گه‌ڕان به‌ناو ماڵپه‌ڕه‌دا   گه‌ڕانی تایبه‌ت »
ئه‌رشیف
Mo Tu We Th Fr Sa Su
1234567
891011121314
15161718192021
22232425262728
2930

هه‌واڵنامه‌
خۆت ناو نوس بکه‌ بۆ هه‌واڵ

ڕاپرسی: ئه‌مه‌ریکا و کورد
ئه‌مه‌ریکا حاڵی حازر کورد وه‌ک ژماره‌یه‌کی کارا له‌ هاوکێشه‌ی ناوچه‌که‌ ناروانێت ، به‌ هۆی:
مافیاییو نادیموکراسی ده‌سه‌ڵات.
به‌ خاتری فاشیزمی تورکیا.
هه‌ردووکیان به‌ یه‌که‌وه.‌
نازانم.
ئه‌نجامی ڕاپرسی | ڕاپرسی کۆن


email مه‌یلی بکه‌ بۆ هاوڕێکه‌ت | print چاپی بکه‌ |

پارتى لە حزبە ئاوارەكەى ئۆردوگاى"زێوە"وە بۆگەورە سەرمایەدارەكەى كوردستان

له‌لایه‌ن on July 08,2008

image

 نەبەز گۆران:
 
 لەكوردستان "6000" هەزار كۆمپانیاى رێگە پێدراوهەیە كەحكومەت بەشێوەیەكى یاسایى رێگەى پێداون كاربكەن، بەڵام لەپشت ئەم كۆمپانیایانەوە كۆمەڵێك كۆمپانیاى دى هەن رێگەیان پێنەدراوەو لەپشت یاساوە كارى خۆیان دەكەن، لەو كۆمپانیا ڕێگەپێدراوانە "1400" كۆمپانیایان بیانین و "4600" كۆمپانیایان خۆماڵێن، لەكۆى ئەو بڕەكۆمپانیایانە"3500" كۆمپانیا لەسنوورى دەسەڵاتى پارتى كاردەكەن، و " 740" كۆمپانیایان بیانین، "2860" كۆمپانیایان خۆماڵێن، ئەو "2500" كۆمپانیایەى كەدەمێننەوە دەكەونە ژێردەسەڵاتى یەكێتى، بەهاتن و دروست بوونى ئەم ژمارە كۆمپانیایە لەكوردستان ئاستى ئابوورى حزبەكان لەخاڵى سفرەوە گەیشتە ژمارەیەكى نەناسراو، ئەو بازارەى ئەمڕۆ لەكوردستاندا هەیە لەلایەن كارەكتەركانى حزب و خودى حزب وەك گروپى كۆمپانیا دەستى بەسەرداگیراوە، لەسنوورى دەسەڵاتى پارتى گروپێك هەیە پێى دەوترێت" هەیئەى ئیستیسمارى پارتى" ئەم گروپە "عیزەدین بەروارى" كەئەندامى مەكتەبى سیاسى پاریتە سەرپەرشتى دەكات و لەرێگەى ئەو چەند كۆمپانیایەوەكە لەم گروپە كاردەكەن سەرقاڵى بەهێزكردنى ئابوورى پارتین،ئەو تەندەرانەى بەرئەم گروپەى پارتى دەكەون هەموو لایەنەكان دەگرێتەوە، هەرلەدروستكردنى باڵەخانەوەبیگرە تا گواستنەوەى كەلوپەل، بەهەمان شێوەش لەسلێمانى گروپى كۆمپانیاكانى نۆكان كاربۆ ئابوورى یەكێـتى دەكەن، بەڵام لەناو پارتیدا لەدەرەوەى ئەم گروپە كۆمەڵێك كارەكتەرى خانەوادە كۆمپانیاى گەورەگەورەیان دروستكردوەو دەستیان بەسەر بەشێكى سەرەكى ئابورى سنوورى دەسەڵاتى پارتیدا گرتووە، ئەم بڕەكۆمپانیایە هەم كار بۆبەهێزكردنى ئابوورى حزب دەكەن و هەم كاربۆبەهێزكردنى ئابوورى خانەوادەیى حزب دەكەن كەتاكو ئێستە پارتى وەك حزب لەلایەن خودى كارەكتەرەكانى خانەوادەیەكەوە تەحەكومى پێدەكرێت ، هەمان كەسەكانى ناو خانەوادە بوونەتە بڕبڕەى پشتى حزبەكەیان.
  پارتى لەئێستادا بەیەكێك لەحزبە دەوڵەمەندەكانى كوردستان ئەژماردەكرێت و كەچى سىَ مانگ جارێك موچەى كادیرو لایەنگرانى خۆى دەدات، یەكێكە لەو حزبانەى بەو هەموو سەرمایەیەى لەناو خەزێنەكەیدایە چاوى لەخواردنى موچەى كادیرەكانى خۆشى بڕیووە، بەپێى بۆچونى زۆربەى كادیرانى ئەو حزبە ساڵانەش مانگێك موچەى كادیرەكانى خۆى دەخوات، ئەم عادەتەى پارتى چارەكە سەدەیەكە بەبەردەوامى دووبارە دەبێتەوە وبووەتە كارێكى ڕۆتین لاى بەشێكى زۆرى كادیرو لایەنگرانى خۆى، یەكێك لەكادیرە باڵاكانى ئەو حزبە پێى ووتم" هەمیشە بیانووى ئەوە دەهێنەوە كە "جەرد"یان نەكردوە" بەپێى لۆژیكى ئیدارى پارتى بێت حزبەكەیان دواى زیاتر لەنیو سەدە هێشتا نەبوەتە حزبێكى سیستەماتیك ونازانێت چەندكادیرو هەوادارى هەیە، بۆیە هەموو مانگێك لیستى نوێ دەكرێت بۆموچەو دەبێـتە هۆى دواخستنى مووچەى هەوادارانى بۆ چەند مانگێك، كادیرێكى دى بەپێچاوانەى ئەم بۆچوونەوە پێى وابوو" ئەو برەپاریەیەى ئەمڕۆ پارتى لە بودجە وەرى دەگرێت هەندێك جاربازرگانى پێوەدەكرێت و قازانجێكى زۆرى پێدەكرێت لەناو بازارەكاندا پاشان موچەى كادیران وهەوادارانى پێدەدرێت" پارتى لەچەندین شوێنەوە سەرقاڵى پارەكۆكردنەوەیەو بەو دەوڵەمەندیەى خۆشیەوە هێشتا پێى نەكراوە دڵى موچەخۆرانى خۆى رازى بكات، ئەوەى گرنگەلەناو پارتیدا لەسەرى بووەستین ئەو خاڵەیە سەرمایەى ئەم حزبە لەلایەن خانەوادەیەكەوە تەحەكومى پێدەكرێت و ئەوانەى دەرەوەى خانەوادە هیچكات نازانن سەرمایەى حزبەكەیان چەندەو بەچ شێوەیەك دابەشدەكرێت، یەكێك لە كادیرەباڵاكانى نزیك مەكتەبى سیاسى پێى ووتم" دڵنیام لەوە زۆربەى ئەندامانى مەكتەبى سیاسى نازانن خەزێنەى پارتى چەند پارەى تێدایە" مەكتەبى سیاسى پارتى دەسەڵاتى ئیدارى بۆدانراوەو هەرمەكەتەب سیاسیەك بڕێك پارەى بۆتەرخانكراوە بۆسەرفكردن، جگەلەو بڕەپاریە ئیدى بۆى نیە دەست بۆ مەبەلەغێكى دى ببات، ئەوە مەكتەبى سیاسى نیە تەحەكوم بەداهاتى پاریتەوە بكات، بەڵكو خودى خانەوادەیەو هەرئەوانیشن بەشى مەكتەب سیاسى و لقەحزبیەكان دەدەن.
  "17" ساڵە گومرگى ئیبراهیم خەلیك كەدەرگایەكى گەورەى داهاتى كوردستانە دەچێتە ناو خەزێنەكانى پارتیەوە، ساڵانى پێشوتر ئیبراهیم خەلیل بەیەكێك لەسەرچاوەگرنگەكانى داهاتى وڵات تەماشادەكرا، بەڵام هیچ كات نەحكومەتى ڕابردوى كوردستان و نەسەرۆكایەتى هەرێمى ئێستاى كوردستان هیچ رونكردنەوەیەكیان نەدا سەبارەت بەو داهاتەى ئیبراهیم خەلیل و تائێستەش پارەى ئەو گومرگە نەچوتە ناو سندوقى حكومەتەوە، زۆربەى چاودێرە سیاسیەكان داكۆكى لەوەدەكەن ئەو پاریەیەى ئیبراهیم خەلیل بچێتە ناو سندوقى حكومەتەوەو باوەڕیان وایە تائەم حاڵەتەش كەحكومەتى توافوقى هەیە داهاتى ئەو گومرگە بۆپارتیە، ئەمە جگە لەداهاتى چەندین خاڵى گومرگى دى لەسنوورى پارتى كەراستەوخۆ بۆحزبن نەك حكومەت.
  پاش گەڕانەوەى پارتى لەئۆردوگاى زێوە وەك پەناهەندەیەك بۆكوردستان، ئیدى بەشێكى زۆرى داهاتى ئەم وڵاتە كەوتە ژێرچنگى ئەو حزبەى ناوچە سنووریەكانى دەوڵەمەند بوون و كەوتبونە ژێر كۆنترۆڵى دەسەڵاتیەوە، دواى دابەزینى باڵانسى گومرگەكان جۆرى كۆكردنەوەى پارە لەم حزبە لەداهاتى گومرگەكانەوە گوازرایەوە بۆ كۆمپانیاو بازرگانى كردن لەناو وڵات و دەرەوەى وڵات.
 هەرچۆن لەئیدراەى گشتى یەكێتى گروپى كۆمپانیاكانى نۆكان بەشێكن لەسەرمایەیى حزبى یەكێتى، بەهەمان شێوە بەڵكو بەقوڵتریش كۆمەڵێك كۆمپانیا بونە هۆى بەهێزكردنى وزەى ئابوورى پارتى و ئاستى ئابوورى حزبیان لەشوێنێكى سادەوە بردە شوێنكى دى، بەڵام شێوەى كۆمپانیاكانى پارتى زۆرجیاوازە لەشێوەى مامەڵەكردنى بازارى یەكێتى، پارتى وەك مەكتەبى سیاسى لیژنەیەكى هەیە بۆ سەرمایەدارى لەرێگەى ئم لیژنەیەوە ئاراستەى كۆمپانیاكانى خۆى دەكات، بەڵام لەدەرەوەى ئەم لیژنەیەش كۆمەڵێك كۆمپانایاى دى كە سەربەخۆیانە بەبىَ ئەوەى بچنە ناوگروپەوە بڕبڕەى پشتى سەرمایەى پارتى و خودى خانەوادەى دەسەڵاتدارن، بەشێ:ى زۆرى ئەو كۆمپانیایانەى لەدەرەوەى گروپەكەى مەكتەبى سیاسین كۆمپانیاى تاكە كەسین و تائێستەش ڕوون نیە داهاتەكەیان چەندەو ڕون نیە لەوداهاتە چەندى بۆتاكە كەسەكان دەبێت وهۆى چیە حزب پشتگیریان دەكات و كەچى وەك كۆمپانیاى سەربەخۆپیشانیان دەدات؟ ئایا بەشێكى زۆرى داهاتى ئەم كۆمپانیاینە بۆخاوەنەكانیانەیان حزب؟ یەكێك لەبەرپرسەكان ووتى" ئەوجۆرە كۆمپانیایانە بڕبڕەى پشتى خانەوادەن نەك حزب، چونكە ئەوان ئابوورى خودى خانەوادە بەهێزدەكەن لەپشت حزبەوە،" بەڵام لە برى خانەوادە حزب دەبێتە پشتى ئەم كۆمپانیاناە، ئەمانیش دەبنە دینەمۆیەكى بەهێزكردنى خانەوادە، بەهێز بوونى خانەوادەش لەڕوى ئابووریەوە واتە بەهێزبوونى حزب، وەزیفەى پارتیش لەم حاڵەتەدا پردێكە بۆدۆزینەوەى بازار بۆئەم جۆرە كۆمپانیایانە.
 ناوى برێك لەكۆمپاینیاكانى ناوەوەى وڵات كە خاوەنەكانیان بەشێكن لەخانەوادەى دەسەڵاتدارى پارتى.
 
 كۆمپانیاى كۆڕەك تیلیكۆم ............ سیروان بارزانى
 كۆمپانیاى هۆستان ................ ساڵەح بارزانى
 كۆمپانیاى شەرق ئەوسەت ...................... سەعید بارزانى
 كۆمپانیاى فڕۆكەوانى..و...........هتد
  جگە لەم كۆمپانیایانە كۆمەڵێك كارگەى حكومى هەبوون پارتى لەشارى هەولێر لەرێگەى كارەتكەرەكانى خۆیەوە گواستنیەوە بۆشوێنى ترو سەرقاڵى بەرهەم هێنانە پێیان، ئەم كارگانە ئێستا ئەو كارەكتەرانە بەرێوەى دەبەن كە نزیكن لەخانەوادەوە، جیالەمەش چەندین كارگەى ترى دروست كردوە كە هەمان ئەو كەسانە سەرپەرشتى دەكەن سەر بەخانەوادەن، یەكێك لەبەرپرسە ئیداریەكانى پارتى بۆلابردنى ئەم كارگانە بیانووى ئەوەى دەهێنایەوە كە ئەم كارگانە كاتیان بەسەرداچوبوو، وەختى كاركردنیان نەمابوو بۆیە لەناو شاردورخرانەوە، بەڵام هەرگیز حكومەت بەشێوەیەكى رەسمى لێدوانى نەدا بۆگواستنەوەى ئەم كارگانە لەهەولێرەوە بۆشوێنێكى دى.
 كارگەى دروستكردنى شیش.............. مەلا شین بارزانى
 كارگەى جگەرە....................... سەعید بارزانى
 كارگەى مافورو رستن و چنین و كاشى.... لەهەولێر بران و لەشارێكى دى كاریان پێدەكرێت.
 
 ئەم كۆمپانیاو كارگانە لەپشتیانەوە هێزكى وەك پارتى وەستاوە، زۆرجار ڕویداوە كۆمپانیایەكى دى لەشێوەى ئەم كۆمپانیایانە بێتە سنوور پارتى و بیەوێت هەمان كاربكات كە ئەم كۆمپانیایانە دەیكەن، بەڵام بەهۆى بوونى دەسەڵاتى ئەم كۆمپانیانەوە لەناو حزب و حكومەتدا رێگە لەكۆمپانیاكەى دى گیراوە، هەم كێشەى یاساى و كارپێدانى لێدەگیرێت، هەم تەگەرە دەخەنە ناوئەو سەرمایەدارەوە كەدەیەوێت هەمان كارى ئەم كۆمپانیانە بكات، نمونەى مل ملانێى كۆمپانیاى " ئاسیاو كۆڕەك".
 پارتى بەتەواوەتى لەژێردەسەڵاتى خۆیدا جگە لەدیوە سیاسیەكەى دیوە ئابوریەكەشى كۆنترۆڵكردوە، چەندین دەرگاى كردوەتەوە بۆبەهێزكردنى سەرمایەیەى خۆى، ئەو حزبە تەنها لەبودجەى هەرێم بەشى خۆى نابات، بەڵكو لەناو كارەكتەرى خانەوادەدا ئەوەندە سەرمایەدارى نوێى دروست كردوە، بەدیوە ئابوریەكەیداپاڵپشتێكى بەهێزى بۆخۆى خولقاندوە، لەپشتى ئەوانیشەوە لیژنەى مەكتەبى سیاسى چونەتە ناو بازاڕى ئابووریەوە.
 بەپرسێكى حكومى ووتى" رەنگە پارتى داكۆكى بكات لەوەى سەرماییەى ئەو كۆمپانیایانە بۆحزب بێت، بەڵام راستیەكەى ئەوەیە پارتى لەناو خودى خانەوادەداسەرمایە دارى دروستكردوەو دەیەوێت لەرێگەى ئەم سەرمایە دارانە دیوارێكى بەهێز بۆخودى خانەوادەو خودى حزبەكەى دروست كات" بەرپرسێكى دى پێى وابوو" سەرمایەى پارتى هێندە زۆرە ئەمڕۆبازارەكانى كوردستانى داگیركردوەو برێك جاریش دەست بۆسەرمایەى شوێنەكانى دى دەرەوەى خۆى دەبات" بەڵام تائێستە هیچ كەسێك نیە بتوانێت بەشێ,ەیەكى تەواو سەرمایەى پارتى بەژمارە بخاتە ڕوو كەچەندە، هەیبەتى دروست بوونى سەمایەى ئەم حزبەش لەناو خەیاڵى خەڵكدا تەنها پەیوەندى بەبازارەكانى ژێردەسەڵاتى ئەو حزبەو ئەو گروپە كۆمپانیایانەوە هیە كەسەربەو حزبەن نەك دەرخستنى ژمارەیەكى تەواو لەسەرمایەى حزب.
 پەرلەمانتارێك باوەرى وابوو" ئەم سەرمایەیەى كەئەمڕۆ پارتى و یەكێتى لەرێگەى دروستكردنى ئەم كۆمپانیانەوە بۆخۆیان دروستیانكردوە سەرماییەكى ناشەرعیە، كێشەكە ئەوەیە پەرلەمانێك نیە بەتەواوەتى پەرلەمانى خەڵك بێت، ئەگینا لەڕوى یاسایەوە دەتوانرا بەرلەو لێشاوى سەرمایەداریە بگیرێت و ڕێگە نەدرێت بەم شێوە نایاسایەی حزبێك یان دوو حزب سوود لەداهاتى ئەم وڵاتە ببین و بیكەنە بەشێك لەداهاتى سەرماییەى حزبەكەى خۆیان".
 یەكێك لەدینەمۆكانى بەهێزكردنى سەرمایەى پارتى خودى نێچیرڤان بارزانیە، نێچرڤان لەرێگەى خودى خۆى و پۆستە ئیداریەكەیەوە بووەتە جەمسەرى ئابوورى حزب و دەوارێك بۆكۆكردنەوەى خەڵك لەرێگەى سەرماییەوە بۆ حزبەكەى، نێچیرڤان بوتە دەرگایەك بۆهێنانى سەرمایە بۆژێردەسەڵاتى پارتى، هێنانى ئەم سەرمایەیەش واتاى بەهێزكردنى كارى كۆمپانیاكانى حزب و دروستكردنى سەرمایەدارى نوىَ لەناو حزبدا، جگە لەو نمونانەى سەرەوە بەشێكى زۆرى كارەكتەرەحزبیەكانى پارتى لەسنوورى دەسەڵاتى حزبەكەیاندا بوونەتە خاوەنى كۆمپانیاو سەرمایەى زۆر، بەپێى قسەى نێچیرڤان بارزانى زیاد لە"30" ملیار دۆلار لەبازارەكانى كوردستان مامەڵەى پێدەكرێت، ئەم پارەیە لەسەدا حەفتاى لەژێردەسەڵاتى پارتیدایە، یەكێتیش بۆئەوەى بگاتە ئاستى ئابوورى پارتى لەپەلەقاژێى دەوڵەمەندكردنى حزبەكەى خۆیەتى، بەڵام كێشەى گەوەرى یەكێـتى ئەوەیە حزبێكى سەرمایەدارى ناوچەیى و داخراوە، حزبێك نیە سەرمایەكەى توانیبێتى بچێتە ئاستى دەرەوەى مەحەلیەتى كوردستانەوە، بەڵام مامەڵەى پارتى مامەڵەیەكى ناوچەیى نیەو بەشێكى زۆرى سەرمایەكەى گەشتوتە ئاستى بازارەكانى دەوڵەتانى دراوسىَ، نێچیرڤان بارزانى دەیەوێت ژێردەسەڵاتى پارتى بكاتە بازارێكى گەورەو سەرمایەى وڵاتانى دى بخزێنێتە ئەم ناوچەیە، كاتێك ئەم هەوڵانەى بەتەواوەتى سەرى گرت ئیدى پارتى و سەرمایەدارە نوێكانى تەماسێك دەكەن لەگەڵ ئەوانەى دەرەوەو وپێكەوە كوردستان دەكەنە بازارێكى گەورە، بەڵام داهاتى ئەم بازارە هێندە بۆحزب و كارەكتەرەكانى دەبێت بۆخەڵك نابێت، كێشەكەش ئەوەیە حكومەت بەهەمووبڕگە سەرەكیەكانیەوە بەدەست پارتیە، بۆیە نێچیرڤان ئەم دەسەڵاتەى خۆى بەكاردەهێنێت بۆ دەوڵەمەندكردنى حزبەكەى، بەدەوڵەمەندكردنى حزبەكەشى مانەوەى خۆى مسەوگەردەكات لەسەر كورسى دەسەڵات، و ئاستى مل ملانێكانى ناوكوردستان بەرەو ئاراستەى خۆى دەبات، بەهێنانى سەرمایەدارى نوىَ بۆكوردستان واتە بردنە دەروەى سەرمایەى حزبیش بۆناو بازارەكانى جیهان، نێچیرڤان بارزانى بەم هەنگاوانەى كۆمەڵێك كارى گرنگ بۆخۆى و حزبەكەى جێبەجىَ دەكات، هەم ئاستى ئابورى حزببەهێزدەكات و هەم بەرامبەرەكەى دەخاتە ناوبازنێكى بچوكەوە هەم مانەوەى خۆشى درێژدەكاتەوە لەناو ئیدارەداو كۆردستانیش لەخاڵێكى وێرانەوە دەكاتە بازارێكى فراوان. 
 
لە كۆمپانیاى سەرمایەداریەوە بۆ بازرگانى نەوت
 دوارێكەوتنى نهێنى پارتى و یەكێتى لەسەر مەسەلەى نەوت، بەو شێوەیە بووە ئەو بیرەنەوتانەى لەژێر سنووورى دەسەڵاتى یەكێتى دەردەهێنرێت پارتى هیچ پەیوەندیەكى پێیانەوەنیەو بەژدارنیە لەداهاتەكەیان، بەهەمان شێوەش ئەوانەى ژێردەسەڵاتى پارتیش موڵكى پارتین، ئێستا پارتى جگە لەداهاتى گومرگى سنوور و شوێنەكانى خۆى، خاوەنى داهاتى كۆمپانیاى گەوەرەیە، لەپشتى ئەوكۆمپانیاو كارگانەشەوە دواهانگاوى بەسەرمایەدار بوونى ئەو حزبە، بەرهەم هێنانى نەوتە، لەسنوورى دەسەڵاتى پارتى تائێستە زیاد لە "8" بیرەنەوت دەست كراوە بە لێدانیان و لەو "24" عەقدەى نەوت كەحكومەتى هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كردونى بۆدەرهێنانى نەوت لەسەدا پەنجاى بەرپارتى دەكەوێت و لەسەدا پەنجاكەى دیشى بەریەكێتى، بۆدوو ساڵى دى هەردوو حزب لەرێگەى ئەو عەقدانەوە دەبنە خاوەنى نەوتى دەرهێنراو، ئەمە جگەلەوەى لەئێستادا ڕۆژانە لەسنوورى خاڵەگومرگەكانەوە بە سەدان بەرمیل نەوتى خاوو نەوتى ڕەش بەشێوەى قاچاخ ئاودیودەكرێت، تازەترین كارى ئاودیوكردنى هەردوو حزب بردنى "4000" هەزار تەن گۆگردى سورشیتە بۆ ئێران لەرێگەى سنوورى باشماخەوە، ئەم گۆگردە لەموسڵەوە لەڕێگەى دوو كۆمپانیاوە دەگوازرێتەوە بۆدیوى ئێران، هەر تەنیشى نرخى"560" دۆلارەو تائێستە زیاد لە "420" تەن ئاودیوكراوەو باقیەكەى دیشى رۆژانە ئاودیو دەكرێت.
 ئەوكاتەى نەوت دێتەبەرهەم و دەچێتە ناو بارزارەكانى جیهانەوە ئیدى ئەو حزبەى بەیەكێك لەحزبە سەرمایەدارەكان تەماشادەكرێت باڵانسى ئابوورى دەچێتە شوێنێكى نادیار، یەكێك لەچاودێرە سیاسیەكان ووتى" ئەگەر كوردستان بەرەو ئازادى بڕوات باوەڕناكەم بۆسەد ساڵى تریش جگە لەپارتى و یەكێتى هیچ هێزێكى دى بتوانێت بچێتەسەردەسەڵات، چونكە لەبوونى دیموكراسیەتدا سەرمایە تاقەدەرگایە بۆبردنەوەى دەسەڵات، پارتى و یەكێتیش دوو حزبن سەرمایەى وڵاتیان بەدەستە، واتە دەسەڵاتیش بەبەردەوامى بۆئەوان دەمێنێـتەوە، كاتى هەڵبژاردنەكان تاقە دەرگاى سەركەوتن خستنەگەرى سەرمایەیە وەختێك سەرمایەش بەدەست دوو حزب بوو واتە سنوقەكانى دەنگدانیش لەبەرژەوەندى ئەواندایە".
 بەپرسێكى سیاسى ووتى" كێشەى شەهرستانى لەگەڵ پارتى و یەكێتى لەسەر دەرهێنانى نەوت نیە، بەڵكو لەسەرئەوەیە ئەو بڕەنەوتەى دەردەهێنرێت بەشێكى كەمى دەچێتەوە بۆبەغداد، چونكە پارتى و یەكێتى برێكى زۆرى نەوتى دەرهێنراویان خستوەتە سەرئەو عەقدانەیان لەگەڵ كۆمپانیاكان كردویانە بۆئەوەى بەشێك لەو ڕیژەیە بۆخۆیان بێت، راستیەكەشى ئەوەیە كۆمپانیاكان ئەو بڕە زۆرە نابەن، بەڵكو ئەو بڕەیە بۆحزبە و بەس بەناوى كۆمپانیاوە كراوە، ئەمەشە نیگەرانى لەبەغداد دروستكردوە" فێڵى كۆكردنەوەى سەرمایە لاى هەردوو حزب گەشتوەتە ئاستێكى سەرنج راكێش، هەموو دەرگاكان تاقى دەكەنەوە تاكو سەرمایەى حزب و كارەكتەركانى حزب زیاد بكات.
 داهاتى ئەو نەوتە بەشێكى زۆر لاوازى بۆخەڵكى كوردستان دەبێت، بەڵكو بەشێكى سەرەكى بۆ بەغدایەو دەچێتەوە خەزێنەى بەغداو لەسەدا 17 بەركوردستان دەكەوێـت، بەشێكیشى بۆحزبەو بەشێكیش بۆ كۆمپایناكانە، لەو سەدا 17 دەبێتە بودجەو جارێكى دى هەردوو حزب بەسەرخۆیاندا دابەشى دەكەن، واتە نەوت دەرهاتن هیچكات نابێـتە هۆى گۆرینى گوزەرانى هاوڵاتیانى كوردستان، ئەمە دەرگایەكە حزب خۆى پێدەكاتە سەرمایەدارى گەورەو بەهۆى داگیركردنى سەرمایەى وڵاتەوە كۆمەڵگە كۆنترۆِل دەكات، شەڕِى حكومەتیش لەتەك بەغدا لەسەر بیرەنەوتەكان شەرى گوزەرانى هاوڵاتیان نیە لەگەڵ بەغداد بەڵكو شەڕى پڕكردنى خەزێنەكانى حزبە، بەپرسێكى ئیدارى ووتى" ئەوەى ئەمڕۆپارتى و یەكێـتى لەگەڵ بەغداد دەیكەن و ناوى دەنێن شەڕى كورد لەمەسەلەى بیرەنەوتەكاندا هیچ پەیوەندى بەژیانى خەڵكەوە نیە، و پەوەندى بەوە هەیە ئەوان هەریەكەو لەسنوورى خۆى دەیەوێت كۆمەڵێك بیرى نەوت هەڵكەنێت و ببێتە داهاتێك بۆحزبەكەى و لەرێگە ئەم داهاتەشەوە لایەنگرى زیاتر لەدەورى خۆى خڕكاتەوە".
 
 ئیحتیكار كردنى بازار لەڕێگەى دەسەڵاتى حزبەوە
 پاش راپەرین یەكەم بەرهەمى پارتى و یەكێتى بۆ بەهێزكردنى سەرمایەى حزبەكانیان دابەشكردنى ئەو كەلوپەلە بەنرخانەبوو دواى دەسەڵاتى بەعس لەكوردستان بەجێمابوو، پارتى لەسنوورى دەسەڵاتى خۆیەوە لەرێگەى فەرماندەكانى خۆیەوە دەستى كرد بەگواستنەوەى ئەو كەلوپەلانەو فرۆشتنیان بەحكومەتى ئێران، پاش ئەمە هەنگاوى گومرگەكان بویە یەكەم خاڵى دەوڵەمەندكردنى سندوقەكانى حزب، شانسى دەوڵەمەنترین بنكەى گومرگى بەرپارتى كەوت كەخاڵى ئیبراهیم خەلیل بوو، ئەمە بویەسەرەتایەك بۆپارتى تابتوانىَ لەرێگەى ئەم خاڵە گومرگانەوە ئابوورى خۆى ببوژێنێتەوە، لەشەرى ناوخۆدا بەهۆى مل ملانێكانى هەردوو حزبەوە زۆرجار پەنایان دەبردە بەردەوڵەتانى دراوسىَ تا هاوكارى ئابوورى و سەربازیان بكات، ئێمە لێرەدا قسەلەسەر خاڵى ئابوورى دەكەین، بەڵام زۆرجار ڕویداوە دەوڵە تێك یارمەتى یەكێك لەم حزبانە بەناوى شەڕەوە بدات و بێتە پاڵپشتێكى ئابوورى حزب، بەپرسێكى حزبى پێى وابوو" پارتى تەنها لەرێگەى گومرگەكانەوە ئابوورى خۆى بەهێزنەكرد، بەڵكو هاوكاریشى لەحكومەتى تەركیاو دەوڵەتەكانى دى وەردەگرت بەبیانووى شەڕەوەو ئاڵوگۆڕى بازرگانیشى لەگەڵ دەكردن، یەكێتیش بەهەمان شێوە لەئێران و شوێنەكانى دى".
 مل ملانێكان گەیشتنە ئاستێك هەردوو حزب دەبێت رێكەوتن بكەن تاجارێكى دى شەڕ ڕونەداتەوە، كەچى لەگەڵ ئەم رێكەوتنەدا هەردوو حزب رێكەوتن تاكو دەسەڵاتى ئابوریش دابەشكەن بەسەر خۆیاندا، ئێستا ئابوورى سنوورى پارتى لەژێردەسەڵاتیدایەو سنوورى یەكێتیش بەهەمان شێوە لەژێردەسەڵاتى حزبێكدایە.
 سنوورى پارتى حزب تاقە بریاردەرى یەكەمە بۆ بازارو جەمسەرەكانى دى دەرەوەى بازار، بەبىَ هەڵكردنى گڵۆپى سەوزى پارتى زەحمەتە سەرمایەدارێك بتوانێت بازار كۆنترۆل بكات بۆخۆى، ئەوانەى لەدەرەوەى پارتین بەدیوێك لەدیوەكان بەشێكن لەپارتى، ئەگینا ناتوانن بێنە ناوگەمەى سەرمایەداریەوە، تەنها كۆمپانیاو كارگەكان نین پێكهاتەى هێزى حزب لەپشتیان بێت، ئەو كارەكتەرانەى كەخاوەنى كۆمپانیاكانن خۆیان خولقێنەرى حزبن، گەر لێرەو لەوىَ سەرمایەدارێك یان كۆمپانیایەك بێتە ناوبازارەكەوە تەنها شەرعیەت دانە بە بوونى بازارى ئازاد ئەگینا باوەڕ بوون نیە بەهاتنى كەرتى تایبەت، وەختێكیش حزب بڕیارى دا كەرتى تایبەت بكاتە لوتكەى كارەكان و پرۆژەكانى حكومەت، ئەوكاتە حزب زەمینەیەكى بۆكارەكتەركانى خۆى ساز دابوو لەرێگەى كەرتى تایبەتەوە بچنە ناوبازارەكان، بەبىَ سازدانى ئەم زەمینەیە هەرگیز ئامادە نەدەبوو رێگە بەم حاڵەتەبدات، كاتێك دەستى كرد بەم بیركردنەوەیە ئیدى دڵنیابوو هاتنى كەرتى تایبەت واتە دیسان گەرانەوەى حزب لەرێگەى وێنەیەكى دیەوە بۆناو خەڵك و بازاڕ، واتە وزەدان بەحزب، واتە خستەگەرى دینەمۆى حزب لەرێگەى بازاڕەوە.
 یەكێك لەچاودێرەكانى ئابوورى پێى ووتم" بازارى ئێستاى كوردستان بازارى حزبە، نەك بازارێك بێت ئازاد بەو مانایەى ئیدیعاى بۆدەكەن، ئەوەى هەیە لەژێردەسەڵاتى حزبدایە، حكومەت برێك جار مل ملانىَ دەكات بۆجیاكردنەوەى ئەم بازارە بەڵام سەرناكەوێت، هاتنى سەرمایەى بیانى بۆناو كوردستان یەكێكە لەو مل ملانێیانەى حكومەت كەلەگەڵ سەرمایەى حزبدا دەیكات" بەڵام لەپشت ئەم باوەڕەوە تێگەیشتنێكى دى هەیە، ئەویش ئەوەیە حكومەت بەشێكى دانەبڕاوى جەستەى حزبە، ئەوە حكومەت نیە وڵات بەرێوەدەبات، بەڵكو عەقڵآ حزبە حكومەتیش بەرێوەدەبات، هەر پەلهاویشتنێكى حكومەتیش بۆهێنانى سەرمایەى بیانى واتە كردنەوەى دەرگایەكى دى سەرمایە بەڕوى كۆمپانیاكانى حزبدا، كێشەى حكومەت هێشتا ئەوەیە لەناو هۆڵەكانى حزبەوە ئاراستەدەكرێت و بەشێكى دابڕاو نیە لەڕوى ئیداریەوە لەجەستەى حزب بۆیە هەرهەنگاوێكى حكومەت خەونێكى حزب دێنێتە دى.
  لەسنوورى دەسەڵاتى پارتیدائیدى زەویەك نەماوەتەوە بۆنەوەكانى ئایندە وەك پاداشت پێیان بدرێت، ئەو زەویانەى هەبوون دابەشكران بەسەر هەواداران و بەپرسانى پارتیدا، بودجە بەشێكى سەرەكى بەدەست پارتیە، بڕێكى زۆرى كۆمپانیاكان هى پارتى و كارەكتەرەكانى ناو پارتین، ئیدارەى شار لەلایەن پارتیەوە بەرێوەدەچێت، كارگەكانى حكومەت لەڕێگەى كەرتى تایبەتەوە بوونە هى دۆستانى حزب، خاڵەسنوریەكان بەدەست هێزەكانى پارتیەوەن، تەندەركانى حكومەت لەو شێوینانەوە دەردەچین حزب بەرێوەیان دەبات، ئەو بازارەى لەكوردستاندا هەیە بازارێك نیە جێگەى ئومێدى ئابوورى ناسان بێت، هەڵاوسانێكى زۆر ڕوى لەبازارەكانى كوردستان كردوە، ئاستى سەرمایەى بەرپرسان و خاوەن كۆمپانیاكانى حزب و دەرەوەى حزب روِلەزیاد بوونەو ئاستى گوزەرانى خەڵكیش بەرەو خاڵى نائومێدى تێدەپەڕێت، یاسایەك نیە بۆ كۆنترۆڵكۆردنى بازارو حزبیش بەخۆى و كەسەكانیەوە كەوتوتە سەرئەو جەستەدەوڵەمەندەى ناوى كوردستانەو بەناوى بازارى ئازادەوە خەزێنەكانى خۆى پڕدەكات، ئەوەى ماوە بیڵێن ئەم راپۆرتە درزێكە بۆبینینى قەترەیەك لەسەرمایەى پارتى نەك هەوڵێك بێت بۆكەشفركدنى سەرجەم ئابوورى ئەو حزبە.
 
Nabaz.goran@yahoo.com
 


737 جار بینراوه‌