گه‌ڕان به‌ناو ماڵپه‌ڕه‌دا   گه‌ڕانی تایبه‌ت »
ئه‌رشیف
Mo Tu We Th Fr Sa Su
12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930

هه‌واڵنامه‌
خۆت ناو نوس بکه‌ بۆ هه‌واڵ

ڕاپرسی: هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریکا
بۆ کورد باش ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ هه‌لبژاردنی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌رۆک کۆمار یه‌ک له‌م دووه‌ سه‌رکه‌وێت.
مه‌کین
ئۆباما
ئه‌نجامی ڕاپرسی | ڕاپرسی کۆن


email مه‌یلی بکه‌ بۆ هاوڕێکه‌ت | print چاپی بکه‌ |

بیرەوەرییەكى تاڵ لەگەڵ نادر ئاغاحوسێن , بەرپرسى گشتى پرۆژەى ئاماركردنى ئەنفالەكان!!!

له‌لایه‌ن Kurdistanpost KP.N on September 06,2008

image

 خالید عەبدولكەریم :
 ساڵى پارلەمانگى هەشتەوە بوو, نازانم چۆن وەزارەتى ئەنفال و كاروبارى شەهیدان لەدواى بیستەمین ساڵ بەسەر تێپەڕبوونى كارەساتى بەدناوى ئەنفال, بیر لە پرۆژەى ئاماركردنى قوربانیانى بەدناوى ئەنفال و ژینۆسایدى گەلى كوردى كردەوە , بەهەر حاڵ ئەوەبوو پرۆژەكە دەستپێكرد, وەكو زۆرینەى ئیشە ناكامڵ و سەقەتەكانى ئەم وڵاتە, وەكو زۆربەى پرۆژە نەزۆك و بێبەرهەمەكان, حەملەیەكى گەورەى ئیعلامى دەستپێكرد, بۆ ئەوە نەبوو ئەركى سەرشانى حكومەتە, پێویستە بەداواى لێبوردنەوەى بۆ خەڵك و كەس و كارى ئەنفال و قوربانیانى ژینۆساید بیكات, بەڵكو فەخر و منەتێكى حكومەت و وەزارەتى ناوبراو بوو بەسەر هەموو كەس و كارى ئەنفالەكان دا, ئەگەرچى لەسەروبەندى دەستپێكردنى ئەم پرۆژەیەش دا, كە س و كارى ئەنفال, وەكو نیەتپاكى و ڕۆحى نیشتمان دۆستى خۆیان بەتەنگ ئەم ئامارەوە چون و ئەوەى پێویستى كرد, ئەنجامیان دا, هەر لە پێدانى زانیارى و تەرخان كردنى كات بۆ پڕكردنەوەى ئەو فۆرمە خەوشدار و ناكامڵ و بێتامە كە وەزارەت داینابوو بۆ پڕكردنەوەى هەموو واریسێكى خێزانى پاشماوە ئەمانە هەموو بە زیادیشەوە ئەوەى لەسەر كەس و كارى ئەنفالەكان بوو درێغێیان نەكرد, ئەو ماوەیە كە من وەكو بەرپرسی تیمێكى ئامار كردن, بەپێى بوارى پسپۆڕیەكەم كە كۆمەڵناسیە و هەروەها یەكێكم لەوانەى زۆرترین كەس و كارى دەوروبەرى خێزانەكەم و خودى باوكى هاوسەرەكەم  ئەنفالە, زیاتر لەوانەى بە سودفە ئیشیك, یان ئەچنە پرۆژەیەكەوە دەربارەى ئەنفال و تەنها لایەنە بازرگانیەكەیان لامەبەستە, من چاوتیژانەتر دیقەتى ئەو بارودۆخەم ئەدا, قسەم زیاتر دەربارەى وردەكارییەكان دەكرد, لەهەموو دانیشتتنێكم لەگەڵ خێزانێكى پاشماوەى ئەنفال دا, نەستیەن تێكەڵ نەهامەتى و ژیان سەختى ئەوان ئەبوومەوە, دەفتەرێكم ئامادە كردبوو ئەو تێبینى و حاڵەتانەم ئەنوسییەوە كە پێویستە لە مێژودا بنوسرێن, ئەوەى لێرەدا ئەمەوىَ بێگێڕمەوە وەكو بیرەوەرییەكى ناخۆش, دوو لایەن ئەگرێتەوە: سەختى تێكەڵ بوونە بەنەهامەتى و تێگەیشتن لە ئازارى قوربانیان, و لایەنى دووەم هەڵسوكەوت و نیەتى ئەو بەپرسانەیە كە ڕێكەوت ئەیانخاتە پرۆژەیەكەوە و ئەسڵەن نایانەوىَ بزانن چیە و بەفیعلى لێتێبگەن, جا ئەمەش چی لێئەكەوێتەوە؟ مەرگەساتێكى تر بۆ ئەو قوربانیانەى كە زەمەن واى لێكردوون گەورە دیكتاتۆرەكان بیانكاتە خۆراكى خۆى و بەچكە دیكتاتۆرەكان بچن لەنەهامەتیان بپرسنەوە.
 پرۆژەى ئاماركردن كەوتە نێو شارى كفرییەوە, لەدواى ئەوەى گوندەكانى دەوورووبەریمان ئاماركرد, لەدواى  تۆماركردنى دەیان تێبینى خۆم, دەربارەى نەهامەتى و ژیان سەختى و دەربەدەرى خێزانى پاشماوەكانى ئەنفال, دەست وپەنجە نەرم كردن لەگەڵ ئەو كێشانەى كە وەكو ئاسەوارى ئەنفال بەجێماوە بۆ سەرجەم كۆمەڵگەى كوردى و بەتایبەت خێزانى قوربانیان, ئەو كات كە پرۆژەى ئاماركردنەكە بەردەوام بوو, زیاتر بۆت دەرئەكەوت ئەو كێشانەى بەجێماون بۆ ئەم خێزانانە نەك چارەسەر نەكراون و هەوڵیان بۆ نەدراوە بەڵكو تاڕادەى گاڵتە پێكردنى بەرپرسانى كورد, بەرپرسانى حیزبەكانى دەسەڵات بەرامبەر, ئەوان تێپەڕیووە.
 لەنێو یەكێك لەگەڕەكەكان دا, خەریك بووین ئەو فۆرمەمان پڕدەكردەوە وەكو لەسەرەوە ئاماژەم پێدا, پرۆژەى ئاماركردنەكە وەها بوو, پێویستى دەكرد ئەو فۆرمە بۆ هەموو واریسێكى پاشماوەى ئەنفال پڕبكرایەتەوە, فۆرمەكەش بریتى بوو لەنزیكەى دوو سەد و چەند پرسیارێك بەو هۆییەوە ئەگەر كەسێك مەبەستى بوایە تێبگا و زیاتر تێكەڵى موعاناتى ئەوان بێت هەموو برینەكانى ئەبینى.هاوڕێانم بانگیان لێكردم  حاڵەتێك هاتۆتە پێشمان ئێمە زانیارى تەواومان لەبارەیەوە نیە, كە چوومە پێشەوە بینیم تیمەكەمان لەبەردەم دەرگاى ماڵیك دا وەستاون و لەگەڵ ئافرەتێكدا قسە دەكەن, بەگەیشتنمە ئەوىَ وتیان با ئەم ئافرەتە قسەت لەگەڵ بكات,دیاربوو حەزى دەكرد لەگەڵ یەكێكدا قسە بكات و زانیارى وەربگرێت و پرسیارەكانى  لەدەروونى دەربهێنرىَ, خۆى مەبەستى نەبوو بچێتە تەفاسیلەوە هەتا وەكو هەستى نەكردایە بەڕاست تێكەڵى موعاناتى بویتە, تێگەیشتم لێى ئەوانەى پێویستە, بۆیە تەركیزم زیاتر خستە سەر حیكایەت و مەبەستەكانى و بڕوام بەوە هەبوو كە لەزانستى كۆمەڵناسی دا وا فێركراوم, و خۆێندوومە تۆێژەر یاخود ڕوپێوكار چووە هەر كۆمەڵگەیەكى عەینەى تۆیژینەوەكەى تەنها ئەوە پێویستى بە وەڵامە, جا ئەگەر نەتوانى پرسیارەكانت لە ئاستیكدا بكەى كە شایەنى وەڵامدانەوەت بن وەكو ئەو ڕوپێوكارە بەڕێزانەت لێدێت كە یاساكەى نادر ئاغا حوسین بۆ ئەو ئامارە دایانى نابوون. وتم خوشكى من ئێمە تیمى ئاماركردنى ئەنفال كراوەكانین و هەموو واریسێكى ئەنفال ئەنوسین و فۆرمى بۆ پڕئەكەینەوە چ پێشتر ئاماركرابێت یان نا, ئەگەر پێشتر ئەنفالەكەتان نەنوسیبێت بەهەر هۆیەكەوە بێت فەرموون زانیارى تەواومان بدەنىَ با لەخزمەت دا بین, ئافرەتە ووتى خوشكێكم بە كچێكیەوە ئەنفالە و تا ئێستا نەمانوسیوە,پرسیارم لێكرد ئایا ماڵى خەزورانیان نەیان نوسیوە ووتى نەخێر تەنها كچەكەى خۆیان نوسیوە و خوشكەى ئێمەیان نەنوسیووە, دواتر پرسیارم لێكرد ئایا براو خوشكەكانى خۆت دایك و باوكت كە لەگەڵ تۆدا ناژین نوسیویانە ؟ ووتى نەخێر ئاگادارم و نەیان نوسیووە, براو خوشكەكانم ئەڵێن ئێمە چاومان بەراى نادات ئەو خوشكەمان بنوسین و برینەكەمان زیاتر ئەكولێتەوە, ئافرەتەكە ووتى بۆیە من ئەمەوىَ بینوسم, حەقى نەفەوتێ و هەروەها بچێتە ئەرشیفى ئەم ئامارەوە بەڵكو سبەى ببێتە بەڵگە و ئەگەر بەدوایان دا گەڕان چ بەزیندووى یان بۆ ڕوفاتەكەى ئێمەش لێبێبەش نەبین, چەندە سەخت بوو ئەو چركەیە گۆى لەكەسێك بگریت و ڕازى بێت تەنها لەپێناو هێنانەوەى ئێسك و پروسكى ئازیزەكەى دا ئامار بكرێت, ئیدى ووتى لەگەڵ ناوهێنانى خوشكەكەم دا كۆمەڵیك ئازار دەروونمان ئەتەنێت, ئێمە نازانین ڕوو لەكۆى بكەین وەڵامى ڕاستیمان ئەداتىَ, ووتم بۆچى خوشكى من, لەوەڵام دا ووتى ئەى خوشكەى من یەكێكە لەو ئافرەتانەى كە ناویان لەو بەڵگانە دا هاتووە گوایە فرۆشراون بە مەلهاكانى میسر, كە ئەوەم گۆى لێبوو تەزینى لەتەوقى سەرمەوە تا پەنجەى پێمدایگرتم, دواتر نەمهێشت ئەو هەستم پێبكات من ڕوخاوم بەرگەى گۆیبیستى غەم و كارەساتێكى وەها ناگرم, زیاتر ئەو باسانەى دەربارەى نا عەدالەتى دەسەڵاتى كوردى بەرامبەر بەخۆیان ئەگێڕایەوە كە چۆن ویستویانە سۆراخى ئەو دەنگ و باسانە بكەن و دەسەڵات بێباك بووە بەرامبەریان, ئەو ئومێدەى مابوویان تەنها ئەم ئامارە بوو وەكو خۆیان دەیانگوت بەڵكو شتێكمان بۆ بكات, لەدواى ئەوەى پاكیزەى خوشك و كەس و كارەكەیانم بۆ باس كرد و هەوڵمدا ئەو ڕەشبینیەى كەمبكەمەوە و زیاتر سەرنجیم بەلاى ئایندەیەكى گەشتردا ڕاكێشا. ئیدى ئەو خوشكە بەڕێزە بەڵگەكانى هێنا بۆ ئاماركردن و ئومیدى خستە سەر ئەو فۆرمەى كە لە لێڤێكسەكەمانەوە دەرمانهێنا, دواتر وەكو جارەكانى پێشوو بۆ وردبونەوە لە زانیارییە نۆێكان كە لەوەزارەتەوە دەهاتن بۆ لیژنەى باڵاى ئامار لەگەرمیان دا, و پەیوەندیمان پێوەدەگرتن و زانیاریمان ئەزانى, ئەمجارەش زەنگم بۆ هاوڕێیان لیژنەكە لێدا, پێانم ڕاگەیاند ئەو ۆرك شۆپەى ئێمە بینیومانە بۆ پڕكردنەوەى فۆرمەكان, باسى ئەوانە نەكراوە كە لەبەڵگەنامەكانى دا هاتووە گوایە فرۆشراون بەمیسر, كاك ئیبراهیم كە ئەو وەڵامى دامەوە و پێاوێكى لەخۆبوردو و دڵپاكانە كارى دەكرد چونكە خۆى خێزان و منداڵەكانى ئەنفال بوون و دڵگەرمتر دیاربوو لە ئیشەكانى دا, پێمى ڕاگەیاند پێویستە ئەوانیش پرس بە بەرپرسى گشتى ئامارەكە بكەن لە هەولێر, ووتى هەر ئێستا وەڵامت ئەدەمەوە, دواى چەند دەقیقەیەك وەڵامى دامەوە ووتى ئەڵێن با جارىَ وازى لێبهێنى, كە گۆیم لەو وەڵامەى بوو خواحافیزیم لێكرد و هەوڵم دا ئەو ئافرەتە بێئومێد نەبێت و ئیشى ئیدارى لەم وڵاتەدا وەهایە, لەو پەیوەندیە ئاگادارم كردەوە كە با چاوەڕوانى وەڵام بین كە لە لیژنە كەوە بۆمان دێت, غەم دەموچاوى داماڵى, ئێمەش نەماندەزانى چۆن وەڵامى بدەینەوە, ئەو چاوەڕوان بوو فۆرمەكەى پڕبكاتەوە بەدیار ئایندەیەكى نەزانراوە وە دابنیشتێت, غەم و ناسۆریەكانى بیر دەكەویتەوە, و ئامادەیە كەچى یاسایەكى جاهیلى نایەوىَ تەنها موعاناتەكانیشى تۆماربكات, ئیدى ژمارە تلیفۆنم لێوەرگرت و ئەوەى خۆیشم پێدا و خوا حافیزیمان لێكرد, وتم پەیوەندیمان ئەبێت, پاش چەند ڕۆژێك چاوەڕوان بووم لیژنەكە هەر وەڵامى نەبوو, ئافرەتەكە تلیفۆنى بۆ كردم, ووتى كاك خالید چى بوو؟ ئێمە ئامار ناكەن؟ وتم خوشكى من چاوەڕوان بە, دوبارە تلیفۆنم بۆ لیژنەكە كرد, پرسیم چیتان كرد بۆ ئەو پرسیارەى منە, دەربارەى ئاماركردنى ئەو ئافرەتانەى كە ناویان لەبەڵگەنامەكان دا هاتووە, ووتیان وەڵاممان وەرنەكرتووە و باوەڕیش ناكەین وەریبگرین, چەند ڕۆژى تر لێیوەستام, دواتر ژمارەى تلیفۆنەكەى نادر ئاغا حوسێن, بەرپرسى گشتى پرۆژەكەم دەستكەوت, پەیوەندیم پێوە كرد و حاڵەكەم بۆى باسكرد, ووتى لیژنەكەش تلیفۆنیان بۆ كردووم, منیش پێمڕاگەیان وەكو لیژنەكە تێكەڵ بەموعاناتى پاشماوەى قوربانیان بوومە و پێویستە گۆیم لێبگرن, دواتر ووتى ئەوانە بەدەر لەتەعلیماتى ئاماركردنن, و ئەى نازانین چیان بوبكەین, زۆر بازاڕى ووتى, هەر دەتگوت دەرگاى ماڵە بابى ئەویان گرتووە و داواى سەدەقەى لێدەكەن, منیش وتم كاك نادر باشتر وایە لێان تێبگەین و موعاناتیان كەمبكەینەوە ئەوە قسەى تۆ نیە, ئەى نازانم چیان بۆ بكەین, پێمڕاگەیان هەوڵم داوە دڵخۆشى بكەم و لەغەمەكانى كەمبكەمەوە ڕازیبكەم دانبنێ بەم ئامارەدا ئێستا ئەوەیە وەڵامى ئێوە بۆ كەس و كارى قوربانیان, لەدواى هەزار منەت و ناز, بەسەر من و ئەو ئافرەتەى كە چاوەڕوانە بخرێتە بازنەى ئاماركردنەوە, بەڵینى دا پەیوەندى بەوەزیرەوە بكات و حاڵەتەكەى بۆ باس بكات, دواتر تلیفۆنى بۆ كردمەوە و وتى بچۆ فۆرمەكە پڕبكەرەوە, لەسەر ئەو ئیشەم لە لیژنەى باڵاى ئاماركردن لەگەرمیان موحاسەبەى ئەوە كرام, من زنجیرەى پەیوەندیم پچڕاندووە و ڕاستەوخۆ تلیفۆنم بۆ ئاغاى نادرى كردووە, بۆچى؟ بۆ ئەوەى غەمى پاشماوەیەكى ئەنفال بخۆن و مەحروم نەبێت لە ئاماركردنەكە, هەر باش بوو بە تیرۆریست دەریان نەكردم, ئامارەكە تەواو بوو, وا ساڵێكى بەسەردا تێپەڕیووە, دڵنیام ئاغاى نادرى و چنار سەعدى وەزیر ئێستاش بنى ددانیان پاك نەبۆتەوە لەو پارەیەى كە چنگیان كەوتووە, ئافرەتەكەش ئەم نزیكانە تلیفۆن بۆ من دەكات و لێم دەپرسىَ: ئەرىَ كاك خالید ئەنجامى ئەو ئاماركردنە بەچى گەیشت؟
 لەكاتێكى تردا و لەنوسێنێكى تردا, تایبەت بەنەهامەتیەكانى ئەنفال لەگەرمیان دا, دەیان بەڵگەى تر و خۆێندنەوە بۆ ئاسەوارەكانى پرۆسەى بەدناوى ئەنفال بەژیانى پاشماوەى قوربانیانەوە, كارى ئایندەمان دەبێت.
 سەرنوسەرى ماڵپەڕى

 www.rewapost.com


172 جار بینراوه‌