گه‌ڕان به‌ناو ماڵپه‌ڕه‌دا   گه‌ڕانی تایبه‌ت »
ئه‌رشیف
Mo Tu We Th Fr Sa Su
12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930

هه‌واڵنامه‌
خۆت ناو نوس بکه‌ بۆ هه‌واڵ

ڕاپرسی: هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریکا
بۆ کورد باش ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ هه‌لبژاردنی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌رۆک کۆمار یه‌ک له‌م دووه‌ سه‌رکه‌وێت.
مه‌کین
ئۆباما
ئه‌نجامی ڕاپرسی | ڕاپرسی کۆن


email مه‌یلی بکه‌ بۆ هاوڕێکه‌ت | print چاپی بکه‌ |

ئەگەر هەڵكەوت زاهیر گەندەڵ نەبێت،(سوعاد حوسنی)یش میسریی نییە !!.. وەڵامێك بۆ (سیروان كەریم)

له‌لایه‌ن Kurdistanpost KP.N on February 25,2008

image



 ستیڤان شەمزینانی - بەشی یەكەم:
   
  پێش هەفتەیەك و لەیەك رۆژدا لەگەڵ هاوڕێم (ئاسۆ عوسمان)هەریەكە وتارێكی رەخنەئامێزمان لەسەر گەندەڵیی و كەموكوڕییەكانی (هەڵكەوت زاهیر)ی راوێژكاری شێواندنی هونەری كوردیی و خزمەتكاری ئەرەبیسك و كولتووری عەرەبیی بڵاوكردەوە،جێگەی سەرسوڕمان بوو لەبری ئەوەی هەڵكەوت وەڵام بداتەوە و داكۆكی لەخۆی بكات،لەولاوە كەسانی دی باڵانسیان دەرچوو،بۆ  وێنە بێسەوادێكی وەك(سیروان كەریم)ناوێك كەوتە وەڵامدانەوەی ئاسۆ عوسمان.
 ئەو برادەرە كەپوو گەورەو خۆ بەفەیلەسووفزانە(سیروان)چونكە ناتوانێت وەڵامی ئاسۆ بداتەوە هاتووە بەزۆری زۆرداریی نووسینی چاودێرێكی چاوكوێر بەسەر ئاسۆدا ساغ دەكاتەوە،دیارە ئەو لای شێخ و دەستگرەوە قاوەی گرتووەتەوە بۆیە زانیوێتی ئەو چاودێرە بێ چاوە (ئاسۆ)یە،یان هیچ بژاردەیەكی نەماوە تەنیا سەپاندنی ئەو وتارە نەبێت بەسەر ئاسۆدا چونكە دەزانێت بۆشایی زۆر لە نووسینەكەی چاودێرە بێ چاوەكەدا هەیە بۆ رەخنە لێگرتن لەبەرئەوەی ئەویش وەك سیروان كۆڵەوار و بێسەوادەو تەنانەت ئیملاش بەباشی نازانێت .
 لەو وەڵامەیدا كە لەژێر ناوی (هونەرمەندان ناسری رەزازی و چۆپی،لەگێژاوی میدیای كوردیدا)كەوا راستتربوو بینووسیبا لە(گێژاوی گەندەڵییدا)نووسیوویەتی، سیروان كەریم هاتووە:هەندێگ هەڵەی زمانەوانیی و رێنووسیی لە چاودێر گرتووە، كەچی لەولاوە رەخنەگر حاڵی خۆی لەحاڵی چاودێر باشتر نییە ،بۆیە جێگەی خۆیەتی لێرەدا هەندێك لەو هەڵانەی ناوبراو كردوونی نیشان بدەینەوە:(وشەی میللەت بەمشێوەیە دەنووسرێت: میللەت نەك "میلەت"،راشكاویی بەمجۆرە دەنووسرێت: راشكاویی نەك"راشكاوی"،چاودێرێك ئاوها دێتە نووسین: چاودێرێك نەك وەك تۆ لەچەند شوێنێكدا نووسیووتە :چاودێڕێك" ،خۆیەتی بەمجۆرە دەنووسرێت: خۆیەتی نەك وەك تۆ نووسیووتە"خۆییەتی"، بنووسێت بەمشێوەیە دەنووسرێت:بنووسێت نەك وە تۆ نوسیووتە"بنوسێت"،وەكو بەمجۆرە دەنووسرێت :وەكو نەك بەمشێوەیە"وەكوو"،بیر ئاوها دەنووسرێت:بیر نەك"بییر"،وتە ئاوها دەنووسرێت :وتە نەك"ووتە"،كۆمۆنیست بەمشێوەیە دەنووسرێت:كۆمۆنیست نەك "كۆمەنیست"،نووسەر بەمجۆرە دەنووسرێت:نووسەر نەك"نوسەر"،زانیاریی ئاوها دەنووسرێت:زانیاریی نەك "زانیاری"،هاوكاریی،هاریكاریی بەمشێوەیە دەنووسرێت: هاوكاریی، هاریكاریی نەك"هاوكاری ،هاریكاری"،باشوور وا دەنووسرێت:باشوور نەك"باشور"،چەندین بەمجۆرە دەنووسرێت:چەندین نەك"چەندیین"،هەژار موكریانی وانانووسرێت" هەژار مۆكریانی"بەو جۆرەیە من نووسیوومە، تووشی وانانووسرێت"توشی"راستەكەی ئەمەیە"تووشی"،رۆشنبیریی بەمجۆرە دەنووسرێت نەك"رۆشنبیری"، خانەقین بەمشێوەیە دەنووسرێت نەك"خانەقیین"،كوردستانی باشوور هەڵەیە راستەكەی"باشووری كوردستان"ە، هەرواش كوردستانی رۆژئاوا و كوردستانی باكوور هەڵەن ، هەردوو وشەی باكوور و رۆژئاوا بخەرە پێش وشەی "كوردستان"ەوە،نیم وەها دەنووسرێت نەك"نییم"،نموونە بەمشێوەیە دەنووسرێت نەك"نمونە"،عەلی بەكوردیی بەمجۆرە دەنووسرێت:عەلی نەك"علی"،حەسەن لەوەتی كورد هەیە بەو شێوەیەی من نووسیوویەتی نەك "حسەن"، هەژاریی وا دەنووسرێت نەك "هەژاری"،راست وادەنووسرێت نەك"ڕاست").ئەمە نموونەی خەروارێكە لەهەڵە زەقەكانی كاك سیروان كەخۆی بە(شكور مستەفا و عەزیز گەردی) ناگۆڕێتەوە لە زمانناسیی و رێزمانی كوردییدا، ئیتر دەبێت ئەمجارە ئێمە پرسیار بكەین دەبێت كێ بچێت بۆ خوێندنگەی ئێواران؟من دڵنیام جەنابتان بەو رێزمانە شەق وشڕەوە نەك لەخوێندنگەكانی ئێواران وەرناگیرێن"هەرچەندە سوكایەتیی نییە لەخوێندنگەی ئێواران بخوێنیت" دەبێت فۆرمی مەحلومی پڕ بكەنەوە (ئەمە ئەگەر لەوێش وەرتبگرن)،ئەمە جگە لەوەی ئەگەر ئەز خوێندكاری ئێواران بوومایە شكاتم لێدەكردی و لەدادگا داوای قەرەبووكردنەوەم لێتدەكرد لەبری ئەو سوكایەتی كردنەت بەخوێندكارانی خوێندنگەكانی ئێواران.
 جا با بێینە سەر ناوەڕۆكی نووسینەكەی (سیروان) و كەمێك لێی وردبینەوە ،ئەو بەڕێزە نەیتوانیوە لەپەیامی راستەقینەكەی نووسینەكەی من و ئاسۆ تێبگات،بەبەڵگەی ئەوەی ڤۆكەسی سەرەكی نووسینەكەی ئێمە كە (هەڵكەوت زاهیر) ە، گۆڕیوێتی بۆ سەر (لەیلای فەریقی – چۆپی)،ئێمە ناوی ئەو هونەرمەندانەمان وەك سوودمەندەكانی دەستی هەڵكەوت هێناوەتە پێشەوە،ئەمە راستییەكی ئاشكرایە و جاڕس و وەڕسبوونی كەسی پێویست نییە، قسەمان لەسەر سوودمەندبوونی ئەو هونەرمەندانە نەبوو بەقەد ئەوەی مەبەستمان بوو ناعەدالەتی هەڵكەوت و پێڕگەرایی ناوبراو ئاشكرا بكەین،كاكی ئازیز ئەگەر هەڵكەوت زاهیر نەبێت كوانێ لەیلا دەتوانێت ئەو تێچوونە زۆرە بۆ كلیپەكانی دابین بكات؟من پرسیار دەكەم خالید رەشید داهێنەرە یان چۆپی فەتاح؟ئەگەر پێوەرێكی زانستیی و ئەكادیمیی هەیە بۆ پێوانی ئاستی ئەو هونەرمەندەی یەكەم و ئەو دەمبێژەی دووەم؟دەبێت كامیان لەریزبەندیی هاوكاریی كردندا لەسەرەتای لیستەكەدا بن؟فەرموو تۆ ببە بەپارێزەر بەلاشی چۆپی و هەڵكەوت،وەڵامی ئەوەم بدەرەوە بۆچی چۆپی ولەیلا بۆ بنی دنیا گەشت دەكەن و پارەیەكی خەیاڵیی بۆ ڤیدیۆ كلیپەكانیان سەرف دەكەن و خالید رەشید ناتوانێ ئەو كارە بكات؟غەیر ئەوەی خالید بایكۆتكراوە و چۆپی و باخان و هەندێ هونەرمەندی فاشیل هەڵكەوت كردوونی بە سیلین دیۆن و بریتنی كورد.
 كاكی ئازیز تۆ كاتێك دەڵێیت هەڵكەوت زاهیر گەندەڵ نییە وەك ئەوە وایە بڵێی زەوی خڕ نییە و سێ بەسێ تەڵاق بخۆیت زەوی بەدەوری خۆردا لەسووڕانەوەدا نییە،وەك ئەوە وایە بڵێی قەتەر وڵاتێكی ئەوروپییە،وەك ئەوە وایە بڵێی كینیا وڵاتێكی كیشوەری ئاسیایە،وەك ئەوە وایە بڵێی پاپای ڤاتیكان بوزییە،وەك ئەوە وایە بڵێی مادۆنا جوان نییە ،وەك ئەوە وایە بڵێی هەولێر شارێكی فەرەنسایە،وەك ئەوە وایە بڵێی ئەمستردام پایتەختی ئەریتریایە،وەك ئەوە وایە بڵێی قورئان كتێبی كریستیانانە،وەك ئەوە وایە بڵێی ئەحمەدی نەژاد سەرۆكی تایوانە،وەك ئەوە وایە بڵێی سەددام حسێن فارسە،وەك ئەوە وایە بڵێی ئەتاتورك كوردە،وەك ئەوە وایە بڵێی شێركۆ بێكەس وەرزشەوانە،وەك ئەوە وایە بڵێی حەسەن زیرەك چیرۆكنووس بوو،وەك ئەوە وایە بڵێی پەشێوی شاعیر لوبنانییە،وەك ئەوە وایە مینا سەركردەكانی كورد بڵێی بەگرێی ملم هاشم سوڵتان بێتاوانە و بێخەبەرە لەكارەساتی ئەنفال،وەك ئەوە وایە بڵێی رۆژنامە گۆڤارە،وەك ئەوە وایە بڵێی ئاو رەقە،وەك ئەوە وایە بڵێی بەفر گەرم و ئاگر سارد و بەستووە،وەك ئەوە وایە بڵێی سوور رەنگی ئیسلام و سپی رەنگی كۆمۆنیزمە،وەك ئەوە وایە بڵێی سۆمەرییەكان لەمیسری كۆندا بوون،وەك ئەوە وایە بڵێی شەقلاوە سەر بەپارێزگای سلێمانییە،وەك ئەوە وایە وەك سەركردەكانی كورد بڵێی كەركووك شاری برایەتیی و برۆكسلی ئێراقە،وەك ئەوە وایە بڵێی ساركۆزی سەرۆكی كوردستانە،وەك ئەوە وایە بڵێی ئۆڵمێرت سەرۆكی رێكخراوی حەماسە،وەك ئەوە وایە بڵێی چیڤارا پیاوی سی ئای ئەی بوو،وەك ئەوە وایە بڵێ سیستانی و خومەینی سووننەن،وەك ئەوە وایە بڵێی ئوسامە بن لادن تیرۆریست نییە،وەك ئەوە وایە بڵێی مەلا كرێكار كۆمۆنیستە ،وەك ئەوە وایە بڵێی هۆگۆ چافێز دۆست و هاوپەیمانی ئەمەریكایە،وەك ئەوە وایە بڵێی قازی محەمەد سەرۆكی بزوتنەوەی ئیسلامیی بوو،وەك ئەوە وایە بڵێی رەش سپییە و سپی رەشە . كاكی ئازیز ئەگەر هەڵكەوت زاهیر گەندەڵ نەبێت،(سوعاد حوسنی)یش میسریی نییە ، ئەگەر هەموو ئەو شتانەی من ریزم كردوون وان ئەوە بێگومان هەڵكەوت زاهیر گەندەڵ نییە و نوێژ لەسەر داوێنی بكەو شێخی گەیلانییە .
 كاكی ئازیز وادیارە ئێوە شارەزای بەیت و چیرۆكی میللیی و پەندی پێشینانن ،چونكە هەست دەكەم لەسەرەتای هەموو نووسینێكتدا بە گێڕانەوەی سەربردەیەكی میللیی دەست پێدەكەیت؟،مادام ئەوەندە زرنگ و هۆشیاریت لەو رووەوە بێگومانم ئەو پەندە كوردییەت بیستووە : (باوكم دیار نییە و دەڵێن پیاوێكیش گورگ خواردوویەتی).
 لەكوردستان داهاتی گەل و سەروەتی نیشتمانیی دیار نییە و دەڵێن بەرپرسە لات و گیرفان خاڵییەكانی دوێنێ بوونەتە ملیۆنێری دۆلار،ئەمە من واناڵێم بەڵكو مایكڵ رۆبن و وێنەكانی كریس كۆچێرا وادەڵێن، دەڵێن پارەیەكی زۆر بۆ بواری هونەر تەرخانكراوەو نە پارە دیارەو نە هیچ پێشكەوتنێكی ئەوتۆ جگە لەچەند كلیپێكی چۆپی و خانمی فەریقی،پەندەكە دەڵێت باوكم دیار نییە و دەڵێن پیاوێك گورگ خواردوویەتی ،ئەوە خەتای پێشینان و فۆلكلۆری دەوڵەمەندی كوردییە و هیچ سووچێكی ئەزی تێدا مەبینە .
 كاكی بەڕێز ئەوەتا هەڵكەوت زاهیر و شاگردەكانی و ناسری رەزازی و لەیلا ماستەكە بەلێوییانەوە دیارەو جەنابتان بەگۆڕی پێغەمبەر سوێند دەخۆن ماست نییەو بۆیاخی سپی هەمەڵشنە،ئیدی ئاسۆی داماو چی بكات؟مەگەر سبەی ئەو قوڕە خەستەی بەرامبەر ماَلیان بدات بەسەری خۆیدا،ئەگەر نەڵێن قوڕپێوان بۆ ئەمنی نەتەوەیی زیانی هەیە.
 هاوڕێیەكم لەقۆناغی ناوەندیی خوێندندا بەپەنهانی جگەرەی دەكێشاو دەچوو بۆ سینەما بەتایبەت لەترسی برا گەورە تووڕەكەی!!رۆژێك لەسینەما براكەی جگەرەكەی بەدەستییەوە گرت!! وتی:ئەوە چی دەكەیت جگەرە دەخۆیت؟ هاوڕێكەم وتی:جگەرە،جگەرەی چی ؟من هەر زۆر رقم لەجگەرەیە،وتی :ئەی ئەوە نییە جگەرەت بەدەستەوەیە؟هاوڕێكەم وتی،ئەها وابڵێ،ئەوە میدالیای جگەرەیە،براكەی وتی:ئەی ئەوە نییە دووكەڵ دەكات؟ هاوڕێكەم وتی:بەسەهوودا مەچۆ؟،ئەم جۆرە میدالیایە تازە هاتووەو دووكەڵیش دەكات !!!.
 ئێمە گەندەڵییەكەمان بەدەستی هەڵكەوتەوە گرتووە ،كەچی بابایەكی وەك ئێوە داكۆكی لێدەكەن ودەڵێن:ئەوە دیوە میدالیاییەكەی گەندەڵییە ئەگەنا هەڵكەوت زاهیر قابیلی ئەوەیە ئەندامی لیژنەی پاكژیی(النزاهە)بێت!!!!. كاكی برا ئەگەر بەگەندەڵی نەبێت هەڵكەوت زاهیرێك تادوێنێ لەئەڵمانیا پۆستی دابەش دەكرد(رێزم بۆ ئەو كارە هەیە بەڵام باسكردنی ئەم پیشەیە بۆ نیشاندانی باری خراپیی ئابووری ناوبراوە نەك سووكایەتیكردن بەخودی كارەكە)چۆن بوو بەو هەڵكەوت زاهیرە خانەدانەی ئەمڕۆ؟ ئەگەر بەلاسایی كردنەوەی رەوشتی عەلی باباكان نەبێت؟من وەڵامەكەیم بەرەهایی نەوتووە،ئەگەر بتوانیت مایكڵ رۆبن بدۆزییەوە رەنگبێ وەڵامێكی راستت بۆ هەردووكمان چنگ بكەوێت .
 برای ئازیز تۆ وەرە تەنێ پارەی گەشتوگوزارەكانی هەڵكەت زاهیر كۆبكەرەو لەسەریەكی دابنێ بزانە هەموو ئۆردوگای سموودی پاشماوەی ئەنفالكراوەكانی بەداروبەرد و ئاسمانەكەیەوە پێ ناكڕیت كەهەشت هەزار كەسی تێدا دەژی؟ئەگەر وانەبوو ئەوە دادگاو شكاتم لێبكە،خۆم لە ئەكبەری گەنجی ئازیزتر نیم بادووساڵ لە زیندان بم .
 كاكی برا هێندەی نوح تەمەنت بۆ قەرد دەكەم و هێندەی ئەیوب سەبر و حەوسەڵەت بۆ پەیدا دەكەم بەس تۆ بتوانە لاپەڕەیەك دیكۆمێنت و پارەبەفیڕۆدان و گەندەڵیم بۆ ئاشكرا بكە وەك خۆت دەڵێ بەڵگەكەیم بۆ بێنە،ئێ هەڵكەوت زاهیر و شاگردەكانی خۆشاوی گەندەڵی هەڵدەقورێنن نایانەوێت وناهێڵن بەئاشكرابوونی گەندەڵییەكانیان زەقنەمووت و زەقوومەكان نۆش بكەن،ئەمە وەك بنەمایەكی بیركاریی وایە،یەك كۆ یەك دەكاتە دوو نەك هەشت.
 برای ئازیز فەرموو تەشریف بهێنەرەوە بۆ كوردستان تا پێت نیشان بدەم گەندەڵیی لەرۆح و گیان و جەستەی ئیدارە و كاربەدەستانی میرییدایە،فەرموو ببینە ئەگەر تاكە شتێك زیاد لەهەموو شتێكی تر كەلەلایەن كاربەدەستانی میرییەوە پەیڕەو  ومومارەسە دەكرێت گەندەڵی نەبوو،ئامادەم دەموچاوم رەش بكەیت و بەسواری كەرێكی كلك قرتاو شاراوشار بمگێڕی ،ئەگەر واشبوو ئایا ئامادەیت ئەم كارە لەبەرامبەر گەندەڵەكان لەناویشیاندا ئەوانەی داكۆكییان لێدەكەیت ئەنجام بدەیت؟.
 هیوادارم ویژدانی جەنابتان بەنج و سەوداسەر نەكرابێت هەروەك چۆن خوازیارم پشكداریی لە گەندەڵیی نەیگاندبیتە حاڵەتی خەواندنی موگناتیسی،چونكە ئەو گەندەڵییەی تۆ هاشای لێدەكەیت بەئەندازەو قەبارەیەكە وەك ئەوە وایە لەسەر چیای گۆیژەوە سەیری شار بكەیت و بڵێیت سلێمانی نابینم،كاكی ئازیز من تەنێ خەمی ئەوەمە لەم وڵاتەدا(ویڵ دیورانت)ێكمان دەست نەكەوێت ئەو سەبرو حەوسەڵەو وزەیەی هەبێت بتوانێت چەند بەرگێك لەسەربردەو چیرۆكی گەندەڵیی لەكوردستان بنووسێتەوە.
 ئیتر ئەمە ئەو وڵاتەیە (گۆگۆل)لەشانۆگەریی(پشكنەر)دا بەوردیی پەنجەی خستووتە سەر زام وكێم و جەراعەت و نەخۆشییە زگماكەكانی،من و (ئاسۆ)ش لەلا قەبرغەی چیرۆكی(هەزار شەو و شەوێك)ەوە نەهاتووینەتە دەرەوە و عەسا جادووییەكەی موسامان پێ نییە تا بەلێو جوڵاندنێك هەرچی فایلی گەندەڵی هەیە لەجەكمەجە قوفڵدراوەكاندا بهێنینە دەرەوە پەڕە پەڕە بەوانەی هەڵكەوت زاهیرەوە بیخەینە بەرچاوی تۆ،كە دڵنیام ئەگەر ئەمە رووبدات لەزووترین كاتدا تاقەتت لەم حكایەتی مێشە دەچێت و هاواردەكەیت بەسە سەری منداڵی ساوا سپی دەكات .
 خۆزگەم بەو كوڕە گەنجەی ناو فیلم كارتۆنەكە ،تەنێ بەوتنی بە(ئەمری من و ماسی)هەموو نیازێك حاسڵ دەكات، ئەگەر ئێستا من ببمە ئەو گەنجە دوای ئاشكراكردنی گەندەڵییەكان،داوا دەكەم ماسی بمگەیەنێتە ئەو جێگەیەی ناوی گەندەڵە شڕەخۆرەكانی كوردی تێدا نەبیستراوە .
 ئەم حكایەتە وەك چیرۆكەكانی داپیرەم بەش بەشە،ئەمە با بۆ ئەمشەو بەس بێت،تا شەوێكی تر و بەشێكی تری ئەم حكایەتە بە كامەرانییتان دەسپێرم ،دانیشن لەسەر خێر .
 Shamzini79@hotmail.com

 


1819 جار بینراوه‌