گه‌ڕان به‌ناو ماڵپه‌ڕه‌دا   گه‌ڕانی تایبه‌ت »
ئه‌رشیف
Mo Tu We Th Fr Sa Su
12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930

هه‌واڵنامه‌
خۆت ناو نوس بکه‌ بۆ هه‌واڵ

ڕاپرسی: هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریکا
بۆ کورد باش ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ هه‌لبژاردنی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌رۆک کۆمار یه‌ک له‌م دووه‌ سه‌رکه‌وێت.
مه‌کین
ئۆباما
ئه‌نجامی ڕاپرسی | ڕاپرسی کۆن


email مه‌یلی بکه‌ بۆ هاوڕێکه‌ت | print چاپی بکه‌ |

ئەگەر هەڵكەوت زاهیر گەندەڵ نەبێت،(سوعاد حوسنی)یش میسریی نییە! وەڵامێك بۆ (سیروان كەریم)

له‌لایه‌ن kurdistanpost on March 03,2008

image


 مەسەلەكە ئەوەیە حەمەی نێرگز و كەریم كابان كوخێكیان نییە و ناسری رەزازی لەكۆشكدا دەژی
 ستیڤان شەمزینانی - بەشی دووەم
 Shamzini79@hotmail.com
 
 دوێنێ شەو بەسەیركردنی فیلمی (باوكسالار) تێر تێر گریام و هۆن هۆن رۆندك بەچاوانمدا جۆگەلەیان بەست،دایكم دەیگێڕێتەوە بەمنداڵی گرینۆك نەبووم،لای سەیرە ئێستا خووم بەگریانەوە گرتووە و گرینۆكێكی باشم لێدەرچووە، من لەبینینی ئەو فیلمەدا هیچ گرتەیەكی وام نەهاتە پێش ببێتە هۆی هەڵڕژانی تاڤگەی فرمێسكم، چون ئەوە یەكەمجار نەبوو بەدیار تەماشاكردنی ئەو فیلمەوە كاتێكی زۆر تەرخان بكەم، پێش ئەوەی لێم بپرسن ئەدی بۆچی گریاوی وچی فرمێسكی پێهەڵڕشتی؟ بەرسڤ دەدەمەوە:بۆ حاڵی نەتەوەیەكی وەك كورد گریام، نەتەوەیەك ریشی خۆی داوەتە دەستی (هەڵكەوت زاهیر) و ئەمسالەكانی بۆئەوەی هونەرەكەی پێشبخەن و بیگەیەننە ئاستی هونەری وڵاتان ونەتەوەكانی تر!ئای تڕحێو،سپاردنی پارەی هونەری گەلێكی لەخشتەبراو وپەژموودە،سپاردنی گۆشتە بەنەوسن،ئەمە سپاردنی پارەیە بەدز،سپاردنی نێچیرە بەراوچی،سپاردنی خەونی میللەتێكە بەقاچاخچی،ئای لەو بەدبەختییە،ئای لەو چارە رەشییەی نەتەوەیەك راوێژكاریی،كانی ئەو هونەرە دەوڵەمەندە بەهەڵكەوت دەسپێرێت!.
 بینینی ئەو فیلمە ئاسۆی وەڵامدانەوەی فراوانتر كردم بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو نووسینە هەناسە سوار و وەڵامە پڕ هانكە هانكەی (سیروان كەریم).ئەو هەڤاڵە دەلالە خۆشترین نوكتەی كردووە،وەختێك دەڵێت بۆچی بەڵگەكان لەسەر گەندەڵییەكانی هەڵكەوت زاهیر و سوودمەندیی چۆپی و لەیلا فەریقی بڵاو ناكەنەوە،ئەز پێش ئەوەی وەرامی ئەو دێڕە بدەمەوە،دەڵێم تەنانەت شێت و شوورەكانی كورد بەچاوی سەر دەیبینن هەڵكەوت زاهیر و چۆپی و خانمی فەریقی لەگەندەڵە مشەخۆر و چڵێسە ژمارە یەكەكانی دەستەڵاتە پەڕپووتەكەی باشووری كوردستانن .
 گەندەڵی لەكوردستان ئەتۆمێكی بچووك نییە،شاخێكی بڵندی بارتەقای هیملایایە،ئۆقیانووسێكی گەورەی هێندە زەریای هێمنە،كەچی ئەگەر بتەوێت وەسڵێكی گەندەڵیی یان سیروان وتەنی بەڵگەیەكت دەست بكەوێت،ئەوە لە سەردەمی محەمەدی مەهدیداین و ناتوانین كاغەزە شڕەیەك وەدۆزینەوە بیسەلمێنێت گەندەڵی لەفڵان دەزگا و فیسار وەزارەت هەیە!!!ئێ كە بەڵگەمان دەست ناكەوێت یان گەندەڵییەكان بەزارەكی لەكەسانی نزیكەوە وەردەگرین ئیدی مانای ئەوە نییە گەندەڵی نییە،بەڵگەی ئەوەیە لەكوردستان شەفافییەت نییە و میدیا دەستەڵاتێكی گەمارۆدراو و كۆنترۆڵكراوە.لەكوردستان گەورەترین هاكەرەكانی داهاتی نیشتمانیی لەسەر كورسی دەستەڵات وعەرشی  حكومەت دانیشتوون،فەرموو تا قیامەت تەرحت دەدەمێ دوو سەنت گەندەڵیی ئەو پیاوانەمان بۆ بدۆزەرەوە، دۆزینەوەی سەرەداوی گەندەڵی لەكوردستان هێندەی دۆزینەوەی دەرمانی ئەیدز و چارەسەری خراپترین جۆرەكانی نەخۆشیی شێرپەنجە سەختە،گەندەڵی لەكوردستان سێوێك نییە بەسەیركردنی كەوتنەخوارەی ئەو سێوە لەدارەكەی بۆ سەر زەوی تیۆر و زانستی هێزی راكێشانی زەوی بدۆزینەوە،گەندەڵی شەبەحێكی رەشی رەشپۆشی شەوێكی ئەنگوستەچاو وشەوی یەڵدای ئەم نیشتمانەیە،بەڵام هەموو بێ ئەوەی خودی ئەم شەبەحە رەشە ببینن زەبر و تێڵا و پێلەقەی دەستی ئەم شەبەحەیان خواردووە،دەفەرموو ئێوە ئەزیەت بفەرموون فیگۆری ئەم شەبەحەمان بۆ بكێشن،ئێمە خوا ئەو غیرەتەی پێنەداوین بەرگەی سەیركردنی دەموچاوی سامناكی تارمایی بگرین .
 رەنگبێ نەتوانم بەمیتۆدێكی زانستیی چەمكی گەندەڵیی شیتاڵ شیتاڵ بكەم،لەوانەیە وزەم نەبێت چەشنی پسپۆرێكی بواری ئابووری و گەندەڵیی وردەكاریی و بنەماكانی ئەو دیاردەیە شیبكەمەوە،بەڵام دەزانم ناتوانین گەندەڵی بگۆڕین ئەگەر لەرێگەی گۆڕینی شوێن و پێگەی بكەرەكانی و سیستمەكەیەوە نەبێت ،ئەمە راستییە و قابیلی نكۆڵی لێكردن نییە،لەبەرئەوەی گەندەڵی لەمردن دەچێت،مردن ئاكامی ژیانە،هەتا ئەتۆمێك،بوونەوەرێك نەژی نابێتە گیای مەرگ،رووخانیش ئاكامی گەندەڵییە،واهەست دەكەم ئەو هاوكێشەیە جەبریەتێكی حاشاهەڵنەگر و رەهایە، ئێستا كوردستان لەوەدایە بەهۆكاری گەندەڵی دابڕوخێت،كەچی غافڵێك لەودیو كیشوەرەوە داوای بەڵگەمان لێدەكات،سەختتر لەوە شاگردەكانی هەڵكەوت بەموهاتەراتچی و هەرزەگۆ وەسپمان دەكەن . من لەوە غەم ناخۆم دەستەڵاتی كوردیی چی تاوان وتۆمەتێك دەخاتە پاڵم،هێندەی ترسم هەیە لەوەی یەك دوو ساڵی تر لەفێستیڤاڵێكی ئەدەبیدا بەئامادەبوونی قەڵەمە فرۆشراوەكان و ورگپەرستە دەربارییەكان شێخ رەزای تاڵەبانی دادگایی بكەن و بەمیری جنێوفرۆش و موهاتەراچییەكان لەقەڵەمی بدەن،هێندێكیان حەسرەت هەڵدەكێشن شێخ رەزا نەماوە تاكو چوارسەد ساڵی زیندان بكەن تا ئەوانی دی بەچە ترسێن ببن،ئێ فەرموون سەیر بكەن حكومی كەمالی سەید قادر بە 30 ساڵ (كیسەڵ حكوم دەدەن نەك مرۆڤ)نامانهێنێتە سەر كەڵكەڵەی گومان بردنی خراپ دەربارەی شێخ رەزا؟. ئێستا پرسیار دەكەم،ئایا بەگەندەڵ ناوهێنانی كەسێك جا هەركەسێك بێت جنێودانە؟ بێگومان نەخێر،گەندەڵی ئاوەڵناو یان سیفەتێكی ئابوورییە دەدرێتە پاڵ كەسێك یان رێكخراوێك یاخود حكومەتێك،ئەگەر كەسی تۆمەتبار بكەری گەندەڵی بوو ئەوە هیچ جنێوێكی تێدانییە و بگرە بۆ رۆژنامەنووس ئەركێكی پیشەیی و ئاكارییە ،خۆ ئەگەر كەسی تۆمەتبار بێتاوان بوو،ئەوە ئەو كەسەی تۆمەتەكەی دروستكردووە تاوانێكی ئەنجامداوە نەك جنێوی دابێت ،فەرموون هەڵكەوت بهێنن بزانن دەتوانێت نكۆڵی بكات جیاوازیی نەكردووە و پارەی هونەری كوردیی لەراژەی خۆی بەفیڕۆنەداوە؟ئەوە ئێوە دەڵێن چی؟هەڵكەوت هەربۆی هەڵكەوێت گەندەڵی و پێڕگەرایی رەواج پێدەدات لەبواری هونەری موزیك و گۆرانی كوردیدا ،هەموو قسەیەكی تر لەمە بەولاوە فلسێك نەهێنێت. كاری ئێمەش وەك رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ ئاشكراكردنی گەندەڵیی و ئەو راورووتە زۆرەیە لەكوردستان لەئارادایە،نەك تەرخانكردنی رووپەڕی رۆژنامەو گۆڤارەكانمان بۆ خۆدزینەوە لەو واقیعەی هەیە لەرێگەی باسی لابەلاو گێڕانەوەی سەربردەو قۆشمەییەكانی بەشیر موشیر(موشیریات)كە رۆژنامەیەكی بەناو سەربەخۆ شەو ورۆژ سەرقاڵی بووە.
 سەیرم لەوە دێت نووسینەكەی بەندەو ئاسۆ نە بەهێرۆگلیفی نە بزماریی نوسرابوو،تا سیروان كەریم نەتوانێت بیخوێنێتەوە و لێی تێبگات،هەڵبەتە ئەو هەڤاڵە بەشێنەیی و لەبارێكی دەروونی جێگیردا ئەو نووسینانەی نەخوێندووەتەوە بۆیە تیرەكەی ئەو ئاسۆی نەگرت هەروەك چۆن ئەوەی ئاسۆ دای لەسەر دڵی هەڵكەوت، بۆیە هەست ناكەم سوچەكەی هی ناروونی و كاڵوكرچیی نووسینەكەی ئێمە بێت.
 جارێك لەكۆڕێكی هۆنراوە خوێندنەوەدا ،كچێك بە(دیلان تۆماس)ی شاعیر دەڵێت:چۆن ببمە شاعیرە؟ئەمیش وەڵام دەداتەوە:بڕۆ ببە بە عاهرە!! بێگومان مەبەستی تۆماس لە(عاهرە)مانا بازاڕیی وسواوەكە نییە،بەقەد ئەوەی مەبەستی بووە بڵێ رووت بەرەو خۆت تەنیا بكە. -1-
 راستی ئەوەیە تیرەكەی ئاسۆ سەر دڵی راوێژكاری هونەریی سەرۆكی حكومەتی پێكا،بەپێچەوانەشەوە تێگەیشتنی كاك سیروان توخنی ناوەڕۆكی نووسینەكەی ئاسۆ نەكەوتووە ولاپێی گرتووە،وەڵامەكەشی لەوە كەساس تر بوو، ئەو تەنیا لەدیوێكی پرسەكە تێگەیشتووە،چون ئەگەر بەتەنێ بەدیوێكدا سەیری وشەی (عاهرە)بكەین هاومانای رووتبوونەوەی جەستە و داكەندنی جلوبەرگە،دیوەكەی تریشی رووتبوونەوەی مرۆڤە لەناخەوە،رووتبوونەوەیە لەهەموو ئەو خڵتەوخۆڵەی نێو ژیان،هەردوو واتاكە راستن،هەڵەكە ئەوەیە لەكاتی دەربڕینی ئەو وشەیەدا بەقووڵی نەڕوانیت،قسەكەر بەكام مانا ئەو وشەیەی بەكارهێناوە،كارەساتی كاك سیروان لەوێدایە تێناگات ئەو وشانەی ئێمە لەنووسینێكدا بەكارمانهێناوە بەكام دیودا بەكارهێنراون،ئیدی چی بكەین دنیاكەی ئێمە وایە و زۆربەی ئەوانەی دەنووسن لەنزمترین مستەوای تێگەیشتن و هەرسكردنی ئەو نووسینانەدان لەلایەن نووسەرانی راستەقینەوە دەنووسرێن ،ئەو هەڤاڵە نەدەزانێت ودەتوانێت لەناوەڕۆكی راستینەی نووسینەكانمان بگات و نەددان بەوەدا دەنێت تیرەكە هەستیارترین بەشی لەشی هەڵكەوت زاهیری گرتووە،ئاخر ئەو نوكتە خۆشەی سیروان كەریم كەدەڵێ تیرەكە بەر لاپێی هەڵكەوت كەوت،وەك ئەوە وایە بڵێیت تیرەكەی وەحش هاویشتی بەر (حەمزە)ی مامی پێغەمبەر نەكەوت بەڵكو لاكەلەكەی (عومەری كوڕی خەتتاب)گرتەوە،پێشنیار دەكەم دووجار بەوردیی تێبینی بكەیت،یەكێكیان  تێبینی وردتری نووسینەكەی ئێمە،جاری دواییان قووڵ فیلمی(پەیام- الرسالە)سەیربكەیت .
 لەلایەكی ترەوە سیروان كەریم بێ بەزەییانە دەستكاریی ناوەڕۆكی نووسینەكەمانی كردووە،بەوجۆرەی دەیەوێت مامەڵەی لەتەكدا كردووە،(لەعەرەبیدا دەڵێن:فڵان كەس خورما بۆ بەسرە دەبات ،ئەگەر ئەمە وەربگێڕنە سەر زمانی ئینگلیزیی دەڵێن:فڵان كەس خەڵوزی بەرد بۆ نیوكاسڵ دەبات)-2- ئەو هەڤاڵە لەسەر هەمان پێودانگ رەفتاری لەگەڵ كرۆكی ئەو نووسینە كردووە كە دەربارەی هەڵدانەوەی پەڕەكانی گەندەڵی هەڵكەوت زاهیر خستوومانەتە بەرچاو،تا ئەم لاپەڕەیە وەك زۆر لەوانەی تر لەدزیی و گەندەڵیی ون نەبێت.
 چونكە هەڵكەوت فیكەی خۆی ناسیوە و دەزانێت خاتری گیراوە و زۆرمان ماوە بۆ وتن نقەی لەخۆی بڕیوە و رەنگبێ بۆ خۆپارێزیی لەتینی ئاگری ئەو نووسینانە لەیەكێتی كەڕولاڵان ناوی تۆمار بكات تا پیشانی بدات نە گوێی لەهیچە و نەدەتوانێت هیچی تر بڵێت،هەڵكەوت چاك چاك تێگەیشتوە،كەچی نووسینەكەی ئێمە لەلای سیروان وەك وەرگێڕانی ئەو رستەیەی لێهاتووە،ئەی ئەمەیان خەتای كێیە؟ئەی ئەمەیان بەڵگەی كاڵفامیی كێییە؟.
 ئەدۆنیس لەوەسپی رەخنەگری عەرەبیی ناسراو(د.عەبدوڵڵا غوزامی)دەڵێت(غوزامی ئیمامی مزگەوتە نەك رەخنەگر) ،منیش دەتوانم بڵێم سیروان نەك كۆلكە نووسەر،كۆلكە خوێنەواریش نییە،گوناهە ئەو شەڕە بخاتە ملی و خۆی بئاڵێنێتە داوی نووسەرانێكەوە دەتوانن هێندەی باڵا و بارستایی مامۆستاكانیشی نووسینی بەپێز بخەنە بەردەستی خوێنەر،خۆزگە ئەو هەڤاڵەمان مەلای مزگەوت بوایە هیچ نەبوایە لەترسی خواوەند و سووتانی نێو ئاگری دۆزەخ نەیدەوێرا پاساو بۆ گەندەڵیی بهێنێتەوە،نا لەسنووری ئەزعەفولئیماندا  نقەی لەخۆی دەبڕی وچاوەڕێی رەحمەتی خوای دەكرد.
 لەسەرێكی دیكەوە ئاغا سیروان لێمانبووەتە زانای بنەچەناسی و دوای بەرگرییە كوێرانەكانی لە هەڵكەوت هاتووە، بووە بەمێژوونووسی هەڵسوكەوت و دیرۆكی ماڵی چۆپی و وەهای لێكردووین خەریكە بڵێین ماڵی چۆپی فەتاح نەبوونایە كورد گورگ دەیخوارد و ئێستا ئەوەشی ماون لەكوردستاندا لەعەرعەر دەرخواردی مەرگ دەدران، جا كێ باسی شۆڕشگێڕیی و رابردووی كردووە؟بڕواناكەم لوتكەی شۆڕشگێڕیی و بەقەولی سیروان خەباتی بنەماڵەی چۆپی بگاتە قوولەپێی زۆرێك لەو بەرپرسە گەندەڵ و چەتانەی ئەمڕۆ كوردستانیان بەدارو بەردەوە لەسەر خۆیان تاپۆ كردووە!!زۆربەی بەرپرسەكانی دوێنێی شاخ و شڕەخۆرەكانی ئەمڕۆ لەقۆناغی شاخدا هیچیان لە شۆرشِگێڕییان كەم نەبووە،رابردوو بەس نییە بۆ هەڵسەنگاندنی كەسێتی مرۆڤێك یان رێكخراوێك .زۆرێك لەحیزبە سیاسییەكانی دوێنێ ئەگەرچی خەباتیان كردبێت ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو خەباتەیان بەگەندەڵی سڕیوەتەوە،ئێمەش نەمانوتووە بنەماڵەی چۆپی رابردوو و پەرێزیان پاك نییە،وتوومانە پشكدارن لەگەندەڵییەكانی هەڵكەوت. ئەوەتا پارەی دەدەنێ كۆنسێرت سازبدات،كەچی ئاهەنگی(خنجیلانە)بۆ كەسوكاری ساز دەدات!ئەمە ئەگەر گەندەڵی نەبێت چییە؟ئایا ئەوەش نیشتمانپەروەرییە؟ئایا چۆپی هەموو رۆژێك لەهۆتێلەكانی سلێمانی و هەولێر كەوتووە و هەر لەوێ ئاهەنگ سازدەكات ئەمە بەپارەی كێ؟چۆپی كە بەناوی ئاوارە كەركووكییەكانەوە پارە كۆدەكاتەوە ئەدی رۆژێك بۆ بێزی نەهات كۆنسێرتێكیان بۆ سازبدات؟كێ دەچێ بۆ شیراتۆن و هۆتێل ژیان و سلێمانی پاڵاس جگە لەو خواپێداوانەی لەسەر مێزی شەكراوی گەندەڵی هەموو رۆژێك داوەتن؟كاكی بەڕێز ئەگەر من تەنێ یەك هەفتە لە پاڵاس نان بخۆم ئەوە پێویستە  تاساڵی 2018 واتە بۆ دەساڵی دیكە هەر قەرد بدەمەوە؟ئەی چۆپی بەپارەی كێ و بۆ خزمەتی كێ لەو جێگایانە تووند كراوە؟برای ئازیز ئاسانتر دەردەچووی داكۆكیت لەسەددام ومۆسۆلینی وهیتلەر وستالین و ئەنوەر خۆجەو پۆل پۆت وچاوچیسكۆ بكردایە نەك لەو ریزە گەندەڵەی چیتر حەز ناكەم ناویان بهێنم. چیتر ناخوات حكایەتی ماڵی چۆپی و كێ و كێمان بۆ بخوێنیتەوە،چون پێویستە چاوێك پەیدا بكەیت بۆ بینینی گەندەڵییەكانی هەڵكەوت و چۆپی و لەیلا خانم،هەروەك چۆن پێویستە گومان نەخەیتە سەر بنەماڵەی كەسی تر، چونكە ئەگەر بتەوێت تۆمەتێ بخەیتە پاڵ ناوبانگی من و خانەوادەكەم كەهەزار ویەك زەحمەتیمان بۆ هێنانەدی ئەم رۆژە خۆشە بۆ گەندەڵەكان دیتووە،ئەوا بەقەڵەمەكەم كارێكت پێدەكەم ئیسرائیل بەعارەبی فەلەستینی نەكردبێت .
 لەكۆتایی ئەم چەند دێڕەشدا خوازیام وتەیەكی بیرمەندێكی عەرەب بەبیر بهێنمەوە كە كتومت بۆ ئەمڕۆژەی واقیعی كوردستان دەست دەدات و نموونەی هەڵكەوت و ئەمسالەكانی چەند ئەوەندەی تر راستێتی ئەو وتەیە ئیسپات دەكەن،(الپورە یخگگه العقلاو ینفژها الفقراو یاكلها الجبناو).
 تابەشی سێیەم و كۆتایی،بمێنن بەخۆشیی،ئەگەر خۆم لەداخی گەندەڵەكان تووشی راوەستانی مێشك و دڵ نەیەم.
 پەراوێز:
 1- بڕوانە (جوایەز 2) بەسەرپەرشتیی ع.ع.یوسف – چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیریی – هەولێر 2001- لا 63
 2- لەدیمانەیەكی (عەبدولكەریم سروش)ەوە وەرگیراوە
 Shamzini79@hotmail.com


1048 جار بینراوه‌