شامیل قادر:
پەروەردە و فێركردن ِرە و رەوەی پێشكەوتنی كۆمەڵگایە و پێویست دەكات بۆگەیشتن بەسەركەوتن لەو بوارەدا هەوڵ و هیمەتی تەواو بخرێتەكار و درێغی نەكرێت, ئەگەر لەهەر بوارێكی تر درێغی بكرێت ئەوا لە بواری پەروەردەو فێركردن نابێ ڕووبدات؟ هەڵبەتە سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە ئامادەكاری پێداویستی تەواو هەیە لەرووی دابین كردنی قوتابخانە و كەل و پەل و مامۆستا و فێرخواز,هەروەها لەدوای ئەمانەشەوە دابینكردنی ژینگەیەكی لەبار و گونجا و كە تیایدا فێرخواز هەست بەبێزاری و راكردن لەقوتابخانە نەكات؟ ئاخۆ قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكانی لای ئێمە تاچەند لەم رووەوە گرفت و كێشەكانی چارەسەر كراوە تا پرۆسەی خوێندن بەرەو پێشەوەتەكان و گوڕبدات؟
ئەگەر چاوێك بگێرین بەقوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان بەگشتی و كەركوكیش بەتایبەتی ئەوا دوچاری شۆك و نائومێدی دەبین و لامان روون دەبێتەوە كە پرۆسەی خوێندن روو لە قڕبوون و لەناوچوون دەچێت؟
تائێستاكەش مەنهەجێكی یەكگرتووی پێشكەوتوو نیە تا فێرخوازەكان لێی وەرس نەبن و بەدڵێكی خۆش و پڕجۆش و خرۆشەوە باوەشی بۆ بكەنەوە ؟كارەسات لەوەدایە بەناوی پێشكەوتن و نوێگەریەوە سیستەمی سویدی پیادەدەكرێت سیستەمی سویدی لەوانەیە بۆ وڵاتی سوید سیستەمێكی سەركەوتوو بێت بەڵام لەوڵاتێكی وەك وڵاتەكەی ئێمەی داتەپیوی دواكەوتوو لەهەموو ڕویەكەوە چۆن دەكرێت جێبەجێ بكرێت؟
ئێمە لەم شارەدا تائێستا زۆربەی بینای قوتابخانەكانمان هی ساڵانی پەنجا و شەستەكانە و ساڵانە مەلایین دیناربۆ نۆژەن كردنەوەی خەرج دەكرێت و لەماوەی دووساڵدا زیاتر لەبڕی پارەی بینایەكی نوێی لێ خەرج دەكرێت و سەرباری ئەوەش دورن لەهەل و مەرج و كەش و هەوای خوێندن واتە مەرجی پێویستیی تێدا بەدی ناكرێت و لە زیندان و گرتوو خانە دەچن لەبەرئەوەیە دەبینین كە دەوام تەواو دەبێت قوتابی بەپەلە و راكە راك خۆی لەقوتابخانە دوور دەكاتەوە و خواخوایەتی بگاتەوە ماڵەوە!
قوتابخانەكان بەزۆری سەرئاوی نیە ئەگەر هەبێتیش ئەوامەرجی پاك و خاوێنی وتەندروستی تێدا نیە و سیستەمی سوێدیم بۆ پیادەدەكەن؟ ئەوەلەنەبونی ئاوی خواردنەوە و كورسی و پەرتوك و پێنووس و پەراو و بابەتەكانی تر هەر مەپرسە؟ لە نێو قوتابخانەكاندا تائێستا دانانی بەرێوەبەر و یاریدەدەر بەفیفتی فیفتی و بێ رەچاوكردنی شایستەیی و توانا دیاری دەكرێت بەپێی پلەی حیزبی و دڵسۆزی بۆ حیزب نەوەك بۆ پرۆسەی خوێندن و پێشكەوتن و خزمەت كردنی مناڵانی كورد بەهەمان شێوە سەبارەت بە دامەزراندن و گواستنەوەی مامۆستا و نووسەر و تەنانەت خزمەت گوزاریش؟ سیستەمی پەروەردە بەرەو خراپتر هەنگاوی ناوە لەناوەرۆكدا نەوەك بەرەو پێش؟.
وای لێهاتووە بەرێوە بەر و مامۆستایانی قوتابخانەكان بۆ چارەسەر كردنی كەم و كوڕی و كێشەكانیان ڕوو لەكەسایەتیە دەوڵەمەند و دەسڕۆكان بكەن لەڕێگای مزگەوتەكانەوە؟ تەنانەت دەرچوونی قوتابیانیش بە خزم خزمێنە و بەرتیل و بێ پێوەری توانای زانستی و ژیری لەماددەكانی قوتابخانە و مەنهەج بەرێوە دەچێت. پەرتووكەكانی ماددەكانی قۆناغەكانی خوێندن تائێستاكەش بەنیوەچڵی بەسەر قوتابیان دابەش دەكرێت و ژمارەیەكی زۆریش لەقوتابیان لێی بێبەش دەبن و دەیان قوتابخانە ئێستا لەبەر نەبوونی بینا لەیەك بینادا دەوام دەكەن و بەمەش لەحسەی ماددەكان كەم دەكرێتەوە وەزۆربەی ئەو زیانەش بەر قوتابیان و بەر هەردوو ماددەی وەرزش و هونەردەكەوێت, گوایە ئەو دوو ماددەیە گرینگ نین و لە هەندێك قوتابخانە لەخشتەی وانەكانی هەفتەدا وەك شكلیات هەیە و كاری پێناكرێت؟ شتێكی گرینگ تریش ئەوەیە كەمشت ومڕی نێوان یاریدەدەری لایەنی كەسك و بەڕێوەبەری زەرد سەرباری هەموو ئەم كێشە و كەم و كوڕیانە لەترۆپكدایە و ڕوو لە خامۆش بوونەوە ناچێت هەركە خامۆشیش بێتەوە ئەوا زوو فووی پیا دەكرێت و گەشتر دەكرێتەوە؟

چاكتر وایە وەزارەتی پەروەردە بەرلەهەموو لایەنێكی تری نێو ئەم پرۆسەیە بەكەم و كوڕیەكانی خۆیدا بچێتەوە و هەوڵی جددی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەركردن و دابینكردنی پێداویستیەكانی قوتابخانەكان لەهەموو ڕوویەكەوە بۆ فەراهەم كردنی ژینگەی لەبار لەقوتابخانەكان , دابینكردنی مامۆستا و پەرتووك و سەرجەم پێداویستیە گرنگەكانی ئەم بوارە بەر لەهاتنی ساڵی خوێندنی نوێ هەروەها رزگاركردنی بواری خوێندن و پەروەردە لەدەست تێوەردانی حیزبی گەر ئەمانە جێبەجێ بكرێت ئەوا دەتوانین ئومێدی رۆژێكی پرشنگداربۆ پرۆسەی خویندن پێشنینی بكەین و وڵات و گەل بەرەو ترۆپكی سەركەوتن و هۆسیاری هەنگاو بنێن؟.