هاشم بازرگان:
له سیاسه‌تبازانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین (ده‌ڤه‌ری شێتخانه‌ی سیاسی و دینی و کۆمه‌ڵگایی!) دوو که‌سایه‌تی زۆر به‌ناوبانگن به سیاسه‌تکردن له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندیی که‌سه‌کی و موجامه‌له و براده‌ری و ئامێزکردنه‌وه و ماچومۆچ: یه‌که‌میان یاسر عه‌ره‌فاتی فه‌له‌ستینی ماڵئاواکردوو له ژیان و هه‌روه‌ها جه‌لال تاله‌بانی سه‌رکۆماری ئێستای عیراقی عروبه و ئیسلام. که‌س به ئه‌ندازه‌ی یاسر عه‌ره‌فات سیاسه‌تبازان و سه‌رکرده‌کانی جیهانی نه‌بینی و گفتوگۆی له‌گه‌ڵیان نه‌کرد. هه‌میشه به‌بێ هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌ک ده‌ستی ده‌کرد به ماچکردنیان به‌شێوه‌یه‌ک که تاکی ماچکراو زۆر جار شه‌رمه‌زار ده‌بوو؛ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر نا‌وبراو عه‌ره‌ب یان موسڵمان نه‌بوایه! بێگومان پیاو که کاتێ دیارده‌یه‌کی وه‌ها شیته‌ڵده‌کات، ده‌بێت ئه‌و دابونه‌ریته ڕه‌چاوکات که ئاسایین و په‌سه‌نکراون له سیاسه‌تی نێوده‌وله‌تیدا. که ئه‌م کاره‌ش ده‌که‌ی ده‌بینی نا‌وبراو زیاده‌ڕۆییه‌کی له ڕاده‌به‌ری به‌رپاکردووه له په‌یوه‌ندییه‌کانی. ته‌نانه‌ت حیسابی نه‌کردووه بۆ که‌سایه‌تیی ئه‌وانه‌ی ماچیانی کردووه ئایا دۆستن یا دوژمن، ئایا هه‌ڵوێستیان باشه یا نا له‌مه‌ڕ کێشه‌ی فه‌له‌ستین، ئایا ماچکراوه‌کان دیموکراتخوازن و ئاشتیخوازن یاخود دکتاکۆر و دڕنده‌ن! به‌م شێوه‌یه دۆ و دۆشاوی تێکه‌ڵکدووه و سه‌ری له گه‌له‌که‌ی و جیهان شێواندووه! سیاسه‌ت به‌م شێوازه خێڵه‌کییه و بیابانئاساییه بێ ئه‌نجام و بێ به‌رهه‌م ده‌بێ. که‌س به قه‌د عه‌ره‌فات گه‌شتی نه‌کرد و ده‌سه‌ڵاتداری نه‌بین و دانشتنی نه‌کرد له‌گه‌ڵیانا، به‌ڵام چ سوودێکی هه‌بوو بۆ فه‌له‌ستین و گه‌له لێقه‌وماوه‌که‌ی؛ مه‌گه‌ر ته‌نێ هه‌ندێ وشه‌ی جوانی ڕواڵه‌تبازانه و به‌ڵێندانی به‌تاڵ و هاوکاریکردنی زاره‌کی! نزیکه‌ی 50 ساڵ نا‌وبراو سه‌رقاڵی ئه‌م جۆره سیاسه‌ته بوو تا مرد و گه‌له‌که‌شی هه‌ر له شوێن خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر له دۆخێکی خه‌راپتر نه‌بێت.
سیاسه‌ت په‌یوه‌ندی و ململانێ و خه‌باتگێڕانه له نێوان چه‌ند هێزێک؛ نه‌ک له نێوان چه‌ند تاکێک و چه‌ند گروپێکی لاواز و ناسه‌ر‌به‌خۆ. ئه‌وه‌ی هێزی نه‌بێ ئه‌وا ده‌بێته به‌ردی دامه یان بزماری ته‌خته‌ته‌رمی خۆی یان مه‌یدانی ململانێ و گاڵته‌جاریی هێزداره‌کان! جا با کێشه‌که‌تیش ڕه‌وابێ و جێگای ڕێز و شایه‌نی هاوکاری و په‌سه‌ندکردن بێت له لایه‌ن هه‌موو جیهانیشه‌وه.
سیاسه‌تی نا‌وبراو سوودبه‌خش ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی بۆ خودی سیاسه‌تباز نه‌کوو بۆ کێشه‌که یان خاوه‌ن کێشه‌که که ئه‌ویش گه‌له. به‌ڵام ئه‌م سووده‌ش له‌سه‌ر حیسابی شکۆمه‌ندیی تاکی سیاسه‌تباز ده‌بێ ئه‌گه‌ر نا‌وبراو ڕێزدار بێت و خاوه‌ن که‌رامه‌تی ڕاسته‌قینه بێت! هه‌ر چۆنێ بێ عه‌ره‌فات دوودڵی نه‌کرد له‌مه‌ڕ ئامانجی سه‌ره‌کی گه‌له‌که‌ی که بریتییه له سه‌ربه‌خۆیی و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین. ئه‌مه‌ش شایه‌نی باسه ئه‌گه‌ر شایه‌نی ستایشیش نه‌بێت!
جه‌لال تاله‌بانی هه‌مان کاری کردووه به‌ڵام به جیاوازییه‌کی گه‌وره‌وه. تاله‌بانی مه‌یدانی سیاسه‌تکردنی گواستووه‌ته له خاکی کوردستانه‌وه بۆ خاکی داگیرکه‌ران و به‌تایبه‌تی پایته‌خته‌کانی ئه‌وانگه‌ل! هه‌میشه ده‌ڵێی خاوه‌ن مافووری باڵدار بووه و به‌سه‌ر خاک و ئاسمانی کوردستان په‌ڕواته‌وه و یه‌کسه‌ر بۆ ته‌هران و به‌غدا و دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره! جا بینراوه له مێژووی جیهان، تاکێ به‌م شێوه‌یه سیاسه‌ت بکات و هاوکات نیشتمانه‌که‌ی یاخود گه‌له‌که‌ی سوودمه‌ند بێ له سایه‌یه‌وه؟ بێگومان هه‌ر چوار دوژمنه ڕه‌گه‌زپه‌رستکه سوودمه‌ند بوونه له نا‌وبراو و به‌کاریان هێناوه بۆ مه‌به‌سته‌کانی خۆیان وسه‌رکه‌وتووش بوونه له هه‌موو گه‌مه سیاسییه‌کانیان. تاله‌بانیش سوودمه‌ند بووه به‌وه‌ی که تاکوو ئێستا ماوه‌ته‌وه و بووه به سه‌رکۆماری عیراق. به‌ڵام له‌سه‌ر حیسابی کورد و کوردستان. ئه‌وه‌تا ده‌یبینی چۆن خولیای یه‌کێتیی خاکی عیراقه و سه‌رقاڵی ئاشته‌وه‌انیی نێشتمانییه له نێوان تیره جیاوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای عیراقی شڕمبڕم! ته‌نانه‌ت چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وه‌به‌ر له دیدارێکی ته‌له‌فیزیۆنیدا، باسی ئه‌وه‌ی کرد که چلۆن دوو مه‌رجی هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به سه‌رکۆماری عیراق. یه‌که‌م مه‌رجی ئه‌وه‌بووه که به‌رگی کوردی داکه‌نێ و به‌رگی عیراقی بکاته به‌ری! ئه‌و وشه‌ی "مه‌لائه" ی به‌کارهێنا چونکه دیداره‌که به عه‌ره‌بی بوو. کاتێک که دووپاتی ئه‌م گوته‌یه‌ی کرده‌وه (وابزانم بۆ په‌سه‌نکردن بوو) وتی به‌رگی عه‌ره‌بی به‌ڵام یه‌کسه‌ر دوای ئه‌مه وتی عیراقی. ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که زمان زۆرجار ناتوانێ درۆبکات (چونکه به‌ستراوه به نه‌سته‌وه) هه‌موو ده‌زانین که به‌رگی عیراقی به‌رگێکی عه‌ره‌بییه به‌ڵکوو که باسی که‌له‌پووری عیراقی ده‌کرێت مه‌به‌ست هه‌ر که‌له‌پووری عه‌ربییه!). هه‌ر وه‌کوو بڵێی برا عاره‌به‌کان داوایان لێکردبێ که ده‌بێ جاربه‌جاریش به‌رگی کوردیش له‌به‌رکات! وابزانم که ده‌ڕ‌ۆیی بۆ لای سه‌ددام، ئه‌و پێی ده‌گوت که به‌رگی کوردی له‌به‌رکات بۆ ئه‌وه‌ی به کورد بڵێ فه‌رموو ئه‌وه سه‌رکرده‌که‌تان چۆن سازشتی کردووه و هاتووه بۆ لام ئاره‌زوومه‌ندانه و به جلکی کوردییه‌وه! دواجا چی تیایه ئه‌گه‌ر به‌رگی کوردی له‌به‌ر که‌ی مه‌گه‌ر تۆ ناڵێێ کورد و عه‌ره‌ب بران و ئه‌مڕۆ هاومافن له عیراقی نوێ‌دا. بۆ به بۆچوونی خۆت کورد عیراقییه‌کی ڕه‌سه‌ن نییه و مافدار نییه. جا که واتا با به‌رگی کوردی له‌به‌رکه‌یت وه‌کوو کوردێکی عیراقی! به‌ڵام کێشه‌که به‌م شێوه‌یه نییه. به‌ڵکوو ئه‌و له‌و ڕۆژه‌وه که بووته سه‌رکۆمار بووته عیراقییه‌کی ره‌ها و پوخته و سازگار! ده‌تاونین بڵێین بووه‌ته موسته‌عریب! مه‌گه‌ر دیوانه‌که‌ی جه‌واهیری لای سه‌ریه‌وه نییه - له‌بری دیوانی ئه‌حمه‌دی خانی یاخود پیره‌مێرد – مه‌گه‌ر نه‌یگوت ئه‌و به عه‌ره‌بی باشتر بیروڕای ده‌ره‌بڕێت نه‌ک به کوردی و زمانی عه‌ره‌بی پیرۆزه چونکه زمانی قورئانه! باشه ئه‌ی زمانی کوردی؟ نه‌خێر ئه‌مه‌یان ناپیرۆزه! ئه‌م جۆره قسانه هی نه‌ته‌وه‌خواز و ئیسلامخوازه‌کانی عه‌ربه نه‌کوو هی کوردێک!
ئاوها تاله‌بانی ئه‌م ڕێبازه‌ی به‌کارهێناوه (واتا سیاسه‌تی ماستاسوساردکردنه‌وه و مامه‌حه‌مه‌یی و موجامه‌له و شتی تر) بۆ ئه‌وه‌ی بگات به ئاواته‌کانی خۆی که لووتکه‌که‌یان ئه‌وه بوو که بوو به سه‌رکۆماری عیراق؛ پیرۆزه!
ئه‌م هه‌موو شتانه‌ی سه‌ره‌وه‌م باسکرد نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ری خوێنه‌ری به‌ڕێز بێنمه ئێش، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر خاڵی مه‌به‌ست. له‌م ڕۆژانه تاله‌بانی ته‌وقه‌ی کرد له‌گه‌ڵ یاهود باراکی جوو. ئه‌وه بوو که بوو به گه‌رده‌لوول و ته‌پوتۆز له نێو برا عاره‌به‌کانی ناوبراودا که هه‌موویان (واتا گله‌ییکه‌ران و ڕه‌خنه‌گران و تووڕه‌بووان) نه‌ته‌وه‌خواز و نه‌ته‌وه‌په‌رست و ئیسلامخوازن). زوو سه‌رۆکایه‌تیی عیراق له ترسا به‌یانی ده‌رکرد گوایا ئه‌م کاره وه‌ک سه‌رکۆمار ئه‌نجام نه‌دراوه به‌ڵکوو وه‌ک سکرتێری گشتی یه‌کێتی! یاخود وه‌ک کوردێک نه‌ک عه‌ره‌بێک! واتای ئه‌مه ئه‌وه‌یه که تاله‌بانی ده‌زانێ پیاو نابێ له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌س ته‌وقه بکات چونکه ده‌بێ حیساب بکرێت بۆ هه‌ست و که‌رامه‌تی جه‌ماوه‌ر و گه‌ل و هێزه سیاسییه‌کان. باشه ئه‌ی ته‌وقه و ماچومۆچ و لێسانه‌وه و شتی تریش که کردوویه‌تی و ده‌یکات له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران و دوژمنه مێژوویییه‌کانی کورد و کوردستان؟ باشه ئه‌گه‌ر ته‌وقه‌کردنێ له بۆنه‌یه‌کی ئاسایی‌دا هه‌ڵه و به‌د و ناپه‌سه‌ند بێ، ئه‌ی ماچومۆچ و ستایش‌کردن و باوه‌شکردن به دڕنده‌یه‌کی وه‌ک سه‌ددام حوسێن چی بێت؟ باراک له چاو سه‌ددام هیچی نه‌کردووه له فه‌له‌ستنییه‌کان به‌ڵام تاله‌بانی ڕێزی هه‌یه بۆ برا عیراقییه‌کان و برا عه‌ره‌به‌کانی به‌ڵام گه‌رێبێ چی هه‌بێ بۆ خوێنی شه‌هیدان، بۆ 000 182 ئه‌نفالکراو و بۆ 5000 دێی کاولکراو و بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی ئه‌تککراو؟ به مه‌رجێک ماچکردنی سه‌ددام (نه‌ک هه‌ر ته‌وقه‌کردن) له بۆنه‌یه‌کی ئاسایی‌دا نه‌بوو به‌ڵکوو بانگکرابوو له‌لایه‌ن سه‌ددامه‌وه یاخود خۆی هه‌وڵی دابوو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته یاخود داگیرکه‌رێکی تر فه‌رمانی پێدابوو بۆ ئه‌وه‌ی بروا بۆ لای ( ئه‌مه له ساڵی 1991 دا بوو، سه‌ددام له‌وپه‌ڕی لاوازی و نابووتی دابوو و هه‌موو جیهان دژی بوو). به‌ڵام کاردانه‌وه‌ی گه‌لی کورد چی بوو بۆ ئه‌م کاره قێزه‌وه‌نه؟ وه‌ڵامه‌که‌ی له هه‌گبه‌که‌ی سیاسه‌تبازیی کوردی دایه که سیاسه‌ت کراوه به جامبازی و سوودمه‌ندیی که‌سه‌کیو گه‌لیش و نیشتمانیش به کوتاڵ و کاڵا و که‌رسته!
به هه‌مان شێوه و به‌بێ ڕێزگرتن له 40 ملیۆن کورد ده‌ڕوا بۆ تورکیا و بۆ ئێران و بۆ سوریا – چ ئه‌مڕۆ و چ له ڕابووردوودا –ده‌سه‌کات به ماچکردنی ڕه‌گه‌زپه‌رستگه‌لێکی بۆگه‌ن و نامرۆڤ وه‌ک سله‌یمان ده‌میڕال و عه‌بدولله گوڵ و ره‌جه‌ب ئۆردۆغان و سه‌رکۆماری ئێران ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی و ئه‌وانی تر. ئه‌مه‌ش هه‌مووی هه‌ر زه‌ره‌ر‌مه‌نده بۆ کورد و سوودبه‌خشیشه بۆ خۆی به‌ڵام به چ نرخێک و به چ پاساوێک، ئه‌مه‌یان ده‌بێ تاله‌بانی و یاوه‌ره‌کا‌نی یاخود مورید و ده‌روێشه‌کانی وه‌ڵامی بده‌نه‌وه.