سەباح حەسەن :
شەوى 3/4-10-2008 لە تۆڵەى هێرشى فڕۆكەكانى توركیا بۆ سەر ناوچەكانى سنورى هەرێمى كوردستان،هێزەكانى پاراستنى گەل لە ناو خاكى باكورى كوردستانى داگیركراودا لە نزیك گوندى بێزەلىَ هێرشیان كردە سەر بنكەیەكى سەربازى سوپاى توركیا و 15 سەربازى توركیان بە سزاى گەل گەیاند و نزیكەى 20 سەربازى تر بریندر كران و چارەنوسى دوو سەربازیش دیار نیە.ئەم كردە سەربازیە تۆڵەسێنە خۆپارێزیە،بۆ كورد هێندە لە شوێنى خۆیدابوو و بۆ دوژمن هێندە جەرگبرَبوو،كارنامەى ئایندەى سەرەك كۆمار و سەرەك وەزیرانى توركیاى هەڵوەشاندەوە،عەبدوڵا گوڵى سەرەك كۆمار سەردانەكەى خۆى بۆ فەرەنسا دواخست، ئەردۆغانى سەرەك وەزیرانى لە گەشتەكەى خۆى لە مەغولستان گەڕاندەوە. هەموو كاربەدەستانى توركیا دەستیان بە هەڕەشە و ئیدانەكردنى هێرشەكەى هێزى پاراستنى گەل كرد و كۆبوونەوەى ئەنجومەنى دژە تیرۆرى توركیایان كرد و هەرەشەیان لە وڵاتى عراق كرد كە دەبێت چەكدارانى پارتى كرێكارانى كوردستان تەسلیمى حكومەتى توركیا بكەنەوە.
گەلى كورد لە سەرتاسەرى كوردستاندا چاو و دڵى بەو چالاكیە دوژمن شكێنەى هێزەكانى پاراستنى گەل گەشایەوە و گەیشتە ئەو باوەڕەى هێزی پاراستنى گەل بەراستى هێزى پارستنى گەلە،لەبەر ئەوەى توانى تۆڵەى شەهیدبوونى گەریلایەكى پەژاك و تۆڵەى وێرانكردنى گوند و رێگاو قوتابخانەكانى بنارى قەندیل لە سوپاى رژێمى توركیاى داگیركەر بكاتەوە،هێزى پارستنى گەل توانى تۆڵەى سووتاندنى بارەگاكانى پارتى كۆمەڵگاى دیموكراتى لە شارەكانى توركیا،لە نەتەوەپەرستانى تورك بكاتەوە،هێزى پارستنى گەل توانى تۆڵەى سزاى گۆشەگیركردنى عەبدولا ئۆج ئالانى سەرۆكى بەندكراوى (پ ك ك) لە كارەبەدەستانى دەوڵەتى توركیا و بەڕێوەبەرانى زیندانى ئیمرالى بكاتەوە،بۆیە گەلى كورد هەموو پێكەوە لە سەرتاسەرى كوردستان و لە دەرەوەى وڵاتدا بە یەك دەنگ دەڵێت بژى هێزى پارستنى گەل پارێزەرى بەها مادى و مەعنەویەكانى گەلى كورد و كوردستان.
بەرامبەر بەو چالاكیە تۆڵەسێنەرەى هێزى پارستنى گەل، دەسەڵاتدارانى كورد لە عراق و لە هەرێمى كوردستان كۆستیان كەوتووە،لە لایەكەوە لەوە دە ترسن ئەگەر پرۆسەى خیانەتیان ببەنەپێشەوە و كەركوك بە توركیاو ئەمریكا بفرۆشن، هێزى پارستنى گەل لێیان قبوڵناكات و هێرشى ئەوانیش دەكات و تۆڵەى خیانەتكردنیان لێدەكاتەوە،لە لایەكى ترەوە دەبینن خۆیان رۆژ لە دواى رۆژ گەندەڵى و خیانەت وەك نەخۆشى گەڕى تێیداون و گەل قێزیان لێدەكاتەوە و لێیاندووردەكەوێتەوە،(پ ك ك)ش رۆژ لە دواى رۆژ ئەستێرەى بەختى لە ئاسمانى سەرتاپاى كوردستاندا تا دێت دەدرەوشێتەوە و لە هەر چوارپارچەى كوردستاندا گەل لێی نزیك دەبێتەوە،دەسەڵاتدارانى باشورى كوردستان دووچارى هیستریاى سیاسى هاتون و بە شێوازى نانەتەوەیى و نا ئینسانى بەرامبەر بەو چالاكیەى هێزى پارستنى گەل هەڵوێستیان نیشاندا،بە شێوەیەك كە دڵى توركیایان خۆشكرد و گەلى كوردیان نیگەران كرد.
دوێنىَ پاش راگەیاندنى ئەنجامى هێرشەكەى هێزى پارستنى گەل لە لایەن سوپاى توركیاوە،هەر یەك لە سەرۆكى هەرێمى كوردستان،سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان و ئەنجومەنى سەرۆكایەتى كۆمارى عراق ،ئیدانەى هێرشەكەیان كردوو سەرەخۆشیان بۆ حكومەتى توركیا و بنەماڵەى كوژراوانى سوپاى تورك نارد،سەرەڕاى ئەوەش تاڵەبانى بە تەلەفۆن لەگەڵ عەبدوڵا گوڵى سەرەك كۆمارى عراقدا قسەى كردووە،مەگەر هەر خوا بزانێت لەو قسەكردنەدا تاڵەبانى چەند ماستاوى بۆ گوڵ كردبێت و چەند سوكایەتى بە كورد كردبێت وپەیمانى چى پێدابێت.
گرووپە مافیاكەى دەسەلاتى باشورى كوردستان لە ترسى داگیركەراندا پرسەو سەرەخۆشى بۆ كوژراوەكانى تورك دەنێرن و ئەو كردەوانە ئیدانە دەكەن كە هێزى پارستنى گەل بەرامبەر ئامانجە سەربازیەكان ئەنجامى دەدات،بەلام لە ئاستى شەهیدكردنى ژن و مناڵى سڤیلى بنارى قەندیل و تێكدانى گوند و قوتابخانە و مزگەوتى كوردستان بە دەستى فڕۆكەكانى توركیا و توپە دورهاوێژەكانى ئێران، نەك هەر دەنگى ناڕەزایى هەڵنابڕن، بەڵكوو چاوساغى بۆ فڕۆكەوانەكانى تورك و رەسەدى توپە دوورهاوێژەكانى كانى ئێران دەكەن و تاوانە دژە مرۆڤایەتیەكانى داگیركەران دەشارنەوە.لە كڵتور و یاساى نێودەوڵەتیدا ئەو كردەوە سەربازیانە ئیدانە دەكرێن كە لە لایەن هێزى سەربازیەوە دژى ئامانجە مەدەنیەكان بەرَیوەدەبرێن،ئەو كردە سەربازیانە ئیدانە ناكرێن كە لە نێوان دوو هێزى سەربازی دژ بە یەكدا دروستدەبن،گرووپى مافیاى كوردستان و كۆیلەكانى داگیركەران،ئەگەر نوێنەرى گەلى كورد بونایە و خاوەنى زەڕەیەك هزرى مرۆڤدۆستی بوونایە،دەبوو بوردومانى فڕۆكەكانى توركیاو توپە دوورهاوێژەكانى ئێرانیان ئیدانە بكردایە وپرسەو سەرەخۆشیان بۆ بنەماڵەى شەهیدە سڤیلەكانى بنارى قەندیل و بنەماڵەى ئەو گەریلا شەهیدانە بناردایە كە لە دواى رووخانى رژێمى سەدامەوە بوونەتەپارێزەرى هەرێمى باشورى كوردستان و ئەگەر ئەوان لەو سنورەدا جێگەیان نەگرتایە ئێستا چیاكانى قەندیل و خواكورك و حەفتانین و شوێنەكانى تربنكەى تیرۆریستان دەبوون و ئێران و توركیاش لە رێگەى ئەو تیرۆریستانەوە ئاسایشى هەرێمیان تێكدەداو دەسكەوتەكانى راپەرین وئەنفال و هەڵبجەیان لێدەسەندینەوە.
گرووپى بە ناو دەسەلاتدارانى كوردستان لەبەر ئەوەى دەستەیەكى مافیان و كۆیلەى ئێران و توركیا و ئەمریكان،لە مۆراڵ و هەستى نەتەوەیى و مرۆڤدۆستى بىَ بەرین،گەلى خۆیان بەلاوە بچوكە و گەلانى سەردەستى كوردستانیان بەلاوە گەورەیە،بۆیە بەو شێوەیە لەگەڵ رووداوەكان و لەگەڵ سەركەوتنەكانى گەلى كوردا هەڵسووكەوت دەكەن.
با گەلى كورد ئەم هەڵوێستەى ئەم جارەى دەسەلاتى مافیاى كوردستان و كۆیلەى داگیركەران بكەنە وێستگەى هەڵوەستە و بەخۆداچوونەوە،هەموو سیاسەتە خیانەتكارەكانى بنەماڵە مافیاو بەكێگیراوەكانى كوردستان بخەنە بەرچاوى خۆیان و چیتر نەكەونە شوێنى ئەو دەستە و بنەماڵانە كە بەهاى نەتەوەیى كورد لە پێناوى سوپاسێك و چاوسووركردنەوەیەكى داگیركەراندا ژێرپىَ دەخەن،با لە بۆنەى ئەم سەركەوتنەدا چیتر رێگە نەدەین ئەوانە بە ناوى نوێنەرانى كوردەوە بازرگانى بە بەهاى مۆراڵى و سامانى مادى گەل و نیشتمانەوە بكەن.
5-10-2008