گه‌ڕان به‌ناو ماڵپه‌ڕه‌دا   گه‌ڕانی تایبه‌ت »
ئه‌رشیف
Mo Tu We Th Fr Sa Su
12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930

هه‌واڵنامه‌
خۆت ناو نوس بکه‌ بۆ هه‌واڵ

ڕاپرسی: هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریکا
بۆ کورد باش ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ هه‌لبژاردنی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌رۆک کۆمار یه‌ک له‌م دووه‌ سه‌رکه‌وێت.
مه‌کین
ئۆباما
ئه‌نجامی ڕاپرسی | ڕاپرسی کۆن


email مه‌یلی بکه‌ بۆ هاوڕێکه‌ت | print چاپی بکه‌ |

ئازاد هەورامى سیمبوڵى شۆڕشگێرە هەڵكەوتوەكانى كوردستانە

له‌لایه‌ن kurdistanpost on September 06,2008

image

دكتور فائیق محەمەد گوڵپى:

 لە مێژووى نوێى بزاڤى رزگاریخوازى گەلى كوردا لە باشور، چەندان كەسایەتى شۆڕشگێرى هەڵكەوتوى نموونیى هاتوونەتە نێو مەیدانى تێكۆشانى نەتەوەیى گەلى كوردەوە: مارگرێت، لەیلا قاسم، حەمەگوڵپى، مەحمود كاوانى، فەتاح ئاغا، فاخر مێرگە سوورى، شەهید ئارام، مامە ریشە، شێخ شەماڵ، ئازاد هەورامى هەندىَ لەو نمونانەن كە لە مێژووى نوێى تێكۆشانى سیاسى و بەرخودانى شۆڕشگێریدا لە ئاسمانى كوردەواریدا ناویان دەدرەوشێتەوە.هەریك لەو ناوانە لە بوارێكى تێكۆشاندا بە جەماوەرى گەلى كورد ناسێنران، مارگرێت یەكەم ژنە پێشمەرگەى شۆرشى ئەیلول بوو كە كۆت و پێوەندەكانى كۆمەڵگاى فیۆداڵى كوردستانى پچڕاند و چەكى پێشمەرگایەتى هەڵگرت، لەیلا قاسم یەك لەو كچە شۆڕگێڕانە بوو كە لە پێناوى سەركەوتنى دۆزى گەلەكەیدا پەتى سێدارەى لە گەردنى خۆى گیركرد،حەمە گوڵپى و مەحمود كاوانى و مامە ریشە نمونەى پێشمەرگەى بە جەرگ و  مرۆڤى قارەمانى كورد بوون، شەهید ئارام و فەتح ئاغا و شێخ شەماڵ وفاخر مێرگەسورى و ئازاد هەورامى لە شۆڕدا نمونەى فەمارندەى پێشمەرگە و سیاسەتمەدارو كەسێتى دادپەروەر و مرۆڤدۆستى گەلى كورد بوون.حزبە سیاسیەكانى باشورى كوردستان كە رابەرایەتى تێكۆشانى چەكداریان كردوە، لە ژیانى سیاسیاندا چەندان هەڵە و كەم كوڕیان پێوە دیارە، یەك لە سیاسەتە سەرنەكەتوەكانى ئەو حزبانە ئەوەبوو، كە نەیانتوانى كارەكەتەرى ئەم كەسایەتیە سەركەتوانە لە ناو ڕیزى پێشمەرگە و رێكخستنى حزبەكانیاندا زۆربكەن و دیاردەى كەسێتیە پێشەنگەكان بیگشتێنن و لە شوێنى چەند مرۆڤێكى هەڵكەوتوو، هەزاران مرۆڤ و كۆمەڵگایەكى هەڵكەوتووى شۆرشگێرى نەتەوەیى دیموكرات بئافرێنن.
 ئازاد هەورامى یەك لەو كەسایەتیە گەورانەى شۆرشى باشورى كوردستانە، كە لە ژیانى پێشمەرگایەتیى و چالاكى سیاسیدا كەسێكى سەركز و دڵ وریا بوو، بە قوڵى لە سیاسەت تێگەیشتبوو، بە لۆژیكى ململانێى و یەكگرتن لە ناو ریزەكانى یەكێتى نیشتمانى كوردستاندا تێكۆشانى بەڕێوە دەبرد، دەسكەوتى تایبەتى بۆ خۆى نەدەویست و شێتى دەسەڵات نەبوو، بەرژەوەندى گشتى گەلى كورد و حزبەكەى و هەڤاڵەكانى لە سەرووى بەرژەوەندى خۆیەوە دانابوو، یەك لەو كەسە دەگمەنانە بوو، كە نەتدەتوانى لە نێوان قسە و كرداریدا ناكۆكى ببینیتەوە، لە شوێنى خۆیدا هەڵوێستى خۆى دەنواندا و داكۆكى لە هەڵوێستى خۆى دەكرد.لە گەرمەى ناكۆكى و ململانێكانى ناو یەكێتى نیشتمانى كوردستاندا، ئازاد هەورامى لە هەموو بەرپرسەكانى یەكێتى زیاتر بڕواى بە بۆچونى جیاواز و دیموكراتیەتى ناو حزب هەبوو، لە هەموو بەرپرسەكان زیاتر  هەوڵى پاراستنى ریزەكانى یەكێتى ئەدا. لە گەرمەى شەڕو پێكدادانەكانى نێوان یەكێتى و لایەنە سیاسیەكانى ترى باشورى كوردستاندا، ئازاد هەورامى یەك لەو كەسانە بوو كە زۆر هەوڵى تەبایى و ئاشتى ناو ماڵى كوردى ئەدا، لە كاتى شەڕ و پەلامارى ناوخۆیى نێوان یەكێتى و لایەنە بەشڕهاتوەكانى ترى باشورى كوردستاندا،ئازاد هەورامى لەو فەرماندانە بووكە بە دڵ و مێشك بەو شەڕانە رازى نەبوو و زۆر جاریش بەشدارى شەڕەكانى نەدەكرد، لە كاتى شەڕى ناوخۆشدا هەر دیل و بریندارێكى لایەنە سیاسیەكانى ترى لە لا مابێتەوە وەك پێشمەرگەى یەكێتى هەڵسووكەوتى لەگەڵ كردوون.
 لە ئاست شۆرشى نەتەوەیى كوردستان و هەڵوێستى بەرامبەر بە شۆرشى رۆژهەڵات و باكور، ئازاد هەورامى كوردستانیەكى مەنتقى بوو، پێوەندى و هاوكارى سیاسى لە گەڵ شۆرشگێرانى پارچەكانى ترى كوردستاندا بە مەرجێكى سەركەوتنى بزاڤى رزگاریخوازى گەلى كورد دەزانى. لە روى كۆمەلایەتیەوە دۆستى هەژاران و جوتیارانى لادىَ و پێشمەرگە بوو، بەرگریكارى ماف و ئازادى ژن و داكۆكیكەرى مافى گەنجان بوو.حەزى لە هونەر و ئەدەب و مێژوو دەكرد، چەندان جاربە پەنجەى سەر گیتارەكەى و بە دەنگە بە سۆزەكەیەوە پێشمەرگەى لە خۆى كۆدەكردەوەو گۆرانى نیشتمانى بۆ دەچرین و ئاسوودەیى رۆحى پێدەبەخشین. ئازاد هەورامى یەك لەو كەسە بەرپرسانە بوو كە شانبەشانى تێكۆشانى پێشمەرگانە بەردوام خۆى رۆشنبیردەكرد، سیاسەت و مێژو و ئەدەبى دەخوێندەوە و لە كاتى پشووى بارەگادا سەردانى پێشمەرگەكانى دەكرد و لە سەر بابەتى هەمەجۆر گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەى بۆ سازدەدان.
 ئازاد هەورامى هێندە كەسێتیەكى بەهێز بوو، لە ناو سەركردە و پێشمەرگەكاندا بە ئامادەبوونى خۆى، یان بە ئامادەنەبوونى، هەر بە كاك ئازاد بانگدەكرا و ناوى دەهێنرا، لەگەڵ ئەوەشدا كە بە تەمەن و بە بەرپرسیارێتى لە جەلال تاڵەبانى و نەوشیراون مستەفا و ملازم عومەرگەنج تر بوو، ئەو سىَ كەسە باڵادەستەى ئەو كات و كەسانى تریش قەت نەیاندەتوانى بە كاك ئازاد بانگى نەكەن و بە كاك ئازاد ناوى نەهێنن.
 سەرەتاى ساڵى  1982 تازە پێوەندیم بە هێزى پێشمەرگەوە كردبوو، بارەگاى ئەو كاتەمان لە خڕى ناوزەنگ و گوندەكانى دەوروبەرى شاخى مامەندە بوو، هەڤاڵ كوێستانى هاوڕیى شارو شاخم وتى با بچین بۆ لاى كاك ئازاد، هەموو یادەوەریەكانى یەكەم سەردانەكەی كاك ئازادم لە بیرنەماوە، بەڵام ئەو یادگاریەى كە قەت لە بیرم ناچێتەوە ئەوبوو بە هەورامیەكى پاك و بێگەرد لەگەڵمدا دوا.
  ماڵى شەهید ئازاد هەورامى لە بنەماڵە ناودارەكانى ناوچەى هەورامانن، ئەگەرچى باب و باپیرى شەهید ئازاد هەورامى(جافر سان و وەچەكانى) بەگى ناوچەى هەورامان بوون، بەلام بە گوێرەى ئەو زانیاریانەى كە من لە لایەن داپیرە و باپیرەمە وەرمگرتووە، بەگەكانى هەرامان وەك بەگ و شێخى ناوچەكانى تر لەگەڵ خەڵكى هەوراماندا هەڵسووكەوتیان نەكردووە، بەگەكانى هەورامان بەردەوام لە گەڵ خەڵكى هەوراماندا پێكەوە لە دژى داگیركەرانى كوردستان لە یەك سەنگەردا بەرخودانیان كردووە و داواى مافى گەلى كوردیان كردووە، لە شوێنى ناكۆكى و شەڕى چینایەتى، لە هەوراماندا تەبایى و ئاشتى چینایەتى جێگەى گرتووە. دیارە ئەو كڵتورەى ناوچەى هەورامان لە ناو خێزانى ئازدا هەورامیشدا ڕنگى داوەتەوە و بۆ ئەویش گوازراوەتەوە. یەكەم جار كە لەگەڵ هەڤاڵ كوێستانى كاك ئازاد هەورامى ئەندامى سەركردایەتى كۆمەڵەى رەنجدەرانى كوردستان و ئەندامى سەركردایەتى یەكێتى نیشتمانى كوردستانى ئەو كانەم بینى، تێكەڵەیەكى كڵتورى بەرخودانى دژى داگیركەران و تەبایى و پێكەوەژیانى پێكهاتە كۆمەلایەتیەكانى ناوچەى هەورامان و خۆشەویستى كڵتورى هەورامان وهزرێكى نەتەوەیى چەپگەری كوردستانیم لە كەسێتیدا بەدیكرد. ماڵى شەهید ئازاد هەورامى دەمێك بووە ناوچەى هەورامیانیان بەجێشتوە و لە شارى كەركوك نیشتەجێبوون، دیاردەى كۆچكردنى هەوامیەكان بۆ شارەكانى باشورى كوردستان ، دیاردەیەكى سرووشتى بووە، زۆر جار دیومە ئەو هەورامیانەى كە لە دەرەوەى هەورامان نیشتەجێبوون، مناڵەكانیان زمانە زگماكیەكەى خۆیان لە بریكردوە و تەنها بە لەهجەى سۆرانى پەیڤیون، من واى بۆ دەچووم ئازاد هەورامیش تەنها بە ناو هەورامى بێت، نەتوانێت بە لەهجەى باپیرانى بدوێت، بەلام كاتێك بینیم بە هەورامیەكى پاراو دەپەیڤێت و ئاگاى لە مێژوو كڵتورى هەورامانە، تێگەیشتم چەندە كوردە هێندەش مرۆڤ و هێندەش هەورامیە، تێگەیشتم كە ئەو مرۆڤە بەرزە توانیویەتى لە نێوان ئینتماى مرۆڤایەتى و ئینتماى نەتەوەیی و ئینتماى ناوچەییدا وهاوسەنگیەكى سەركەتوو درووستبكات.
 ئازاد هەورامى كڵتورى زەردەشتی ناوچەى هەورامان و كڵتورى فرەنەتەوەیى و پێكەوەژیانى نەتەوە و ئاینەكانى شارى كەركوك و كڵتورى شۆرشگێرى نیشتمانى نەتوەیى، لە ناو كەسێتى خۆیدا كۆكردبوویەوە و پێكەوەى گریدابوون وبەو كەسێتیە مۆدرێنەوە لەگەڵ گەورەو بچووك، لە گەڵ جووتیار و پێشمەرگە، لە گەڵ رۆشنبیرو كەسى ئاساییدا دەجووڵایەوە، بەو كەسێتیە تایبەتەى خۆیەوە تێكۆشانى سیاسى و پێشمەرگانەى بەڕێوەدەبرد. ئازاد هەورامى سیاسەتمەدارێكى دڵسۆز و مەنتقى نەتەوەى كورد بوو، فەرماندەیەكى سەربازى هێزى پێشمەرگەبوو، لەگەڵ بیروباوەڕى خۆیدا راستگۆبوو، مرۆڤێكى دڵنزم بوو، یەك لەو كەسە خۆشبەختانەبوو كە لە سەنگەرى پێشمەرگایەتیدا گیانى خۆى لە پێناوى رزگارى كوردستان و ئازادى كوردا بەخشى، شەهیدا ئازاد هەورامى لە 31-8-1988 دا،لە گەرمەى ئەنفالەكاندا لە ئەنفالى پێنجدا، لە قەندیل بە سەختى ئێسقانى ڕانى  برینداربوو، لە بەدەبختیدا، بە هۆى برینداریەكەیەوە مۆخى ئێسقانى تێكەڵ بە خوێنى لەشى بوو(FAT EMBOLISM)لەوێوە دووچارى جەڵدەى دەماغ هات و گیانى پاكى سپارد، بە شەهیدبوونى ئازاد هەورامى، بزاڤى  نەتەوەیى و شۆرشگێرى ئەو كاتەى گەلى كورد، كەسێكى دەگمەن و هەڵكەوتووى لە كیس چوو.
22-8-2008 سلێمانى


770 جار بینراوه‌