لەژیان و بژێوییان نادرێتەوە بەتایبەتی لەلایەن راوێژكاری هونەریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە .
ئێمە كاتێك بەسەربەخۆ و لەروانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتییەوە لەگەڵ كاك ئاسۆ نامەیەكمان ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت كرد بۆچی بڕی تێچوونی ئەو كارە هونەرییانە بۆ هونەرمەندی گەورە و دەنگ رەسەنی كورد (خالید رەشید)ناگێڕننەوە لەبەرهەمهێنانی چەند ماددەیەكی هونەریی سەرفی كردوون و یەكێك لەو بەرهەمانەش سیمفۆنی (ئەی رەقیب)ە كە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستانی پێدەكرێتەوە؟ئەم نامەیەمان لەرێگەی (مهاباد قەرەداغی)یەوە گەیاندە دەستی هەڵكەوت وپێمان راگەیاند:راستییەكەی خالید رەشید راینەسپاردووین بۆ نووسینی ئەم نامەیە،تەنێ وەك گوێگر و هەواداری دەنگی ئەو هونەرمەندە و دوو رۆژنامەنووسی گەنج ئەم نامەیەمان نووسیووە،هەڵكەوت كەوتە منجەمنجكردن گوایە ئەم كارە پەیوەندیی بەوەوە نییەو پەیوەستە بە وەزارەتی رۆشنبیریی،بەپێچەوانەوە هەفتەیەك دوای ئەو منجەمنجكردنە ئاگاداربووم هونەرمەندێكی تر بەسەیارەكەی هەڵكەوت چوو بۆ بەڕێوەبەرێتی دارایی و دوایی بۆ گەنجینەی هەولێر و دوایی بۆ بانكی رەشید بەمەبەستی وەرگرتنی بڕی 15 ملیۆن دینار بۆ بەرهەمهێنانی( سیدی)یەك،ئەم پارەیە لەلایەن هەڵكەوت و لەسەر بڕیاری وی بەو هونەرمەندە درا .
ئەمە بەڵگەیەك بۆ نادادپەروەریی هەڵكەوت نەبێت چیترە؟ دوای نزیكەی دوو مانگ جارێكی تر لەسەر شەقامی سالم و نێزیكی گازینۆی سەهۆڵەكە لەگەڵ (ئاسۆ)بەرێكەوت (هەڵكەوت زاهیر)مان بینی لەگەڵ هونەرمەند(نەوژین محەمەد) وەختێك پێمانووت بۆچی یارمەتی فڵانە هونەرمەند دەدەیت بەبڕی ئەوەندە و ئەو نامەیەی ئێمە بۆ قەرەبووی خالید رەشید پشتگوێ دەخەیت؟كاكم لەبەرسڤدا وتی:خالید رەشید هونەرمەندێكی باش نییەو بەستایلێكی كۆن گۆرانی دەڵێت و لەگەڵ خواست و حەزی گەنجاندا نایەتەوە،واپێویستە ستایلی خۆی بگۆڕێت تا یارمەتی بدەین .
ئێمە بەتووڕەییەوە وتمان:كاكی بەڕێز تۆ كەسێكت دەوێ كار لەشان و باڵی خەڵك بكات و شانیان بجووڵێنێ نەك هەستیان گڕ تێبەربدات و ناخیان بجووڵێنێ و روحیان بەنەسیم و شنەیەكی ئارام فێنك بكاتەوە .ئیدی ئەگەر ئەم رەفتارەی هەڵكەوت بەریشی كاك سیروان رەوایە و گەندەڵی نییە؟ئێمە هیچ قسەیەكمان نەماوە،چون نامانەوێت ئاسنی سارد بكوتین و چیرۆكی خورشید وخاوەر و شیرین و فەرهاد و لاس و خەزال بۆ نابیست وەگێڕینەوە !!.
د.عەلی ئەلوەردی لەروونكردنەوەیەكدا لەیەكێك لەبەرگەكانی كتێبی(چەردەیەكی كۆمەڵایاتییانە لەمێژووی هاوچەرخی ئێراق)دەربارەی ئەو رەخنانەی رەخنەگران لەبەرگەكانی پێشووی هەمان كتێب گرتوویانە دەنووسێت : (ئەم وتەیە لەپێشەكی ئەم بەرگەدا دەنووسم وەك ئاگادارییەك بۆ هەندێ رەخنەگر تا خۆیان بەگەڕان بەدوای هەڵەی زمانەوانییەوە خەریك نەكەن ..تكام لەرەخنەگرەكان ئەوەیە لەكتێبەكانی مندا بەدوای هەڵەی مێژوویی وكۆمەڵایەتییدا بگەڕێن).لەوانەیە ئێمەش داوایەكی وەكی ئەوی (ئەلوەردی)مان لە كاك سیروان هەبێت و پێی بڵێین : واباشتر بوو بۆ تۆ وبۆ ئێمەش بەدووی فایلی هەڵكەوت زاهیر چووبایتایەو بۆ هەموو لایەكت بسەلماندایە ئەو زاتە موبارەكە گەندەڵ نییەو لەنارەوا تۆمەتباری دەكەن،ئەگەر ئەم كارەت پێناكرێت باشتر بوو بێدەنگ ببوویتایە یان هیچ نەبووایە دەنگت بخستبایەتە پاڵ دەنگی ئێمە و زانیاریی بەسوودت بخستایەتە سەر ئەوانەی ئێمە،چونكە دڵنیام بەحوكمی كارەكەت زۆر لەئێمەومانان زێدەتر زانیارییت لەلایە لەسەر گەندەڵییەكانی راوێژكاری هونەریی سەرۆكی حكومەت .بۆیە وایدەبینم رەخنەگرتن لەهەڵە زمانەوانییەكان وەك ئەوە وایە لەتاقیكردنەوەی وانەی كیمیادا وەڵامی وانەی مێژوو بدەیتەوە،وەك ئەوە وایە لەپرسەدا سەرچۆپی بگریت و لەشاییدا قوڕ بپێویت،ئەرێ خەڵكینە وانییە؟.
وادیارە كاك سیروان بەدەرخستنی ئەو هەموو گەندەڵییانەی هەڵكەوت زاهیر لەماوەی رابردوودا تێر ناخوات، دەیەوێ ئێمە وەسڵ و كتابی فەرمی ناوبراو لەبەفیڕۆدان و گەندەڵییدا بڵاو بكەینەوە،ئێمە سەرباری دڵنیاییمان لەگەندەڵیی هەڵكەوت رایدەگەیەنین بەڵگەی لەوجۆرەمان لەلا نییە،لەبەرئەوەی نایەڵن بكەوێتە دەستمان نەك لەبەرئەوەی نییە،كاكی ئازیز ئێستا بۆ ئەوەی لێدوانێك لەفەرمانگەی كەشناسیی سلێمانی وەربگریت دەربارەی رەوشی كەشوهەوا و راددەی باران بارین دەبێت لەوەزارەتەوە نوسراوی فەرمی بهێنیت،جەنابیشتان بەنیازن لەم دۆخەدا و لەوكاتەی عەبایەكی رەشی قەترانی دراوە بەسەر نوسراو و بەڵگەنامەكاندا،سووك و باریك پێمان بڵێن فەرموو ئەوە بەڵگە و نوسراوی فەرمی بیبەن بۆ رۆژنامەو سایتەكان بڵاوی بكەنەوە.ئێ ئەگەر وابوایە دەبوو ئێمە بمانوتبا لەسوێد دەژین نەك لەو خەرابستانەی بووە بەحاویەی جیهان و تەنكەخۆڵی خواردەمەنی ئێكسپایەر و بەرپرسی چەتەو حكومەتی داڕوخاو و پەرلەمانی خەواڵو و وڵاتی وێران و شاری كاول و گوندی چۆڵ .ئەوە كوردستانە ئاوایی دزان و بۆن سۆی شەڕو ژینگەی شێداری گەندەڵیی و جوجكهەڵهێنەری دیكتاتۆر و مەزادخانەی فیكری بەسەرچوو .
من وەك خۆم وابیر دەكەمەوە پێویست ناكات چاوەڕێی دەستكەوتنی بەڵگە بكەین بۆ تاوانباركردنی هەڵكەوت و ئەمسالەكانی وەك گەندەڵكار،واقیعەكە وەك خۆی و بێ دەستكاریی لەبەردەستدایەو تەنێ ئەوەمان نیشان دەدات ئەو زاتە موبارەكانە گەندەڵن و سروشتی حووتیان گرتووە و گەدەیان هێندەی بەرینی كیشوەرێك كشاوە .تۆ بەچاوی خۆت خانوویەك ببینیت چی پێویست دەكات داوای بەڵگە بكەیت بۆ سەلماندنی ئەو دیمەنەی چاوت پێدەڵێت چییە؟چ پێویست دەكات ژوور بەژوور بیپشكنیت تابزانیت ئەو دیمەنە خانووە یان چشتێكی تر؟ ئێمە دیمەنەكە بەروونی و وەك بیچمی راستەقینەی خۆی دەبینین،ئەگەر ئێوە نایبینن خەتای چاوی خۆتانە،ئەگەر نایبینن رەنگبێ پێویست بكات سەردانی دكتۆری چاو بكەن تا هیچ نەبێت چاویلكەتان بۆ بنووسن.
(حەمەسەعید حەسەن)ی نووسەری جەلالینامە(نازانم كەی مەلاینامە دەنووسێت؟)لەكتێبی ئاماژە بۆدراودا نووسیوویەتی (كەشەڕی براكوژیی هەڵدەگیرسێت،خەڵكی هەمیشە دەزانن لایەكیان یەكێتییە،بۆیە تەنیا پرسیاری لایەنەكەی تر دەكەن). وەك خۆم هەركاتێك لەرادیۆ گوێم لەگۆرانییەكی خراپ و شێوە ئەرەبیسك و نەشاز دەبێت راستەوخۆ دەزانم ئاوازی هەڵكەوت زاهیرەو ئەو پارەی تێچوونەكەی دابینكردووە،یەكسەر رووی دەمم دەكەمە هاوڕێكانم و تەنێ پرسیاری ناوی ئەو گۆرانیبێژە دەكەم،بڕوابكەن ئەم حاڵەتەم بەواقیعیی بەسەرهاتووە .
كاك سیروان ئەگەر تێكدانی چێژی گوێگر و شێواندنی هونەری كوردیی بەسانا و ئاسایی دەزانێت؟مەگەر تەشتێ قوڕ بێنین و بكەوینە شەریفە باوكە رۆ و سەرمانی تێگرین،ئەگەر ئەو هەڤاڵە ئەوە بەگەندەڵیی نازانێت هەڵكەوت هەركەسی بوێ پڕ پریاسكەیەك دۆلاری دەداتێ بۆ بەرهەمهێنانی گۆرانی كە ئاواز و موزیكەكەی هی خۆی بێت؟ بەئەسحابە گەندەڵیی درۆیە و كوردستان هەر گەندەڵیی تێدا نییە،ئەگەر ئەو برا هەڵكەوتدۆستە كورتكردنەوەی هونەر بۆ گۆرانی و گۆرانی كوردیی بۆ پێڕێك ماستاوچی و دزی هونەریی بەتاوان و گەندەڵی دانانێت؟مەگەر ئێمە گۆرانی ئای بەلەنجە گیانی هونەرمەندی كۆچكردووی خۆشەویست حەمەقوتوو بخوێنین،ئەگەر ئەو بەڕێزە بڕیاریداوە داكۆكی كوێرانە لەهەڵكەوت و پێڕەكەی بكات؟چیمان لەدەست دێ مەگەر موشێن و شێر وخەت بكەین ؟.
هەر كەسێك مافی خۆیەتی بەرگریی لەهەر كەسێك بكات جا ئەو كەسە هاوڕێ،دۆست،هاوكار یان هاوپیشەی بێت، بەڵام نابێت لەیادی بكەین مافی ئەوەمان نییە لافی لەسەر هەقبوون لێبدەین،وەلێ هەق هەبوویەكی رێژەیی هەیە و ترسناكە لافی هەق لێبدەین ،كەچی لەمەسەلەیەكی لەوجۆرەدا دیارە كێ لەسەر رەوا و كێ نارەوایە؟ئاشكرایە رۆژنامەنووسێكی لاوازكراو لەرووی ئابوورییەوە لەسەر هەقە نەك گەندەڵێك بەوێنەی مێش و مەگەز ئاڵاوەتە زەلكاوی گەندەڵیی .زۆر دەمێكە ئەو مافە دەدەم بەكەسانی تر بەهەر جۆرێك بۆیان دەكرێت و بەشیاوی دەزانن داكۆكیی لەخۆیان و ئەوانە بكەن دەخوازن بەهەر هۆیەك بووە داكۆكییان لێبكەن،زیاد لەوە هەمان مافم بەهاوڕێكان بەرەوا بینیوە.هەر كاتێك بیر لەهاوڕێ و قیمەتی هاوڕێ دەكەمەوە ،حیوارێكی نێو شانۆیی(قریشكەكان)ی شەهیدی قەڵەم(بەكر عەلی)م دێتەوە یاد(هاوڕێكەم زۆرجار دەیووت ئەو جگەرەیەی بۆ دەقیقەیەك هاوڕێتە گوناهە پێی پیابنێیت). ئاساییە سیروان وابیر بكاتەوە بەتایبەتی لەداكۆكیكردن لەماڵی چۆپی،چون سێ ساڵ بەڕێوەبەری سایتەكەیان بووە،بەڵام، بەڵام،بەڵام ناتوانێت بەڵگەبخاتە روو بۆ دەرچواندنی چۆپی و لەیلا فەریقی لەو زەلكاوی گەندەڵییەی هەڵكەوت زاهیر خۆشی كردووە و بانگەوازی هاوڕێكانی دەكات بۆ خوان لەسەر ئەو جەستە سیحراوییەی گەندەڵیی .
ئەوەشی پێویستە هەڵكەوت و كاستەكەی بۆ هەمیشە لەیادیان نەچێت ئەوەیە:قسەی ئێمە لەسەر ئەوەیە حەمەی نێرگز و كەریم كابان كوخێكیان نییە و ناسری رەزازی لەكۆشكدا ژیان دەباتە سەر،هونەرمەندانی راستەقینە و خودان داهێنان بێكەس كوژكراون و ئەوانەی دی سوپایەك گەندەڵ لەپشتیانەوە كاردەكەن و هاوكارییان دەكەن، خالید رەشید نەك سوودمەند نابێت مافیشی دەخۆن،كەچی ئەوانەی دوێنێ پەلی كچی كوردیان بۆ ئاهەنگی لەدایكبوونی(سید الرئیس) بۆ تكریت رادەكێشا ئەمڕۆ مامۆستای گەورەی هونەری كوردیین،هەست دەكەم لەهەڵكەوت دەوەشێتەوە بچێت كۆمەڵی (زێڕە زێڕە)بدۆزێتەوە و فێری كوردایەتیان بكات و سروودی (ئەی رەقیب)یان پێبڵێتەوە،مەسەلەكەی ئێمە ئەمانەیە،ئەگینا من و هاوڕێكەم هیچمان هونەرمەند و دەنگخۆش نین (لەگەرماودا نەبێت)تا یارمەتینەدانمان وەهامان لێبكات سەروپۆتەڵاكی هەڵكەوت بكوتینەوە،تەنێ ئەوەیە هەست بەمەترسیی لەسەر هونەری كوردیی و نادادپەروەریی و گەندەڵییەكانی راوێژكارە هونەرییە خوێن شیرینەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكەین .مەسەلەی ئێمە ئەوەیە حەسەن زیرەك بێنە هەڵكەوت نایگۆڕێتەوە بەدڵی كچێكی نازداری تازە هاتوو بۆ نێو هونەر،مەزهەر خالیقی لەلای وی سەلەفییە وشایەنی هاوكارییكردن نییە(سوپاس بۆ ئاهورامەزدا پێویستی بەهاوكاریی نییە و دەزانێت رێزی خۆی بگرێت) كەچی دەنگی وەها شایەنی یارمەتیدانە لای ئەو دەنگی لەو ئاشە ناخۆشترە گەڕەكێك لەتاو دەنگەكەی مەزبەتەیان بۆ لابردنی لەكۆڵانەكەیان كۆكردۆتەوە، مەسەلەی ئێمە ئەوەیە چیدی ناتوانین بێدەنگ بین،ئەم زمان و دەم هەراشییە كێشەی زۆری بۆ دروستكردوین وەلێ پێی رازین،مەسەلەی ئێمە تەنێ ئەوەیە و بەئاڤێستا سوێند دەخۆین واز لەهیچ گەندەڵێك نەهێنین یان بێدەنگی دەكەین یان بێدەنگمان دەكات .
هیوادارم كاك سیروان لەوەڵامەكەم گەیشتبێت وەك چۆن خوازیارم ئەگەر وەرامی دایەوە ئەمجارە وردتر و بەدیقەت تر بیداتەوە،چونكە دەبێت بزانێت لەگەڵ كێ هاتووە ئەم شمشێربازیی و زۆرانەی دەستپێكردووە،لەخوا دەپاڕێمەوە بەزەیی پێدا بێتەوە،چونكە ئەو وەڵامی كەسانێكی داوەتەوە دەمیان بەچەندان داخستووە كەپێویست ناكات ناوەكانیان ریز بكەین،چونكە بەجۆرێك دەمیان بووە بەتەڵەی تەقیوەوە هێشتا تازە كەوتوونەتەوە گڕوگاڵ .
دیسان خوازیام سیروان كەریم تێگەیشتبێت چونكە هەستدەكەم مرۆڤی ئەمڕۆ زۆر سەرقاڵە و تێگەیشتنی وردی لە شتەكان هاسان نییە،بەتایبەتی بۆ داكۆكیكاری گەندەڵیی تێگەیشتن لە ناگەندەڵ وەك خوێندنەوەی قاوەی لێهاتووە.
دواشە هەرئەوەندە دەڵێم،رەحمەت لەگۆڕت زانای گەورە (ئەنیشتاین) مادام وتووتە(دوو شت سنووریان نییە،گەردوون وگەمژەیی مرۆڤ).
باقی والسلام
Shamzini79@hotmail.com