زاگرۆس زه‌ره‌شتی کردوویه کوردی :
پاش به‌زینی ناپۆلێۆن ساڵی 1815دا زۆربه‌ی گه‌لانی ئاوروپایی، که‌وتنه سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی خۆکۆکردنه‌وه به نیازی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی و رزگاربوونیان، له بنده‌ستی و ده‌سه‌ڵاتی و فه‌رمانڕوایی بیانی. ئه‌و بزوتنه‌وه ئازادیخوازانه‌ی گه‌لان به (Nationalism) ناشونالیسم ناوزه‌د کرا.
ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه دروشمێکیان به‌رزکرده‌وه (یه‌ک گه‌ل ... یه‌ک نه‌ته‌وه) گه‌لێک یان نه‌ته‌وه‌یه‌ک که خاوه‌ندی ئه‌م خه‌سڵه‌تانه بێت.(زمان، ئاین، دیرۆک و داب و نه‌رێت و کولتوری هاوبه‌ش). خه‌بات و رێبازی نه‌ته‌وه‌یی له ئاوروپا، وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی رووناکبیری به‌ده‌رکه‌وت. له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا، چینه سه‌رده‌سته‌کانی ئاوروپا گرنگییه‌کی فره‌یان به دیرۆکی نه‌ته‌وه‌یی و کولتوری نه‌ته‌وه‌ییان ده‌دا، له‌سه‌ره‌تادا به چیرۆ، رۆمان، هه‌ڵبه‌ست، نوسینی وێژه‌یی و ستران چڕین، به‌زمانی گه‌له‌کانیان ده‌ستیان به خه‌باتی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه کرد. ئه‌م جۆره رێباز و تێکۆشانه ئه‌و ده‌مه له ناو گه‌لانی ئاوروپیدا گه‌لێک (گه‌لکێش) و مایه‌یی شانازی و چاولێکردن بوو
له باکووری ئاوروپادا بزوتنه‌وه‌ی (سکاندیناڤیسم) (Skandinavism) گه‌ره‌کیان بوو، ده‌یانخواست که دانمارک، نه‌رویج و سوید، له ناو یه‌ک ده‌وڵه‌تدا کۆبکه‌نه‌وه.
له کۆتایی سه‌ده‌ی 18 دا، ئاورپا تاکه کیشوه‌ری پیشه‌سازی جیهان بوو، که کۆمپانیا پیشه‌سازیه‌کان بۆ درووست‌کردنی به‌رهه‌مه‌کانیان پێویستیان به که‌ره‌سه‌ی خاویی هه‌زان هه‌بوو. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئاوروپیه‌کان، به ناوچه و کیشوه‌ره‌کانی جیهاندا، له راکه‌راکه و هه‌ڵپه‌کردن و کێبه‌رکێدا بوون. له هه‌مانکاتدا به دووای بازاڕدا بۆ ساخکردنه‌وه‌ی که‌لوپه‌له به‌رهه‌مهێنراوکانیان ده‌گه‌ڕان.
به‌مجۆره ئاوروپییه‌کان، به میتۆدی داگیرکردن و تونگوتیژی و به زۆری زۆرداری ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر جیهاندا سه‌پاند. ئه‌و تاڵانکاری و بێویژدانیه له گه‌لانی داگیرکراو، سه‌رمایه‌دارانی ئاوروپایی گه‌لێک ده‌وڵه‌مه‌ند کرد. به‌م جۆره داگیرکردن و تاڵان و دزی و خۆسه‌پاندنانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاوروپایی ده‌گوترێت.(ئیمپێریالیسم) (Imperialisim) ئه‌مڕۆ بوونی چه‌ندان وڵات به ناوی وڵاتی سێیه‌مه‌وه، گه‌واهیده‌ری ئه‌و داگیرکردن و تاڵان و دزی وڵاته ئاوروپییه کۆلۆنیالیزمانه‌ن، که کاتی خۆی ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌یه‌ن داگیرکرد. له سه‌ده‌ی 18 وه بۆ چاره‌که سه‌ده‌ی 19 ده، ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیای مه‌زن ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو جیهاندا کێشا و مه‌زنترین ئیمپراتۆر بوو.
ناشونالیزم ... Nationalism
گاریبالدی ... Garibaldi ... ئیتالیا یه‌کده‌خات.
وڵاتی ئیتالیا له نیوان چه‌ند وڵاتی تری ئاوروپادا دابه‌شکرا بوو. یه‌کخستنه‌وه‌ی وڵاتی ئیتالیا له جه‌نگی نێوان ساردینیا(Sardinie) و نه‌مسا ده‌ستیپێکرد. پاش کۆتایی جه‌نگه‌که، له ساڵی 1859 دا نه‌مسا ئه‌و ناوچانه‌ی به‌جێهێشت که ئیتالی ره‌گه‌ز بوون. ساڵێک پاش ئه‌وه، له ناوه‌راستی ئیتالیادا سه‌رهه‌ڵدان دژی فه‌رمانراوکانی ئه‌و ناوچانه سه‌ریهه‌ڵدا. له ئه‌نجامدا ناوه‌راستی ئیتالیا له‌گه‌ڵ ساردینیا یه‌کیان گرت، هه‌ر له هه‌مانساڵدا، خۆرهه‌ڵاتی ئیتالیا و دوورگه‌ی سیسیلیادا (Sicilie) له لایه‌ن گه‌رۆک و شه‌ڕوان (گیوسێپ گاریبالدی) ئازادکرا. به‌م جۆره هه‌موو ئیتالیا له ده‌سه‌ڵاتی بیانی ئازادکرا. له ساڵی 1861 دا پاشای ساردینیا (ڤیکتۆر ئه‌مانوێل) تاجی شایانه‌ی کرده‌سه‌ر بوو به یه‌که‌م پاشای ئیتالیا.
موزیک وه‌ک چه‌ک وه‌هایه...!
تا ئه‌و ده‌مه‌ی که نه‌مسا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر باکووری ئیتالیادا هه‌بوو. له میلانۆ (خانه‌ی ئۆپرا) له به‌ره‌و پێشبردنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی رۆڵێکی مه‌زنی وازی ده‌کرد. ئاوازدانه‌ری به‌نێوبانگی ئۆپێرا (جوسێپی ڤێردی) (Giuseppe Verdi) به‌و تێکسته ئۆپه‌راییه‌ی که بۆ ئازادی و دژی داگیرکردن نووسی بووی، گه‌لی ئیتالیای خسته جۆشدانی خه‌بات. هه‌رچه‌نده له‌و تیکسته‌دا ئاماژه به بزوتنه‌وه‌ی ئازادی ئیتالیا نه‌کرا بوو، لێ گه‌لی ئیتالیا له‌و تیکسته چاک ده‌گه‌یشتن. ئه‌و ئاوازه زۆر به خیرایی به ناو گشت ئیتالیادا بڵاو بۆوه و کوره‌ی خه‌باتی گه‌لی ئیتالیای جۆش‌دا، ئه‌م ئاوازه وه‌ک چه‌کێکی کاریگه‌ر دژی ده‌وڵه‌تی نه‌مسا له خه‌باتدا بوو. له‌سه‌ر دیواری خانوه‌کانی میلانۆ و شاره‌کانی تر ئیتالیا، ئه‌م دروشمه یاساخانه له‌لایه‌ن گه‌له‌وه ده‌نووسران. ناوی (Verdi) که پاشناوی ئاواز داهێنه‌ری ئۆپرا بوو، له هه‌مانکاتدا ئه‌م ناوه کورتکراوه‌ی ناوی پاشای ئیتالیا (ڤیکتۆریۆ ئیمانوێل) بوو.
ئه‌م کارانه‌ی گه‌لی ئیتالیا، به‌ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌وڵه‌تی نه‌مسای نائارام کردبوو. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌مسا هه‌رگیز نه‌یانتوانی رێگای خه‌بات به گه‌لی ئیتالیا بگرن و نه هێڵن ناوی ئاواز داهێنه‌ری خۆشه‌ویستیان له‌سه‌ر دیواره‌کان نه‌نووسن، له هه‌مانکاتدا ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌مسا ئه‌وه‌شیان بۆ نه‌کرا، ئاوازی ئازادی که ببووه ویردی سه‌ر زمانی گه‌ل له‌سه‌ر زمان و هزی گه‌لی ئیتالیا بسڕنه‌وه.
بیسمارک (Bismarck) ئاڵمانیای یه‌کخست...!
له نێوڕاستی چه‌رخی 18 دا وڵاتی ئاڵمان له کۆمه‌ڵێک ولات و ده‌وڵه‌تۆکه درووستببوون، هه‌ندێک له‌و وڵاتانه، گه‌وره و هه‌ندێکی که‌شیان گچکه بوون، یان له ته‌نیا شاریک پێکهاتبوون. بۆ نمونه (لۆبیک) که گه‌وره‌ترین وڵاتی ئاڵمان زمانه‌کان له (پرێیوسسین و نه‌مسا) پێکهاتبوو.
ساڵی 1862 پیاوی خانه‌دان (ئوتۆ ڤۆن بیسمارک) (Otto Van Bismarck) بوو به سه‌ره‌ک شالیارانی ده‌وڵه‌تی (پرێیوسسێن). بیسمارک ده‌یویست له سایه‌یی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یه‌وه، تا بۆی ده‌کرێت، ئه‌و ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تۆکانه‌ی ئاڵمان کۆکاته‌وه و یه‌کیان بخات و ده‌وڵی (پرێیوسسێن) بکاته یه‌که‌م زلهێز له ئاوروپادا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له ساڵی 1860 دا یه‌کیه‌تییه‌کی نێوان هه‌رێمه‌کانی ئاڵمانیایی دامه‌زراندا، بیسمارک زۆر به خێرایی به‌هێزترین هێزی سه‌ربازی له ئاوروپا دامه‌زراند. یه‌که‌مجار هێرشی سه‌ر دانمارکی کرد و خۆرهه‌ڵاتی (Ujlland) که خه‌ڵکه‌که‌ی ئاڵمانی بوون ئازادکرد. پاشان به‌سه‌ر هاوپه‌یمانه هاو فه‌رمانره‌واکه‌یدا (نه‌مسا) که له هه‌مان یه‌کێتیدا بوون سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهانی. بیسمارک ده‌یویست ته‌نیا خۆی گه‌وره و ده‌سه‌ڵاتدار بێت.
جه‌نگی نێون فرانسا و ئا‌ڵمانیا ساڵی 1870- 1871
هه‌موو ده‌وڵه‌تۆکه ئاڵمانیه‌کان، چوونه ناو یه‌کیه‌تیه‌که‌ی بیسماره‌وه، به‌مه‌ش ده‌وڵه‌تی فرانسا ترس دایگرت، له هه‌ردوو وڵاته به شه‌رهاتووه‌که‌دا بازرگانانی جه‌نگ ئاگری شه‌ڕیان خۆشده‌کرد. ساڵی 1870 ده‌وڵه‌تی فرانسا بانگی شه‌ڕی دژی ئاڵمان راگه‌یاند. به‌ڵام سوپای ئاڵمان له چاو ده‌وڵه‌تی فرانسادا ئاماده‌کار و پۆشته‌تر بوو. له هێرشێکی سوپای ئاڵمان‌دا بۆ سه‌ر سوپای فرانسا، که‌یسه‌ری فرانسا (ناپۆلێۆنی سێیه‌م) یان به‌دیل گرت. ئاڵمانه‌کان به‌ره‌وه‌و شاری پاریس کشان و گه‌مارۆیاندا، پاش چوار مانگی سه‌خت و برسێتی و تۆپبارانکردن، له زستانی 1871 دا دانیشتوانی پاریس خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌دا. ده‌وڵه‌تی فرانسا جه‌نگه‌که‌ی دۆڕاند. فه‌ره‌نسیه‌کان ناچار بوون که ناوچه سنووریه‌کان که دانیشتوانه‌کان ئاڵمان بوون جێبهێڵن، له هه‌مانکاتیشدا ده‌بوو زیانه‌کانی ئه‌و جه‌نگه ده‌وڵه‌تی فرانسا خه‌رمانه‌ی بکات و ببژێرێت.
ناپۆلێۆنی سێیه‌م به‌رپرسیارێتی دۆڕاندنی ئه‌و جه‌نگه‌ی که‌وته ئه‌ستۆ و له سێپتێبه‌ری ساڵی 1871 له ته‌ختی ده‌سه‌لات لابردرا.
پاش ئاشته‌وانی نێوان ده‌وڵه‌تی فرانسا و ئاڵمان، له به‌هاری 1871 دا له شاری پاریس سه‌رهه‌ڵدانێک چێکبوو، کرێکاران له پاریسی پێته‌خت ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست، بانگی کۆمارێکی کرێکارییاندا، به‌ناوی (کۆمیونی پاریس) ئه‌مجاره شاری پاریس له‌لایه‌ن سوپای فرانسا خۆیه‌وه گه‌مارۆدرا. دانیشتوانی پاریس له هه‌موو پێویستییه‌کی ژیان دابڕان، پاشان ئه‌و کۆماره و پێکهێنه‌ره‌کانی به ته‌واوی سه‌رکوتکران.
ته‌نیا یه‌ک ئاڵمان...!
له ژێر سه‌رکردایه‌تی بیسماردا ساڵی 1871 بیست و پێنج ده‌وڵه‌ت و ده‌وله‌تۆکه‌ی ئاڵمان (ئێمپراتۆری ئاڵمانیایان) دامه‌زراند. ئه‌و ئێمپراتۆره له ئه‌ورپا گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵات بوو، بۆ سه‌رۆکی ئه‌م یه‌کیه‌تییه واتا ئه‌و(ئێمپراتۆره) نوێیه پاشای (پرێیوسسێن) (ڤیلبێلمی یه‌که‌م) به که‌یسه‌ر هه‌ڵبژێدرا.
پاش جه‌نگی نێوان ئاڵمان و فرانسا، ده‌وڵه‌تی ئاڵمان سوپاکه‌ی نوێژه‌نگ کرده‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزیکی زه‌ریایی به‌هێزی دامه‌زراند. له‌کاتێکدا که ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا که هه‌میشه خۆی به خوا‌و ده‌سه‌ڵاتداری زه‌ریایی ده‌زانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئا‌ڵمانیا خستبوویه دڵه‌راوکه‌وه.
له لایه‌ن کۆمپانیه پیشه‌سازیه‌کانی ئاڵمانیاوه که‌لوپه‌لی سه‌ربازی وه‌کو ماکینه و چه‌ک به‌رهه‌مده‌هێنران. ئه‌م که‌لوپه‌لانه به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان به‌رهه‌مدهێنران و بره‌ویان پێده‌درا. به‌مجۆره ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا مڵۆزمێ پێشبڕکێی له بازاڕی جیهانیدا بۆ په‌یدا بوو.
رێفۆرمی سۆسیال...!
بیسمارکی کۆنخواز زوو له‌وه گه‌یشت، که ئه‌و چینه‌ی ژێره‌وه، واتا کرێکارانی کارگه پیشه‌سازیه‌کان و بیروباوه‌ڕه سۆسیالیستیه‌که‌یان ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته مه‌ترسییه‌کی ترسناک. جا بۆ ئه‌وه‌ی کرێکاران له‌و مه‌ترسییه دوورخاته‌وه و بێده‌نگیان بکات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چاکسازیه‌کی سۆسیالیستی ئه‌نجامدا. ده‌وڵه‌ت مافی نه‌خۆشبوون، رووداووی دڵته‌زێن، پاداشتی بۆ ته‌مه‌نی پیری و په‌که‌وتویی بۆ مسۆگه‌ر کردن. هیچ کام له به‌رپسیارانی ده‌وڵه‌ته‌کانی تری ئاوروپا هینده‌ی بیسمارک کاریگه‌ریان له‌سه‌ر روودا و و گۆرانکاریه‌کانی ئاوروپا نه‌بوو. بیسمارک توانی تا ساڵی 1890 درێژه به ده‌سه‌ڵات بدات.
هه‌ندێک نموونه بۆ بزووتنه‌وه‌ی ناشونالیزمی و جه‌نگی رزگاریخوازانه...!
ساڵی 1648 هاوکات له‌گه‌ڵ په‌یمانی ئاشتی وێستفلیا دا وڵاتی هۆلاند پاش هه‌شتا ساڵ جه‌نگ و سه‌رهه‌ڵدان دژی ئه‌سپانیا سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌ده‌ستهێنا.
وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئامریکا ساڵی 1776-1783 له ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیا رزگار بوون.
گرێکلاند (یۆنان) ساڵی 1820 جه‌نگی سه‌ربه‌خۆییان دژی تورکیا تاودا. له‌سه‌ره‌تاوه تورکه‌کان هیچ جۆره رێگریه‌کیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرێکیه‌کان نه بوو ده‌ستیان ئاوه‌ڵا بوو، به‌ڵام پاشان له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته کریستانه‌کانی ئاوروپاوه هه‌ڵمه‌تێکی پشتیوانی و هاوکاری بۆ گرێکلاندیه‌کان رێکخرا. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه که گرێکێکان ئه‌و یارمه‌ت و هاوکاریه سه‌ربازیانه‌یان له‌و ده‌وڵه‌تانه که پێگه‌یشت، توانیان له 1830 دا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان دامه‌زرێنن.
زۆربه‌ی وڵاته به کۆلۆنیکراوه‌کانی ئامریکای لاتین له باشووری ئامریکا و مه‌کسیکۆ ساڵی 1810- 1820 سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له ده‌وڵه‌تی کۆلۆنیالی ئه‌سپانی و پرتوگال سه‌ند و راگه‌یاند.
سه‌رهه‌ڵدانی پۆلۆنیه‌کان دژی رووسه‌کان به‌سه‌رنه‌که‌وت، به پێچه‌وانه‌وه پاش سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌یان چه‌وساندنه‌وه و زوڵم و زۆری رووسه‌کان به‌سه‌ر گه‌لی پۆلۆنیاوه له جاران خراپتر بوو.
ساڵی 1867 وڵاتی به‌لگێن سه‌ربه‌خۆ بوو.
سالێ 1867 هه‌نگاریه‌کان که‌یسه‌ری نه‌مسایان ناچارکرد، که ده‌وڵه‌تی نوێ به ناوی (ئیمپراتۆری نه‌مسا- هه‌نگاریا)وه دابمه‌زرێنن، به‌ڵام گه‌له‌کانی تری ناو ئه‌و ئیمپراتۆره، بۆ نمونه چیکه‌کان، سه‌ربه‌کان و کروته‌کان فشاریان ده‌هێنا و ئازادی خۆیان ده‌خواست. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و (ئیمپراتۆره‌ی نه‌مسا – هه‌نگاریا) کارێکی گه‌نگاز و ناشیاو بوو. ئه‌و ئێمپراتۆره له کۆمه‌ڵێک گه‌لی جودا پێکده‌هات که هیچ شتێکی هاوبه‌ش له نیوانیاندا نه‌بوو یه‌کیان نه‌ده‌گرتنه‌دوه. ته‌نیا ده‌ستدریژی شه‌ڕوشۆڕ بۆ سه‌ر یه‌کتری کۆلکه‌ی هاوبه‌شی ننێونیان بوو.
کاتێک ئێمه ده‌که‌وینه ناو دیرۆکی چه‌رخی 19 وه ده‌بینین که زۆربه‌ی ئه‌و ناکۆکی و دژایه‌تیانه درێژه‌ی هه‌یه و چاره‌سه‌ر نه‌کراون. بۆ نمونه ئه‌و گرفتانه نه‌وه دووای نه‌وه، بۆته میرات و بۆماوه. ئه‌و ناکۆکی و بۆ ماوانه ره‌گی دیرۆکی خۆیان هه‌یه‌و بۆ سه‌دان ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
نیوه دوورگه‌ی بالکان...!
له نیوه دوورگه‌ی بالکاندا چه‌ندان نه‌ته‌وه‌ی جوودای له خۆ گرتووه، هه‌ندێک جار به (گۆشه‌ی نائارامی ئاوروپا) ناو ده‌برێت. ئه‌م ناوچه‌یه ساڵانێکی دوور و درێژ له نێوانی نه‌مسا و تورکیادا به‌شکرابوو.
نه‌ته‌وه جووداکان...!
له هه‌ندێک له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا کۆمه‌ڵێک نه‌ته‌وه‌ی جوودا هه‌بوون، هه‌ندێک له‌و نه‌ته‌وانه گچکه و گه‌ره‌کیان بوو که ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان دابمه‌زرێنن.
له نه‌مسادا... نه‌ته‌وه‌ی ئاڵمان، چیک کراوتی، هه‌نگاری و به‌شێک له گه‌لی پۆلۆنی هه‌بوون.
له رووسیادا.. رووسیای مه‌زن، رووسیای گچکه، ئۆکرانی، پۆلۆنی، لێتوانی ئێستلاندی، فینلاند و به‌شێک له سویدی.
له (ئیمپراتۆری ئوسمانیدا، تورکیا) تورک، سه‌ربی، رۆمانی، بوگاری و به‌شێک له گه‌لی کورد.
2008
له په‌رتوکی Puls Historia وه کراوه‌ته کوردی.
له نوسینی Göran Körner, Lars Lagheim سالێ 2002